Başar Bayatlı
13 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرکۆماری تورکیا، فوئاد ئۆکتای رایگەیاند، وڵاتەکەی ناتوانێت گڵۆپی سەوز بۆ ئەندامێتی سوید لە ناتۆ هەڵبکات لە کاتێکدا ستۆکهۆڵم رێگە بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و لایەنگرانیان دەدات بەبیانووی دیموکراتی لەسەر خاکەکەی چالاکی جۆراوجۆر لە دژی تورکیا ئەنجام بدەن.
فوئاد ئۆکتای لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "ئا هەبەر"ی تورکی رایگەیاند، "ناتوانین لێبووردە بین لەگەڵ رێگەپێدانی ستۆکهۆڵم بەو چالاکییانەی کە ئەندام و لایەنگرانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەژێر ناوی دیموکراسی ئەنجامی دەدەن، هاوکات ناتوانین گڵۆپی سەوز بۆ ئەندامێتی سوید لە ناتۆ هەڵبکەین، دەبێت سوید لەمە تێبگات".
جێگری سەرکۆماری تورکیا جەختی لەوەشکردەوە کە سوید تاکو ئەمڕۆ پابەندی ئەو بەڵێنانە نەبووە کە لە رێکەوتنی سێقۆڵیدا داوییەتی، هاوکات لە جیدییەتی تورکیا نەگەیشتووە.
فوئاد ئۆکتای بە جەختکردنەوە لەوەی کە سوید بەردەوامە لە لەخۆگرتنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، رایگەیاند "هەربۆیە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ جگە لە خەون هیچی دیکە نابێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە تورکیا لیستێکی لەبارەی رادەستکردنەوەی تیرۆریستان بە وڵاتەکەی رادەستی وڵاتە پەیوەندارەکان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ تیرۆریستێکی هاتوو لەو لیستانەدا رادەستی تورکیا نەکراوەنەتەوە.
ئۆکتای جەختی لەوەشکردەوە کە ئەوان چاوەڕوانیان لە سوید و فینلاند ئەوەیە پابەندی ناوەڕۆکی ئەو بەڵێننامە سێقۆڵییە ببن کە لەگەڵ وڵاتەکەیدا لەسەری رێککەوتوون.
جێگری سەرکۆماری تورکیا راشیگەیاند کە وڵاتەکەی چاوەڕوانی ئەوە لە حکوومەتی سوید دەکات کە نەک تەنها ستۆکهۆڵم بەڵکو سەرجەم شەقامەکانی سوید لە تیرۆر پاک بکاتەوە و کۆتایی بە سەرجەم چالاکییە تیرۆریستییەکانی دژبە تورکیا بهێنێت.
رۆژی پێنجشەممە ژمارەیەک لە لایەنگرانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/یەپەگە لە بەردەم باڵەخانەی مێژوویی شارەوانی لە ستۆکهۆڵم پایتەختی سوید گردببوونەوە و شتێکیان کە نزیک لە شێوەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دروست کردبوو بە ستوونی بەردەم باڵەخانەکەدا هەڵواسیبوو، ئەم گرتەیەیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە.
گرتە ڤیدیۆییەکە کە لە هەژمارەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی سەر بەو رێکخراوە تیرۆریستییەدا بڵاوکرابوونەوە، بە ژێرنووسی تورکی سەرکۆماری توركیا، بە ئامانج گیرابوو و هەڕەشەی لێ کرابوو.
هەر هەمان رۆژ باڵیۆزی سوید لە ئەنقەرە، ستافان هێرسترۆم بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کرا و ناڕەزایەتیی تورکیای سهبارهت بانگەشەکانی لایهنگرانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە دژی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ستۆكهۆڵمی پایتەخت پێگهیهندرا.