لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، مەیدانی فرۆشتنی ئاژەڵان لە هەرێمی کوردستان بازاڕیان گەرمتر دەبێت و ھاووڵاتیان بۆ کڕینی ئاژەڵی قوربانی، ڕوو لە بازاڕەکان دەکەن.
لەو ڕۆژانەدا جۆرە جیاوازەکانی مەڕ، مانگا و بزن بەردەست دەبن و نرخ و قەبارە و تەندروستیی ئاژەڵەکان جێگای سەرنجی خەڵک دەبن. فرۆشیارانیش دەڵێن ھەموو ساڵێک لە نزیک جەژن دا داواکاریی بۆ کڕینی ئاژەڵان زیاد دەبن.
جەژنی قوربان تەنھا بۆنەیەکی ئایینی نییە، بەڵکو ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی و مرۆییشە کە ھاوکاریی نێوان خەڵک زیاد دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، کاربەدەستان داوادەکەن ھاووڵاتیان کاتێک ئاژەڵ دەکڕن گرنگی بە تەندروستی و پاکیی ئاژەڵەکان بدەن و له شوێنه فهرمییهكان سهربڕینیان بۆ ئهنجام بدهن، بۆ ئەوەی قوربانییەکی تەندروست و گونجاو ئەنجام بدرێت.
ئەوانەی کڕین و فرۆشتن بە ئاژەڵەوە دەکەن، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاژەڵەکان زیاتر لە ئێرانەوە ھاوردەی ھەرێم دەکرێن و گلەییش لە نەبوونی جێگا و پاڵپشتییەکانی حکوومەت دەکەن کە بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی بەخێوکردنی ئاژەڵی خۆماڵی.
ئاژەڵفرۆش، مەغدید سلێمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئاژەڵەکان زیاتر لە ئێرانەوە ھاوردە دەکرێن و ئاژەڵی خۆماڵی کەمە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە پاڵپشتییکردنی ئاژەڵدار نییە و خەڵک شوێنی ڕاگرتنی ئاژەڵی نییە، ھەروەھا ئێستا ئەگەر ئۆتۆمبێلێک چەند سەر ئاژەڵێکی تێدابێت، ئەوا لە بازگەکان گرفتی بۆ دروست دەکرێت، بۆیە ئاژەڵی ھاوردە بێ سەر ئێشەترە".
لەبارەی نرخەکانیشەوە، مەغدید سلێمانی گوتی: "زیاتر جۆری گۆلک و بەران خواستی لەسەرە، گۆلک کیلۆی بە ھەشت ھەزار و بەران کیلۆی بە دە ھەزار دینارە، پار ساڵ کەمێک ھەرزانتر بوو، ھۆکاری گرانبوونەکەی ئەمساڵیش ئەوەیە کە ئێستا بە گشتی بەس لە سنووری سووریا - عێڕاق بەشێوەیەکی ئاسایی و فەرمی، ئاژەڵ ھاوردە دەکرێت ئەگەرنا ئەوەی ئێران بە قاچاغ دێت، ئەوەی سووریاش ئەمساڵ زیاتر بۆ سعوودیە و ئیماڕات دەچێت و بەھۆیەوە نرخی گران بووە".
ئاژەڵدارێکی دیکە ڕایدەگەیەنێت ئەگەرچی ماوەی چەند ساڵە لەم شوێنە کار مامەڵە دەکات بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە ھەفتەیەک بەر لە جەژن مامەڵەکانی ڕادەگرێت و وەک خۆی دەڵێت نامەوێت شەرمەزاری ئەوانەبم کە متمانەم پێ دەکەن.
ئاژەڵدار، تەحسین نادر لەبارەی ئامادەکارییەکانی ئەمساڵ بۆ قوربانییکردن، گوتی: "وەک ھەموو ساڵێک سەرجەم جۆرەکانی ئاژەڵ لێرە بەردەستن، وەک ڕەشەوڵاغ و جوانەگا، مەڕ و بزن، زۆربەیان خۆماڵییە و ئەوانی دیکە لە ئێرانەوە ھاوردە دەکرێن و نرخەکانیش لە یەکتر نزیکن بەڵام ئەوانەی ناوخۆ بەشی پێداویستی ناکات ھەر بۆیەش لە ئێران و سووریا ئاژەڵ ھاوردە دەکرێت".
لەبارەی نرخەکانیشەوە، تەحسین نادر گوتی: "من ھەفتەیەک بەر لە قوربان مامەڵەکان ڕادەگرم بەھۆی ئەوەی بەر لە جەژنەکان نرخی ھەموو کەلوپەل و کاڵاکان بەرز دەبنەوە، ئاژەڵیش وەک پێداویستییەکی جەژن نرخەکانی کەمێک گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بۆ ئەوەی منیش شەرمەزاری ئەوانە نەبم کە ئاژەڵم لێ دەکڕن بۆیە ئەم چەند ڕۆژە مامەڵەکانم ڕادەگرم تا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە".
تەحسین نادر گوتیشی: "پێش قوربان نرخی یەک کیلۆ گۆشتی کاوڕ ھەتا ٩ ھەزار و ٧٠٠ دیناربوو، ھەروەھا بەرخی ئەمساڵ ٩ ھەزار و ٥٠٠ دینار بوو، بەڵام ئەوەی نیەتی قوربانییکردن بێت بە چەند ھەزارێک گرانتر نابێت خۆی لە خێری قوربانییکردنەکە بێبەش بکات".
سەبارەت بە نەخۆشی و تای خوێنبەربوونیش، تەحسین نادر گوتی: "لە ساڵانی ڕابردووەوە تا ئێستا ھیچ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لێرە تۆمار نەکراوە، ئەگەر ھەر لایەنێک باسی ئەم نەخۆشییە دەکەن، با بچن سنوورەکان کۆنتڕۆڵ بکەن، ئەگەرنا لێرە ھیچ شتێکی وا نییە".
پێشتریش بهڕێوهبهری بهڕێوهبهرایهتی گۆشتگهی هاوچهرخی ههولێر، ههڵمهت ههمزه بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو به پێویستی زانی كه ئاژهڵهكان له گۆشتگه سهر ببڕدرێن چونكه ههم پشكنینه تهندروستییهكانی بۆ دهكرێت و ههم تێچووی سهربڕینهكهشی كهمتره بهراورد به دهرهوه''.
مەرجی ئەو ئاژەڵانەی بۆ قوربانییکردن دەشێن، ئەگەر ئاژەڵەکە حوشتر بوو نابێت تەمەنی لە پێنج ساڵ کەمتر بێت، ئەگەر مانگا بوو نابێت کەمتر لە دوو ساڵانە بێت، ئەگەر بزن بوو نابێت تەمەنی لە یەک ساڵ کەمتر بێت، ئەگەر مەڕیش بوو پێویستە تەمەنی لە سەروو شەش مانگییەوە بێت، ھەروەھا پێویستە ئاژەڵەکە ساغ بێت، ھەروەک پێغەمبەر(د.خ) فەرموویەتی: ''چوار پۆل ئاژەڵ بۆ قوربانییکردن ناشێن، کوێر، نەخۆش، شەل کە ھەموو ئەوانە بە ئاژەڵەکەوە دیار بێت، ھەروەھا ئەو ئاژەڵەش نابێت کە لەڕ و لاوازە''.