ههولێر
یاساكە چوار ساڵە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، ئێستا دەیانەوێت هەمواری بكەنەوە، چونكە هەموولایەكیان پێیانوایە كۆمەڵگا و خێزان بەراورد بە ساڵانی پێشتر پێویستی بە یاسای گونجاتر هەیە.
لیژنەی كاروباری ئافرەتان، بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە وەزارەتی نێوخۆی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ چەند رێكخراوێكی پەیوەندیدار بە خێزان و كۆمەڵگا دەیانەوێت، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی كوردستان، كە پەرلەمانی كوردستان لە 21.6.2011 دەری چواندووە، هەمواری بكەنەوە.
رۆژی یەكشەممە لە پەرلەمانی كوردستان، لیژنەی كاروباری داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ئامادەبوونی سەرجەم بەرێوەبەرایەتیەكانی پەیوەندیدار بە توندوتیژی خێزانی و ئافرەتان و رێكخراوی میری و ژمارەیەك لە چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی چۆنیەتی هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیان تاوتوێكرد.
سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان، ئێڤار ئیبراهیم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یاسای توندوتیژی خێزانی لەساڵی 2011 دەرچووە، پێمانوایە یاساكە هەندێ لە بڕگە و ماددەكانی لەگەڵ واقیعی ئێستای كۆمەڵگادا ناگونجێت بۆیە بەپێویستمانزانی بەهاوكاری رێكخراوی مێری و چەند رێكخراوێكی تری كۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان، هەروەها ئەو جێگایانەی پەیوەندیدارن بە پرسی خێزان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بۆ ئەوەی لە داهاتوودا كۆنفرانسێكی گرنگ ئەنجام بدەین، بگەینە ئەنجامێك چۆن وابكەین، كە یاساكە هەموار بكرێتەوە".
گوتیشی: "هەوڵ دەدەین، لەخولی چواری پەرلەمان یاساكە هەموار بكرێتەوە لە ئێستادا دەزگای مێری پرۆژەیەك و وەزارەتی نێوخۆ و رێكخراوی هاریكاری رەشنووسێكیان هەیە دەمانەوێت رەشنووسێكی گونجاو بنووسینەوە و ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی بكەین".
سەبارەت بە جێبەجێكردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "یاساكە جێبەجێ كراوە".
گوتیشی "راستە یاساكە جێبەجێ كراوە، بەڵام رەنگە لە هەندێ ماددە ناكۆكی هەبێت لەگەڵ رەوشی ئێستای كۆمەڵگا بۆیە دەمانەوێت ئەو كەموكوڕیانە لەكاتی هەمواركردنەوەی یاساكە نەهێڵدرێت".
ئێڤار ئیراهیم نموونەی ماددەی پێنج لە یاسای ژمارە هەشتی 2011 هێنایەوە، كە باس لە لیژنەی ئاشتەوایی خێزان دەكات، جیاوازی هەیە لە نێوان هەولێر و سلێمانی و دهۆك چونكە لە سلێمانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ئەندامن، لە لیژنەی ئاشتەوایی لە هەولێر دامودەزگاكانی هەولێر ئەندامن لە لیژنەی ئاشتەوایی لە دهۆكیش سەنتەری راوێژكاری ئەندامە بۆیە "دەمانەوێت یەك لایەنی دیاریكراو هەڵسێت، بەم پرسە و بەبێ جیاوازی كارەكان بكرێت.
بەڕێوەبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، كوردە عومەر كە بەرێوەبەرایەتیەكەیان سەر بە وەزارەتی نێوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە باس لەوە دەكات، تەنیا ئەوان نین وەكو وەزارەتی ناوخۆ داوای هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دەكەن.
كوردە عومەر گوتی: "بەهەموومانەوە دەمانەوێت، یاسایەكی باشترمان هەبێت، بۆ ئەوەی كەموكوڕییەكان چارەسەر بكەین".
سەبارەت بە رێژەی توندوتیژی لەنێو خێزانەكاندا، كوردە عومەر گوتی: "هەموو جۆرەكانی توندوتیژی تۆمار دەكرێن، رێژەی توندوتیژیەكان و خۆكوشتن و خۆسووتاندن لەنێو ئافرەتان ساڵانە بەرێژەی سەدا پێنج دادەبەزێت، بەڵام سكاڵای ئافرەتان لەدژی خزم و كەسوكاری دەوروپشت سەدا بیست ساڵانە بەرزدەبێتەوە، ئەوەی جێگای دڵخۆشیە خەڵكی سكاڵاكار ئێستا باشتر دێتە پێش لەجیاتی ئەوەی خۆی بكوژێت یان خۆی بسوتێنێت".