Muhammet Ali Kemal
13 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2017
مەکسیک- AA
لە 20 شاری جیاوازی مەکسیک خۆپیشاندەران بەئاڵای وڵاتەکەیانەوە رژانە سەر شەقامەکان و داوایان کرد سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رێز لە گەلی مەکسیک بگرێت، درووشمی ''مەکسیک هەرگیز نادۆڕێ'' و ''برۆ، ون بە ترەمپ''یان گوتەوە.
خۆپیشاندەران داوایان کرد سەرۆکی مەکسیک، ئێنریکێ پێنا نیێتۆ گەلی وڵاتەکەی لەبەرامبەر ئیدارەی نوێی ئەمریکادا بپارێزێت و سەرکۆنەی پرۆژەکانی ترەمپ-یان سەبارەت بەدرووستکردنی دیوار لەسەر سنووری مەکسیک و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران کرد.
یەکێک لە خۆپیشاندەران، پارێزەرێک بوو بەناوی ئێمیلیانۆ مۆنتێس دێ ئۆکا لە گوتەیەکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، رایگەیاند ''ئێمە بەمەبەستی سەرکۆنەکردنی خواستی دۆناڵد ترەمپ بۆ درووستکردنی دیوار لەسەر سنووری مەکسیک و بۆ پشتیوانییکردن لەو مەکسیکییانەی لە ئەمریکا کاردەکەن، لێرەین''.
خۆپیشاندانەکان کە بەئاراستەکردن لەلایەن هیچ پارتێکی سیاسییییەوە نا بەڵکو بەهەوڵی 80 رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی سازکرابوو، بێ ئەوەی هیچ رووداوێکی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە، کۆتایی هات.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دوای تەنها 5 رۆژ لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی لە 20ی کانوونی دووەمدا، هەریەک لە بڕیارنامەکانی ''رێگرییکردن لە کۆچی نایاسایی'' و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی سەر سنوور'' کە رێگە لەبەردەم درووستکردنی دیوارێکدا لەسەر سنووری نێوان وڵاتەکەی و مەکسیک خۆشدەکات، واژوو کردبوو.