Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
13 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر AA
بەرێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری لە سێ ئاگاداریینامهی جیاوازدا، كه ئاڕاستهی هەریهك له کەناڵهكانی رووداو، سپێدە و پەیام-ی كردووه، جهختی لهوهكردووهتهوه ئەگەر پابەندی یاسا نەبن رێکاری یاسایی توندیان بەرامبەر دەگرێتەبەر.
لەو ئاگاداریینامانهدا کە بۆ ئەو سێ کەناڵە میدیاییە نێردراوە هاتووە: "لهژێر رۆشنایی ئەو بارودۆخەی هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەرێت، ئاماژە بە بڕگەی سێهەمی ماددەی سێیەم لە رێنمایی ژمارە یەکی ساڵی ٢٠١٤ی دەرچوو لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان تایبەت بە (رێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان) ئاگادارتان دەکەینەوە کە خۆتان بەدووربگرن لە پەخشکردنی دیمەنی توندوتیژیی و سوتاندنی بارەگا حزبیی و فەرمانگە حکومییەکان و هاندانی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی بینەران بۆ توندوتیژیی و ئاژاوەگێڕیی و تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی".
راشیگهیاندووه "بەپێچەوانەوە پاڵپشت بە رێنمایی ئاماژەپێکراوی سەرەوە و گشت بڕیار و یاسا بەرکارەکانی تری پەیوەست بەم پرسە، ناچارین رێکاری یاسایی توند بەرامبەر کەناڵە سەرپێچیکارەکەتان بگرینەبەر".
ئەم ئاگاداریینامانهی وەزارەتی رۆشنبیری بۆ ئەو سێ کەناڵە میدیاییە دوای بڕیاری داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دێت بۆ ماوەی هەفتەیەک و درێژكردنهوهی داخستنی كهناڵه بۆ ماوهی هەفتەیەکی دیکە.
جگە لەو قەرزانەی کە لەسەر کەناڵی ئێن ئاڕ تی-یە و لە نووسراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیریدا ئاماژەی پێکراوە، هەمان ئاگادارکردنەوە و تۆمەتیش ئاراستەی ئێن ئاڕتی کرابوو کە ئێستا ئاراستەی ئەم سێ کەناڵه کراوە.


