Hemn Osman
10 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2015
لە شاری نیویۆرك باكووری رۆژهەڵاتی ئەمریكا، خۆپیشاندانێكی هاوبەش لە دژی لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ كاندیدی پێشبینی كراوی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا 2016، بەڕێوە چوو.
لەو خۆپیشاندانەدا زۆر بە توندی لێدوانەكانی ترەمپ ئیدانە كران، كە داوای كرد بوو رێگە بە موسوڵمانان نەدرێت بێنە ئەمریكا و، داواش كرا كە ترەمپ لە كێبڕكێكە بكشێتەوە.
بەمەبەستی ئیدانە كردنی پێشنیازەكەی ترمپ،كە داوا دەكات ئەمریكا دەرگاكانی بەڕووی موسوڵماناندا دابخات، نزیكەی 200 كەسایەتی سیاسی، نوێنەرانی كۆمەڵگا و پیاوانی ئایینی، لەبەردەم بینای سەرۆكایەتی شارەوانی شاری نیویۆرك گردبوونەوەیەكیان رێكخست.
ئەندامانی ئەنجوومەنی نیویۆرك، بە رابەرایەتی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە مەلیسا مارك-ڤیڤێریتۆ، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە سەركردەكانی كۆمەڵگەكانی ئایینی و چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی، لە دەروازەی چوونە ژوورەوەی بینای سەرۆكایەتی شارەوانی شارەكە كۆبوونەوە و بە توندی ئیدانی لێدوانە رەگەزپەرستەكانی ترەمپ-یان كرد.
سەرۆكی ئەنجوومەنی نیویۆرك مارك-ڤیڤێریتۆ، لە گردبوونەوەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا رایگەیاند "ئەمڕۆ لێرە كۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی بە دەنگێكی بڵند و بەشێوەیەكی ئاشكرا بە دۆناڵد ترەمپ و ئەو كەسانەی گوتەی نەگریس و جیاكاری بەكاردەهێنین بڵێین "ئیدی بەسە".
مارك-ڤیڤێریتۆ، ترەمپی بە كەسایەتیەكی رەگەزپەرست و سەركردەیەك ناوزەند كرد كە هەوڵی كۆكردنەوەی پاڵپشتی دەدات بەشێوەیەكی هەڵە.
پاش وتارەكەی مارك-ڤیڤێریتۆ، خەلیفە لەتیف، ئیمامی ناوەندی ئیسلامی لە زانكۆی نیویۆرك، كە نوێنەرایەتی كۆمەڵگای موسوڵمانی شارەكە دەكات، وتارێكی پێشكەش كرد.
لە وتارەكەیدا، لەتیف بەپێویستی زانی دەنگی لایەنگری توندوتیژی كپ بكرێنەوە و گوتی: "نەزانی و دواكەوتوویی داعش و كۆمارییەكان، جیاوازیەكانیان لەیەك بەرەدان و ناتوانن ببنە بنەمایەك بۆ كۆمەڵگاكان".
هاوكات داواكاری گشتی شارەوانی نیویۆرك لێتیتیا جەیمس، لە گردبوونەوەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا رایگەیاند "ئەمڕۆ هەموومان یەكین. رێگە نادەین هیچ كەسیك پارچە پارچەمان بكات. پێویستە ترەمب لە كیبڕكێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكایەتی دووربخرێتەوە.
لای خۆشیەوە، رێكخەری كاروباری دارایی شاری نیویۆرك سكۆت م.سترینگەر رایگەیاند "ئایا ئەمەیە پارتی كۆمارییەكانی ئەبراهام لینكۆڵن؟ لەم دواییانەدا، بەهۆی ئەو جۆرە لێدوانانەوەپارتەكە بەرەو لەناوچوون دەچیت".
لەم نێوەندەدا، ژن و پیاوێك لەنێو ئاپۆڕای خۆپیشاندانەكەدا، هۆتافی بژی دۆناڵد ترەمپ-یان دەوتەوە و هەوڵیاندا گوتەكانی سەرۆكی ئەنجوومەنی نیویۆرك مارك-ڤیڤێریتۆ ببڕن.