Hemn Osman
09 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2015
لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ئیبراهیم كاڵن كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ساز كرد و تیایدا باسی لە چەند پرسێكی هەنووكەیی كرد و سەبارەت بە رۆژەڤـ وەڵامی چەند پرسیارێكی دایەوە.
ئیبراهیم كاڵن، باسی لە پرسی ناردنی سەربازی تورك كرد بۆ مووسڵ و رایگەیاند كەوا هێزە سەربازییەكەی توركیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش مەشق و راهێنانی بە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزی پاسەوانی نیشتیمانی كردووە.
كاڵن، ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو دۆخە نوێ نییە و لە ساڵی 2014ەوە هێزێكی سەربازی توركیا مەشق و راهێنان بە هێزەكانی عێراق دەكەن. لەو بارەیەشەوە زانیاری پێویست دراوە بە حكوومەتی عێراق.
گوتیشی: "وەك پێشتر لێرەدا ئاماژەم پێ كرد، هەستیاری ئێمە بەرامبەر سەروەری و یەك پارچەیی خاكی عێراق زۆر روونە. واتا لەو كاتانەدا كە باس لەوە دەكرا با عێراق بكەین بە سێ بەشەوە و پارچە پارچەی بكەین. توركیا هەمیشە بەرگری لە سەروەری و یەك پارچەیی خاكی عێراق كردووە. بەرگری كردووە لەوەی ئیرادەی گەلی عێراق رەنگدانەوەی هەبێت. لەبەرئەوە هەمیشە لە نزیكەوە لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا لە پەیوەندیدا بووین و بەشێوەیەكی ورد ئەو زانیاریانەمان لەگەڵ باس كردوون. بەهەمان شێوە بەردەوام دەبین لەسەر ئەم پرسە. لێرەدا بابەتی سەرەكی نیشاندانی هەڵوێستێكی جددیە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەویش بە پشتیوانی كردنی برایانمان لە عێراق، بەتایبەتی پشتیوانی كردنی پێویست لە رزگاركردنی مووسڵ".