Sangar Hamad Azeez
09 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2015
لەسەر داوای رووسیا ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا. دوای بەدوای کۆبوونوەکەش نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان خالید چەڤیگ بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "پاراستنی سەروەری خاکی عێراق بۆ تورکیا زۆر گرنگە".
ناوبراو تیشکی خستە سەرئەوەی کە داعش یەکێکە لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ سەر تورکیا و گوتی: "لە جەنگی دژی داعشدا ئێمە لە پاڵ گەل و حکوومەتی عێراقین. ئێمە ئەندامێکین لە هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژی داعش. لەم چوارچێوەیەشدا ماوەی ساڵێکە راهێنەرانی سەربازیی تورکیا لە عێراق بوونیان هەیە، ئەمە بابەتێکی شاراوە نییە".
خالید چەڤیک گوتی: "سەربازانی تورک بەمەبەستی نۆرەگۆڕینەوە و بەهێزکردن چوونەتە عێراق بەڵام بەهۆی پڕوپاگەندەی بێ بنەماوە بابەتەکە گەورە کرا".
نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "سەربازانی تورک بە رەزامەندی حکوومەتی فیدراڵی عێراق ماوەی ساڵێکە لەو وڵاتەن و بۆ ئەم مەبەستەش تەواوی زانیارییەکان دراوەتە بەرپرسانی وڵاتەکە".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ناردنی سەرباز بۆ مووسڵ پەیوەندی بە بابەتی خستنەخوارەوەی فڕۆکە رووسیەکە هەیە، خالید چەڤیک گوتی: "ئەمانە دوو بابەتی جیان، ئێمە هاوسێی یەکین لەگەڵ عێراق، دەتوانین بەشێوەی دیاۆگ بابەتەکە چارەسەر بکەین".
خالید چەڤیگ لە کاتی جێهێشتنی بارەگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوی بە نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان محەمەد عەلی ئەلحەکیم کەوت و ماوەیەک بەیەکەوە قسەیان کرد.
لە لێدوانێکیشیدا بۆ رۆژنامەنوسان محەمەد عەلی ئەلحەکیم گوتی: "دوو رۆژ پێش ئێستا داوامان لە تورکیا کردووە هێزە سەربازییەکەی لە عێراق بکێشێنێتەوە و چونکە کارەکە پێشێلکردنی مافەکانی نێودەوڵەتی و مەرجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە".
ناوبراو گوتی: "هەردوو وڵات کۆدەبینەوە و گفتوگۆ لەسەر بابەتەکە دەکەین و پێویست ناکات بابەتەکە بهێنینە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش".