"بەھۆی ڕاگرتنی ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە چوار ھەزار و ٥٠٠ میگاوات لە بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق کەمبووەتەوە"
- وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند کە لەئێستادا، بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق، ١٧ ھەزار میگاواتە و ئاماژەی بەوەشدا کە ١٣ ھەزار میگاوات کورتھێنانیان لە سیستەمی کارەبای نیشتمانیی ھەیە
Arbil
ھەولێر ــ AA
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد موسا ڕایگەیاند کە بەھۆی ڕاگرتنی ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە، چوار ھەزار و ٥٠٠ میگاوات لە بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق کەمبووەتەوە.
ئەحمەد موسا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیاکانی عێراق ڕایگەیاند، لەئێستادا، بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق، ١٧ ھەزار میگاواتە و ڕاشیگەیاندووە کە لە وەرزی ھاویندا بۆ دابینکردنی کارەبای نیشتمانی بە ھاووڵاتییان و دامەزراوەکانی دەوڵەت، پێویستیان بە ٣٠ ھەزار میگاوات ھەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق باسی لەوەشکردووە کە ١٣ ھەزار میگاوات کورتھێنانیان لە سیستەمی کارەبای نیشتمانیی ھەیە و گوتوویەتی: "بەھۆی ڕاگرتنی ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە، چوار ھەزار و ٥٠٠ میگاوات لە بەرھەمھێنانی کارەبای عێراق کەمبووەتەوە کە ئەوەش کاریگەری لەسەر دابنیکردنی کارەبای نیشتمانیی بۆ ژمارەیەک پارێزگای عێراق دروست کردووە".
لە ٢٣ی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، وەزارەتی کارەبای عێراق ڕاگەیاندبوو کە ھاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق بە تەواوی ڕاگیراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە کە وەزارەتی کارەبای گرنگی بە پڕۆژەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا دەدات، بۆ ئەوەی کەمبوونی بەرھەمھێنان قەرەبوو بکاتەوە و ڕاشیگەیاندووە کە پرۆژەی بەستنەوەی کارەبای وڵاتانی کەنداو بە کارەبای عێراق بەڕێژەی ٩٤ لەسەدا تەواوبووە.
ئەحمەد موسا باسی لەوەش کردووە کە لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەی بەستنەوەی کارەبای وڵاتانی کەنداو بە کارەبای عێراق، کارەبای نیشتمانیی لەنێوان ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ میگاوات لە ڕێگای وێستگەکانی وەفرە و فاو بۆ پارێزگاکانی باشووری عێراق دابین دەکرێت، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ھەروەھا گوتوویەتی: "لە مانگی نیسانی داھاتوودا، قۆناغی دووەمی پرۆژەی بەستنەوەی کارەبای ئوردن بە کارەبای عێراق دەست پێ دەکات و لە میانیدا ١٥٠ میگاوات لە کارەبای نیشتمانی بۆ ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق دابین دەکرێت".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
