توركيا, جيهان, عێراق

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کەچەلی ڕایگەیاند، قسەکانی فیدان لە میدیاکانی عێراقدا شێوێندراوە

Can Efesoy, Tuğba Altun  | 12.02.2026 - نوێکردنەوە : 12.02.2026
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کەچەلی ڕایگەیاند، قسەکانی فیدان لە میدیاکانی عێراقدا شێوێندراوە

Ankara

ئەنقەرە - AA

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئونجو کەچەلی وێرای ئاماژەکردن بە گوتەکانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لە ٩ی شوبات لەگەڵ تەلەڤیزیۆنێکدا کە لە لایەن هەندێک لە میدیاکانی عێراقەوە شێوێندراوە، گوتی: ​​​​​​ "شێواندنی گوتەکانی بەڕێز وەزیرمان لە لایەن هەندێکەوە و بەلاڕێدابردنی لەسەر پرسی سەرەکی بەناوی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق، ڕەت دەکەینەوە. لەو ڕێگەیەوە جارێکی دیکە وەک تورکیا پشتیوانی خۆمان بۆ یەکپارچەیی خاک و سەروەری وڵاتی دراوسێمان عێراق، دووپات دەکەینەوە".

کەچەلی لە پەیامێکدا لە هەژماری پلاتفۆڕمی کۆمەڵایەتی کۆمپانیای X کە ناوەندەکەی لە ئەمریکایە لەبارەی کاردانەوەکان لەسەر قسەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان، لە میدیاکانی عێراقدا، ڕوونکردنەوەی دا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا نووسیوێتی: "دەرکەوتووە بۆمان کە هەندێک لە قسەکانی بەڕێز وەزیرمان لە میانی دیمانەیەکدا لە ٩ی شوباتی ٢٠٢٦ لەگەڵ تەلەڤیزیۆنێکدا، لە لایەن هەندێک لە میدیاکانی عێراقییەوە شێوێندراوە" و ڕاشیگەیاندووە کە ئەوان بەردەوام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئامانجیان بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری دامەزراوەیی، بونیادنەرانە و کارایە کە بەم دوایانە لە هەموو بوارێکدا لەوانەش بوارەکانی تەناهی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هەبووە.

ئونجو کەچەلی نووسیوێشێتی: "گوتەکانی بەڕێز وەزیر لە دیمانەکەدا پشت بە دیدگای هاوکاری دەبەستێت بە ئامانجی ڕاکێشانی سەرنجەکان لەسەر ئەو هەڕەشەیەی کە ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە بە تایبەتی لە شنگال، مەخموور و قەندیل و بەشێ زۆر لە خاکی عێراقدا بۆ سەر یەکپارچەیی و سەروەری خاکی ئەو وڵاتە دروست کردووە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەروەها ڕایگەیاندووە کە فیدان لەو چوارچێوەیەدا لەسەر پێویستیی درێژەدان و بەهێزکردنی هاوکارییەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و ئیرادەی ڕژد بۆ نەهێشتنی تەواوی ڕێکخراوی تیرۆریستی لە خاکی عێراق هاوشێوەی ئەوەی کە لە سووریا ئەنجام درا، پێداگریی کردووە".

کەچەلی جارێکی دیکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە شێواندنی گوتەکانی بەڕێز وەزیر لە لایەن هەندێکەوە و بەلاڕێدابردنی لەسەر پرسی سەرەکی بەناوی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق، ڕەت دەکەینەوە و ڕاشیگەیاندووە، "لەو ڕێگەیەوە جارێکی دیکە وەک تورکیا پشتیوانی خۆمان بۆ یەکپارچەیی خاک و سەروەری دراوسێمان عێراق، دووپات دەکەینەوە".


- دیمانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان

وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی CNN Türk لەبارەی بوونی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە عێراق ڕایگەیاندبووە، "ئەو پرسە، پێیەکی دیکەی لە عێراق هەیە. دوای ئەو لقەی کە لە سووریا هەیە، ئەمجارە لە عێراقیش هەیە. پەنا بە خوا ئەوانەی عێراقیش لە دۆخی سووریاوە وانە وەردەگرن و بڕیارێکی عاقڵانە دەدەن و قۆناغەکە لە عێراق ئاسانتر دەبێت".

هاکان فیدان ڕاشیگەیاندبوو کە حکوومەتی عێراق ناچارە بەرامبەر بە پەکەکە ئیرادەیەک لە خۆی نیشان بدات و ئەو پێکهاتەیەی لە شنگال هەیە، نابێ و ناکرێت بەو شێوەیە بمێنێتەوە.

ئەو لەبارەی بوونی پەکەکە لە ناوچەکەدا گوتی: "پەکەکە ڕێکخراوێکە کە دژ بە تورکیا دامەزراوە، بەڵام لە خاکی تورکیادا هیچ ناوچەیەکی داگیر نەکردووە و ناشتوانێت داگیری بکات، بەڵام لە بەرامبەردا بەشێکی زۆر لە ڕووبەری خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کردووە. لە سووریاش داگیرکاریی هەبووە. کێشەکە بەر لەوەی کێشەی من بێت، بە ئاستێکی گەورەتر کێشەی تۆیە. تۆ (عێراق) چۆن دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری کە ڕێگە بە بوونێکی لەم شێوەیە دەدەی؟"

فیدان وێرای ئاماژەکردن بەوەیکە دەوروبەری شنگال لە لایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە دەور دراوە، گوتی، "ئەگەر حەشدی شەعبی لە زەوییەوە پێشڕەوی بکات و ئێمەش ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ئەنجام بدەین، ئەو پرسە بە ٢ یان ٣ ڕۆژ کۆتایی پێ دێت، کاتی زیاتری ناوێت. ئەوەندە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئاسانە".

هەروەها ڕایگەیاندبوو، "حکوومەتی عێراق لە دۆخێکدایە کە ڕێگەی داوە بەشێک لە خاکەکەی لە لایەن پێکهاتەیەکی چەکدارەوە داگیر بکرێت. ئەوەش وەک هەڕەشەیەک دژ بە ئاسایشی نیشتمانی خۆی نابینێت. ئەوە وەک هەڕەشە دژ بە ئاسایشی نیشتمانی چ وڵاتێک دەبینێت؟ دەزانم. ٦-٧ ساڵ پێش ئەوە دژ بە تورکیا بوو. بەڵام ئێستا دۆخێکی لەو شێوەیە بە کردەوە نییە". فیدان (لە دیمانەکەدا) ئاماژەی بە بوونی هاوکێشەی دیکە لە ناوخۆی عێراق کردبوو.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın