جيهان, شیکردنەوە

پەیوەندیی و ململانێی دوو سەدەی نێوان ئەمریکا و ئێران

Heman Hussein Yaseen  | 13.06.2025 - نوێکردنەوە : 16.06.2025
پەیوەندیی و ململانێی دوو سەدەی نێوان ئەمریکا و ئێران

Arbil

هەولێر - AA هێمن حوسێن

ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، ڕەگ و ڕیشەی لە مێژوویەکی ئاڵۆزی سیاسیی و ستراتیژییدا هەیە و بە تایبەتی لە چەند دەیەی ڕانردوودا بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ئەمریکادا، هەوراز و نشێو لە پەیوەندییەکانیاندا دروست بووە، لە کۆتاییشدا دوای دەستبەکاربوونی سەرکۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان لە تەمووزی ٢٠٢٤دا، ئێران ئامادەکاری بۆ سەردەمێکی نوێ کرد و دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا، ڕێگای گفتوگۆ و دانوستان کرانەوە.

ئێران و ئەمریکا، تا ئێستا بە پێنج خوولی دانوستان تێپەڕیوون کە سەڵتەنەتی عومان نێوەندگیرییان دەکات و پێدەچیت ئەم هەفتەیە دانوستانەکان بچنە قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانەوە و ئەویش لەبەردەم دووڕیانێکدایە، ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە ئاشتی ئەتۆمی و ڕێگایەک بۆ زیاتر گەمارۆخستنە سەر ئێران بە مەبەستی لاوازکردنی ئێران لەناوەخۆ و دەرەوەدا.

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ کاتێک لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ وەک ٤٧هەمین سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتی گرتەدەست، فشارەکانی بۆسەر ئێران زیادکرد بۆ ئەوەی ئێران دەستبەرداری سەرجەم چالاکییەکانی بێت سەبارەت بە پیتداندنی یۆرانیۆم، ئەم فشارەی ئەمریکا بووە بابەتێکی سەرەکی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێراندا.

هاوکات ئێران لە سەردەمی سەرکۆمار مەسعود پزیشکیان دا، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ دووبارە گفتوگۆ و دانوستانەکان بە مەبەستی پێداگرییکردنی تاران لەسەر پاراستنی مافی پیتاندنی یۆرانیۆم و لەم چوارچێوەیەشدا پێنج گەڕی دانوستان لە نێوانییان بەڕێوەچووە و بڕیاریشە گەڕی شەشەمی دانوستانەکان لە ١٥ی حوزەیران لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەبچیت و ناکۆکی لەسەر ڕۆژی دانوستانەکەدا هەیە.

مێژووی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران

دوو سەدە لەمەوبەر، ئێران بەھۆی داڕووخان و شکستەکانییەوە بەرامبەر بە ڕووسیا، لە دوو ڕێککەوتننامەی جیادا، ڕووبەرێکی زۆری لە خاکی خۆی ڕادەستی ڕووسیا کرد و، دواتر ئێرانییەکان بیریان لە نزیکبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا کردەوە بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئێران، میرزا محەمەدخانی فەراھانی (ئەمیر کەبیر) لە ساڵی ١٨٤٩ ھەوڵەکانی چڕکردەوە و توانی ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان ئێران و ئەمریکا واژوو بکات کە ئەمە بنەمایەک بوو بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسیی و دیپلۆماسییەکانییان و لەم چوارچێوەیەشدا دواتر ھەریەک لە ئێران و ئەمریکا کۆنسوڵگەرییان لە وڵاتەکانیاندا کردەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوام بوو، تا ساڵی ١٩٥١، ئەوکاتەی سی و پێنجەمین سەرۆکوەزیرانی ئێران محەمەد موسەدەق ویستی نەوتی ئێران خۆماڵی بکات، ئەمە دەستپێکی ناکۆکی و ململانێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بوو.

ئۆپەراسیۆنی ئەجاکس یان ئەیاکس، یەکێکە لە ڕووداوە ھەرە گرنگەکان لە مێژووی نوێی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کە خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە بەڕووخان و دەستگیرکردنی محەمەد موسەدق کۆتاییهات و محەمەدڕەزا شا گەڕایەوە بۆ دەسەڵات.

محەمەد موسەدەق لە نیسانی ١٩٥١ بە سەرۆکوەزیرانی ئێران ھەڵبژێردرابوو، ھاوکات نەوتی ئێران-بەریتانیا (بریتش پیتڕۆلیۆم)ی خۆماڵی کرد کە کۆمپانیاکە بەریتانیا خاوەندارییەتی دەکرد و لەو کاتەدا نەوتی ئێران گەورەترین وەبەرھێنانی بەریتانیا بوو لە دەرەوەی وڵات، ئەم ھەنگاوەی موسەدەق بەریتانیای توڕەکرد و ھەریەک لە بەریتانیا و ئەمریکا ئەم ھەنگاوەیان بە مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەکانییان لە ڕۆژئاوادا زانی، ھەروەھا پێشبینی ئەوەیان کرد کە ئێران لەمیانی جەنگی ساردا (ململانێی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت) ڕوو لە یەکێتی سۆڤیەت بکات و ئەمەش یەکێک دەبێت لە گورزە کوشندەکانی ئێران دژی ئەمریکا و بەریتانیا.

بۆیە دوای بڵاوکردنەوەی هەندێک لە پڕوپاگەندە دژی موسەدەق، ناڕەزایەتییەکان لەناوخۆی ئێراندا دژی سەرۆکوەزیران محەمەد موسەدەق پەرەی سەند و، بەشێک لە هێزی سەربازیش بەشداری ناڕەزایەتییەکانییان کرد، بۆیە لەیەکەم هەنگاودا شای ئێران چووە دەرەوە تا ئەوکاتەی لە ١٩ی ئابی ١٩٥٣ سەرۆکوەزیران موسەدەق دەستگیرکرا و شا گەڕایەوە سەر تەختی پادشایەتی و تا ١٩٧٩ تاکلایەنە حوکمی ئێرانی کرد.

محەمەد موسەدەق لە دادگادا کۆمەڵێک بەڵگەی بۆ کارەکانی خستەڕوو، بەڵام بە سێ ساڵ زیندانی سزادرا و دوای تەواوکردنی سزاکەیشی، لە ماڵەوە دەستبەسەربوو تا ئەوکاتەی لە پێنجی ئاداری ١٩٦٧ بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.

ڕووخانی شای ئێران لە ١٩٧٩

کۆمەڵێک بابەتی سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابووری ھۆکاربوون بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی محەمەدڕەزا شا کە ماوەیەکی زۆر بوو لە ڕێگای ساواکەوە (ڕێکخراوی زانیاریی و ئاسایشی وڵات) ئەشکەنجەی توندی ھەموو ئەوانە دەدران کە دژی دەسەڵاتی شا بوون، ھەروەھا شای ئێران ھاوپەیمانیەتی نزیکی ئەمریکا و بەریتانیا بوو لە دوای ڕووداوەکانی ١٩٥٣ یەوە بۆیە بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی ئێران کەوتنە دژایەتی شا، لەگەڵ ئەوەشدا شای ئێران ھەوڵی بە عەلمانیکردنی کۆمەڵگا و دژایەتی مەزھەبی زەقکردەوە و، ئەمەش وایکرد مەرجەعەکانی شیعە نفوز و پێگەیان بەھێزتربێت و زۆرینەی خەڵک بچنە پاڵ مەرجەعەکانییان کە سەرەنجام شۆڕشی ئێران لە ٧ی کانوونی دووەمی ١٩٧٨ سەریھەڵدا تا ١١ی شوباتی ١٩٧٩ بەردەوام بوو کە تێیدا گۆڕانکارییەکی گەورەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی ڕوویدا و بووە ھۆی ڕووخانی شانشینی پەھلەوی و پێکھێنانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕابەرایەتی ئایەتوڵڵا خومەینی.

لەمیانی شۆڕشەکەدا، بەشێک لەوانەی لە حکوومەتی نوێی ئێران نزیک بوون، پەلاماری باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لە ئێران دا و، تێیدا ٥٣ ئەمریکییان بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ دەستبەسەرکرد و بەمەش پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە هەموو شێوەیەک پچڕا و ئەمریکا سزای سەرەتایی بەسەر ئێراندا سەپاند و دەستی بە سیاسەتێکی دژایەتی دوورمەودا کرد.

ڕۆڵی ئەمریکا لە جەنگی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق - ئێران

دوای شۆڕشی ئێران و پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ئێران، عێراق خوازیاری کۆنتڕۆڵکردنی ڕێگای ئاویی شەتوڵعەرەب بوو کە ڕێگایەکی کەشتیوانییە لە کەنداوی فارس و لەلایەن ھەردوولاوە ناکۆکی لەسەر بوو، ھەروەھا عێراق ڕێکەوتننامەی جەزائیری پووچەڵکردەوە کە تێیدا ھەردوولا ڕێککەوتبوون بە ھاوبەشی ناوچەکە بەڕێوەببەن، هاوکات حکوومەتی نوێی ئێران ترسی لە دڵی سەرۆکی عێراق سەدام حوسێن دا چەقاند بەوەی ئێران شیعەکانی عێراق ھان بدات بۆ ڕاپەڕین دژی بەعسییە سوننەکانی عێراق، ھەروەھا سەدام حوسێن ویستی خۆی وەک وڵاتێکی باڵادەستی ناوچەکە نیشان بدات.

ھاوکات سەدام حوسێن داوایکرد کە پارێزگای خوزستان باشووری ڕۆژئاوای ئێران کە دەوڵەمەندە بە نەوت بیکاتە پارێزگایەک لە عێراق و لە ھەمانکاتدا حکوومەتی نوێی ئێران پەیوەندی و نزیکبوونەوەی لەگەڵ شیعەکانی عێراق دا دروست کرد هەر بۆیە عێراق ئێرانی بەوە تۆمەتبارکرد کە دەست لەکاروباری ناوخۆی عێراق وەردەدات. سەدام حوسێن بە دەرفەتی زانی کە حکوومەتی نوێی ئێران کە تازە دامەزراوە و پەرتەوازەیە، بۆیە پەلاماری ئێرانی دا و ئەم شەڕە ماوەی ھەشت ساڵ درێژەی کێشا و ھیچ دەستکەوتێکی یەکلاییکەرەوەی نەبوو.

بۆ کۆتاییھێنان بەم شەڕە لە ساڵی ١٩٨٧ نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارنامەی ژمارە ٥٩٨ی دەرکرد ( بڕیارنامەکە تایبەت بوو بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و گەڕانەوەی سەربازەکان بۆ سەر سنوورەکان، ئاڵوگۆڕی دیلەکان) بەڵام ئەم بڕیارنامەی ھەتا ساڵی ١٩٨٨ نەھاتە کایەوە. دواتر عێڕاق و ئێران گەڕانەوە بۆ سەر سنوورە پێشووەکانیان کە بە پێی ڕێکەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ دیاری کرا بوو.

ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ڕۆڵی ئەمریکا بە شیعەکانەوە

لە ساڵی ٢٠٠٢دا سەرۆکی ئەمریکا جۆرج بوش، ئێرانی بە بەشێک لە "بەرەی خراپە" ناوزەد کرد و دواتر بابەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی خستەبەر باس و ئەمەش نیگەرانی ژمارەیەکی زۆری لە وڵاتان بەدوای خۆیدا ھێنا و سزاکان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا چڕ کرانەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٣ و لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەمریکا بۆ ئەوەی سۆز و پشتیوانی شیعەکانی عێراق بە لای خۆیدا ڕابکێشێت و لە بەرەی ئێران دووریان بخانەوە بە مەبەستی پلانێکی دوورمەودا، دەسەڵاتی حوکمڕانی خستە بەردەستی شیعەکان و سوننەکانی عێراقی لاواز کرد، بەڵام ئەمریکا لەم ھەوڵەیدا شکستی ھێنا و ھەر زوو شیعەکان بوونە چەند گرووپێک و ئەمەش نیگەرانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لێکەوتەوە، هەر بۆیە ئەمریکا ئەو گرووپانەی بە بەرەی ئێران هەژمار کرد و دواتر داوای هەڵوەشانەوەی ئەم گرووپانەی کرد.

ڕێكکەوتنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە چەکی ئەتۆم

لە چوارچێوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لە نێوان ئەمریکا و ئێران بە تایبەت سەبارەت بە چەکی ناوکی ئێران، چەندین ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن ئەنجامدراوە و بۆیەکەمجاریش لە ناوەڕاستی حەفتاکان ھەریەک لە ئێران و ئەمریکا دەستیان بە گفتوگۆ کرد بە ئامانجی داڕشتنی بەرنامەیەکی ئەتۆمی ئاشتیانە و تێیدا چەند خاڵێکیان خستەڕوو کە بریتیی بوو لە، دابینکردنی وێستگەی ئەتۆمی و سووتەمەنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ئێران، ھەروەھا گرتنەبەر و جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی پارێزراو بۆ ڕێگریکردن لە بەکارھێنانی ماددە ئەتۆمییەکان بۆ پەرەپێدانی چەک، ھاوکات دامەزراندنی کۆمپانیایەکی ھاوبەش بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، بەڵام ئەم دانوستانە دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ وەستا و درێژەی نەکێشا.

لە ساڵی ٢٠١٥دا، پلانی کارکردنی هاوبەشی تەواو (٢٠١٥-JCPOA) کە بە شێوەیەکی گشتی بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ناسراوە لە نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١ (ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمانیا) ئەنجامدرا و خاڵە سەرەکییەکانی بریتیی بوون لە، سنووردارکردنی تواناکانی پیتاندنی یۆرانیۆم، ھەروەھا کەمکردنەوەی ژمارەی سانتریفۆجەکان (ئەو ئامێرانەی کە بەخێراییەکی زۆر دەسوڕێنەوە بۆ جیاکردنەوەی ماددەکان بە پشتبەستن بە چڕییان)، ھاوکات کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران لەبەرامبەر پابەندبوونی بە لێکتێگەیشتنەکە. بەڵام ئەمریکا لە ٢٠١٨دا لەم ڕێککەوتنە کشایەوە.

دۆخەکە وەکخۆی مایەوە تا ئەوکاتەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ نامەیەک بۆ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی دەنێرێت لە نیسانی ٢٠٢٥دا، دوای ئەوە ئەمریکا و ئێران دەستیان بە زنجیرەیەک دانوستان کرد بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی و ئەم دانوستانە بە نێوەندگیریی عومان دەستی پێکرد و بەردەوامە، ئامانج لێی داڕشتنی چوارچێوەیەکە بۆ ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی و تیشکخراوەتە سەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و تا ئێستا پێنج گەڕی دانوستان بەڕێوەچووە و بڕیاریشە گەڕی شەشەم لە ١٥ی حوزەیران لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەبچێت.

ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ٢٠١٥

ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی زلھێز کە لە ساڵی ٢٠١٥ کە لە سەردەمی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا باراک ئۆباما دا دانوستانی لەسەر کرا، بەڵام دۆناڵد تڕەمپ لە خوولی یەکەمی سەرۆکایەتییدا لە ساڵی ٢٠١٨ بە شێوەیەکی تاکلایەنە ئەمریکای لە ڕێککەوتنەکە کشاندەوە و پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە ڕێککەوتنەکە بە ئاستی پێویست توند نییە و باسی بەرنامەی مووشەکیی ئێرانی نەکردووە، هاوکات باسی لە پشتیوانیکردنی ئێران نەکردووە لە گرووپە چەکدارەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش کۆمەڵێک گرژی و ئاڵۆزی نوێی دروست کرد لە نێویاندا هێرشکردنە سەر دەریا و وشکانی.

بەپێی ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٥، ئێران ڕەزامەندی دەربڕی لە دانانی کامێرا و ھەستەوەر بۆ ھەمیشەیی لە شوێنە ئەتۆمییەکان، ھەروەھا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، بە بەردەوامی پشکنەری دەناردە ناو شوێنەکانی ئێران، ھەندێکجار نموونەی ژینگەیی وەک جلوبەرگ و پەڕۆ کۆدەکردەوە کە لە تاقیگەکانی ئاژانسدا لە نەمسا پشکنینیان بۆ دەکرا. ھەندێکی دیکەش بە بەردەوامی لە ڕێگەی وێنەی مانگی دەستکرد چاودێری شوێنەکانی ئێران دەکەن بەڵام لە ساڵانی دوای بڕیارەکەی ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٨، ئێران پشکنینەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی سنووردار کردووە و دەستگەیشتن بە گرتە ڤیدیۆیی کامێراکانی ڕاگرتووە و کامێرای لابردووە.

ئەمریکا سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە

لە ساڵی ٢٠١٨ بە دواوە، ئێران پشکنینەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی سنووردار کرد و بەمەش گرژیی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دروست بوو، ئەمریکا لە ١٥ی نیسانی ٢٠١٩ بە فەرمی سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە کە تیاییدا سەرنجی خستبووە سەر فەیلەقی قودس کە بەرپرس بوو لە ئۆپەراسیۆنەکان لە دەرەوەی ئێران ھەر بۆیەش لە سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، ئەمریکا لە ڕێگای مووشەکی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران قاسم سولەیمانیی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا بە ئامانج گرت و بەمەش پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گرژی زیاتری تێکەوت و ئێران ھێرشی بۆ سەر کەشتییە نەوتھەڵگرەکان و بنکەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی پرۆکسییەکانییەوە دەستپێکرد.

لە ساڵانی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٣ سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، هەوڵیدا بگەڕێتەوە بۆ پلانی کارکردنی هاوبەشی تەواو (٢٠١٥-JCPOA) کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ تاکلایەنە لە ڕێککەوتنەکە هاتبووە دەرەوە، بەڵام گفتوگۆکان لەسەر ڕێکخستن و پرسە ناوچەییەکان وەستان و پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران زیادیکرد و هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سست بوو.

دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد تڕەمپ وەکو سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جارێکی دیکە ھەڵوێستی ئەمریکای زەق کردەوە و ھەردوولا ڕێگای دانوستانی ناڕاستەوخۆیان گرتەبەر و تا ئێستا پێنج گەڕی دانوستانەکان بەڕێوەچووە، تا دێت دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران چڕتر دەبنەوە، چەندین خوولی دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆ بە نێوەندگیری عومان ئەنجامدراوە. تا ئێستا ھەریەک لە نێردەی تایبەتی ئەمریکا و دانوستانکاری سەرەکی ئەمریکا ستیڤ ویتکۆف و وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێڕاقچی سەرکردایەتی کۆبوونەوە و دانوستانەکان دەکەن، یەکەم گەڕی دانوستانەکانیش لە ١٢ی نیسانی ئەمساڵ لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو، ھاوکات گەڕی دووەم لە ١٩ی نیسان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، گەڕی سێیەم لە ٢٦ی نیسان لە مەسقەت و، گەڕی چوارەم لە ١١ی ئایار لە مەسقەت و گەڕی پێنجەم لە ٢٥ی ئایار لە ڕۆما بەڕێوەچوو، بڕیاریشە گەڕی شەشەم لە ١٥ی حوزەیران لە مەسقەت بەڕێوەبچێت.

ڕۆڵی ئەمریکا لە داگیرکردنی کوێت لەلایەن عێراقەوە

لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر کوێت لە ئابی ١٩٩٠ زۆرترین مشتومڕی لەسەرە بە تایبەت ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕێگای باڵیۆزی وڵاتەکەی لە عێراق ئەپریل گلاسپی کە ئایا بەشداربووە لە بڕیارەکەی سەدام حوسێن بۆ داگیرکردنی کوێت یان نا.

دوای شەڕی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، عێراق قەرزێکی زۆری لەسەر بوو، لە نێویاندا ١٤ ملیار دۆلار قەرزاری کوێت بوو بۆیە عێراق کوێتی تۆمەتبار کرد بە زیادەڕۆیی لە بەرھەمھێنانی نەوت و عێراق لە ڕووی مێژووییەوە ئەو وڵاتەی بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانی بۆیە ڕۆژی ٢٥ی تەمووزی ١٩٩٠ و ھەشت ڕۆژ بەر لە لەشکرکێشیی عێراق بۆسەر کوێت، لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەغدا، کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرکۆماری عێراق سەدام حوسێن و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئەپریل گڵاسپی بەڕێوەچوو کە تێیدا سەدام حوسێن ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە کوێت دەربڕی و گڵاسپی گوتوویەتی ئێمە ھیچ بۆچوونێکمان نیە لەسەر ململانێی نێوان عەرەب و عەرەب وەک ناکۆکییەکانتان لەگەڵ کوێت بۆیە لێکدانەوەی سەدام حوسێن بەم وەڵامە ھەڵکردنی گڵۆپی سەوزە و ئەمەش دەیگەیەنێتە ئەو خاڵەی کە ئەگەر عێراق کوێت داگیر بکات ئەوا ئەمریکا دەستوەردان ناکات.

هەر بۆیە لەشکرکێشی عێراق بۆسەر کوێت لە دووی ئابی ١٩٩٠دا دەستی پێکرد و سوپای عێراق ماوەی حەوت مانگ لەناو خاکی کوێت مانەوە و عێراق ئەم وڵاتەی وەک نۆزدەهەمین پارێزگای خۆی هەژمارکرد و دواتر لە کانوونی دووەمی ١٩٩١ ھێزی ھاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ھەڵمەتێکی سەربازی فراوانییان لە ژێر ناونیشانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی بیاباندا دەستپێکرد و لە شوباتی ١٩٩١ سوپای عێراق لە کوێت دەرکرا و سەرەنجام بووە ھۆی ئەوەی سەربازانی ئەمریکا ماوەیەکی زۆر لە کەنداو بمێننەوە و سزاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆسەر عێراق توندتر بکرێت و ئەمە ببێتە سەرەتایەک بۆ ڕووخانی ڕژێمی سەدام.

عێراق و ئێران لە دیدی ئەمریکاوە

ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێڕاق لە ساڵی ٢٠٠٣ دەرەنجامی کۆمەڵێک ھۆکار و ھەنگاوی ئاڵۆزبوون لە ناوخۆ و دەرەوەدا.

لەناوخۆدا، ڕژێمی بەعس تاکلایەنە و بە مشتێکی ئاسنین حوکمی دەکرد، ھەموو ئۆپۆزسیۆنە سیاسییەکانی بە شێوازێکی دڕندانە سەرکوت دەکرد و پێشێلکاریی مافی مرۆڤی گەیاندبووە لووتکە، چەندین کوشتنی بە کۆمەڵ و ئەشکەنجە و بەکارھێنانی چەکی کیمایی و کۆکوژی ئەنجامدا، ھەروەھا شەڕی ھەشت ساڵەی عێڕاق و ئێران، ئابووری عێراقی داتەپاند، لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕووی سەربازیشەوە عێڕاق لاواز ببوو، پاشان لە ١٩٩١ ئەوکاتەی پەلاماری کوێتی دابوو، ئیدانەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، هەموو ئەوانە وڵاتانی جیھان بە شکستی سەربازیی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانییان لەقەڵەمدا، دواتر نەتەوە یەکگرتووەکان سزای توندی بەسەر عێراقدا سەپاند و لەناوەوە عێراقی تووشی لاوازییەکی زۆر کرد.

یەکێک لەو پاساوانەی کە ئەمریکا ڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر عێراق، دەنگۆی ھەبوونی چەکی ئەتۆم بوو وەک ئەوەی ئێستا لە ئێران دەگوزەرێت، کە دوای ڕووخانی عێراقیش زانیارییەکان ھیچی ڕاست نەبوون و عێراق چەکی ئەتۆمی نەبوو، ھەرچەندە زووتریش عێڕاق ڕێگەی بە پشکنەران دا کە لە ھەوڵەکانییان بەردەوام بن لە ناوەوەی عێراق، بەڵام ئەمە نەیتوانی باوەڕ بە ئەمریکا و ھاوپەیمانییەکانی بھێنێت کە ڕووخانی عێراق دوابخەن چونکە بابەتی ١١ی سێپتێمبەری هاتبووەسەر و عێراقیان بە پشتیوانی قاعیدە دەزانی.

پڕۆسەی داگیرکردنی عێراق بە ھێرشێکی بۆردومانی توند دەستیپێکرد کە ژێرخانی سەرەکی و ناوەندەکانی فەرماندەیی کردە ئامانج و لەشکرکێشی زەمینی بەخێرایی بەدوای خۆیدا ھێنا، ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەخێرایی لە باشووری عێراق بەرەو بەغدا ڕۆیشتن و کەوتنی پەیکەری سەرۆکی عێراق سەدام حوسێن، بووە زەنگی ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ھەر زوو حاکمی مەدەنی عێراق پۆڵ برێمەر فەرمانی ھەڵوەشانەوەی سوپای عێراقی دەکرد و ئەمەش ماوەیەک بۆشایی ئەمنیی لە عێراق دروست کرد و چەندین گرووپی یاخیبووان سەریھەڵدا.

دواتر لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٣ کاتێک سەرۆکی عێراق سەدام حوسێن لە شوێنێکی شاری تکریت دۆزرایەوە و دەستگیرکرا، ئەمە بووە نەمان و یەکلاییکەرەوەی سەرکردایەتی بەعس لە عێراق بەمجۆرە حکوومەتی نوێ بە چەند قۆناغێک پێکھات.

ئێران هەمان چارەنووسی عێراقی دەبێت؟

بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە وڵاتان، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پابەند نابێت بە بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئەمەش بووەتە هۆی پێشێلکاریی و ناڕەزایەتی لە ناوخۆ و دەرەوەدا، ھەروەھا شرۆڤەکاران لە ناوخۆی ئێراندا ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆخی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتی داتەپیووە، هاوکات لە دەرەوەشدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئێران بە پشتیوانییکردن لە گرووپەکانی وەک حزبوڵڵا، حوسییەکان و حەشدی شەعبی تۆمەتبار دەکەن، سەرباری ئەوەی بە هەموو شێوەیەک فشاریان خستووەتە سەر ئێران بۆ کەمکردنەوە و ڕاگرتنی چالاکییە ئەتۆمییەکان. هەموو ئەوانە بوونەتە هەڕەشە بۆسەر ئێران و مەترسی پێکدادانی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئەمریکادا هەیە بەڵام لە ئێستادا وڵاتانی جیھان دژی هەڵگیرسانی هەر جەنگێکن لە ناوچەکەدا.

بێگومان ئێرانیش ھاوشێوەی عێراقی ساڵانی نەوەدەکان، بە سەرکردایەتی ئەمریکا ڕووبەڕووی سزای قوڕس بووەتەوە کە زیانی بە ئابووری وڵاتەکەی گەیاندووە و بەھای دراوەکەی دابەزیووە و سەقامگیری ناوخۆی تێکچووە. بەڵام ئێران بە پێچەوانەی عێراق پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ وڵاتانی ڕووسیا و چین دا ھەیە لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا خواستی وڵاتانی جیھان بۆ شەڕێکی دیکە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کەمە بە تایبەت دوای عێراق و سووریا و ئەفغانستان چونکە ئێران خاوەنی ھێزی سەربازی بە تواناتر و زیاترە لە عێراقی ٢٠٠٣دا لەگەڵ توانای مووشەکیی و ژمارەیەکی زۆر لە پڕۆکسی ناوچەیی بۆیە پێناچێت ئێران لەڕووی لەشکرکێشیی دەرەکی و ڕووخاندنی ڕژێمەوە ھەمان چارەنووسی عێراقی ھەبێت لە ئێستادا.

پێشھاتی نوێ

لە دا پێشھاتدا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA)، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی حوزەیران بڕیارنامەیەکی پەسند کرد و تێیدا سەرکۆنەی "پابەندنەبوونی" ئێرانی بە ئەرکەکەی کرد، ئەمەش وەک ھۆشدارییەکی نوێیە پێش ئەوەی دۆسییەکە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بنێردرێت.

لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی بە ڕێبەرایەتیی ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە ئەنجوومەنی کارگێڕیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) دەرکراوە، ئێران ڕایگەیاند کە لە شوێنێکی پارێزراودا ناوەندێکی نوێی پیتاندنی یۆرانیۆم دادەمەزرێنێت و سەنتەرفیوجەکانی نەوەی کۆن لە فۆردۆ بە سەنتەرفیوجەکانی نەوەی نوێ دەگۆڕێت کە بە خێراییەکی زیاتر یۆرانیۆم دەپیتێنن، ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە بڕیارەکە ھیچ بنەمایەکی تەکنیکیی و یاسایی نییە و، ئەنجوومەنی کارگێڕیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم وەک ئامڕازێک بۆ مەبەستی سیاسیی بەکاردێت.

دواجاریش ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئێران و بنکە ناوەکی و سەربازییەکانی کرد ئامانج و بە هۆیەوە هەریەکە لە سوپاسالار، فەرماندەی هێزەکانی سوپای پاسداران و فەرماندەی قەرارگای خاتم ئەنبیا و هەروەها چەند زانایەکی دیکەی ناوەکی ئێرانی کوشت. بەرپرسانی ئێران لە یەکەم کاردانەوەیاندا وێڕای هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە، ئەمریکایان بە پشتیوانیکردن لە هێرشەکە تۆمەتبار کرد و ئەوەش سەرەڕای ئەوەی لە یەکەم کاردانەوەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مارکۆ ڕۆبیۆ ڕەتی کردەوە کە هاوکاری هێرشەکەی ئیسرائیل بووبن.

قسەکانی دۆناڵد ترەمپ دوای هێرشەکەی ئیسرائیل کە داوایکردبوو ئێران بگەڕێتەوە بۆسەر مێزی دانوستانەکان، کاردانەوەی میدیاکانی نیمچە فەرمی ئێرانی لێکەوت و ڕاگەیاندنی هەڵپەساردنی دانوستانەکان بەشێک بوو لە کاردانەوەیان، بەڵام لە ئێستادا لەسەر ئاستی فەرمی ڕانەگەیاندراوە.

بە سەرنجدان بەو پێشهات و گرژییانە، دەبێ چاوەڕوان بکرێت کە ئێران و ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی حوزیران گەڕێکی دیکەی دانوستانیان دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، یان پچڕان و تەنانەت هەڵکشانی گرژیی زیاتریشی بەدوادادێت.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın