Damla Delialioğlu,Ayşe İrem Çakır
13 حوزەیران 2025•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2025
ئەنقەرە - AA
دوای دەستپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد پێویستە پێش ئەوەی "هەموو شتێک لەناو بچێت" تاران ڕێککەوتنێک واژوو بکات.
لە پۆستێکیدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "Truth Social" بڵاویکردەوە، ترەمپ هەڵسەنگاندنی بۆ هەڵکشانی گرژیی نێوان ئێران و ئیسرائیل کرد.
"دەرفەتم بە ئێران دا بۆ ئەوەی ڕێککەوتن بکات. پێمگوتن تەنیا ئەنجامی بدەن، بەڵام هەرچەندە هەوڵیاندا و نزیک بوونەوە نەیانتوانی سەرکەوتوو بن" سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ وای گوت و، ئاماژەی بەوە کرد بە ئێران ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا پێشکەوتووترین و کوشندەترین چەکی بەرهەمهێناوە و، ئیسرائیلیش خاوەنی زۆربەی ئەو چەکانەیە و بەکاریهێناون.
بە ئاماژەدان بە دانوستانەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان واشنتۆن و تاران، ترەمپ ڕایگەیاند: "پێویستە تاران پێش ئەوەی هەموو شتێک لەناو بچێت ڕێککەوتنێک واژوو بکات و، ئەو شتە سەردەمێک بە ئیمپراتۆریەتی ئێران ناسرابوو، ڕزگار بکات".
گوتیشی: "هەندێک لە بازەکانی ئێران زۆر بوێرانە قسەیان کرد، بەڵام بێئاگابوون لەوەی ڕوودەدات. ئێستا هەموویان (بازەکان) مردوون. دۆخەکە خراپتر دەبێت".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئەوەیشی خستەڕوو کە لەم هێرشانەی دواییدا لە ئێران کوشتن و وێرانکاری زۆر ڕوویداوە، بەڵام هێشتا کات ماوە بۆ کۆتاییهێنان بەم کۆمەڵکوژییە، چونکە هێرشەکانی داهاتوو کە پلانی بۆ دانراوە بێ بەزەییانەتر دەبن.