سوودانی لە سەردانەکەی بۆ ئێران بە دوای چی دایە؟
چوونی سەرۆکوەزیران سوودانی بۆ ئێران بە سەرنجدان بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئەگەری پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و کاریگەرییان لەسەر عێراق، گەورەتر لە وەڵامدانەوەی بانگهێشتنامەیەکە بۆ سەردانی ئەو وڵاتە.

Arbil
هەولێر - AA / فەخرەدین ئیبراهیم
ئەگەرچی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بۆ ئێران، بە ڕواڵەت لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەکی سەرکۆماری ئێران مەسعود پزیشکیانە کە لە ١١ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو سەردانی عێراقی کردبوو، بەڵام ئاڵۆزییەکان و ڕەوتی گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکەدا نیشانی دەدات کە سەردانەکەی سوودانی زیاتر لە وەڵامی بانگهێشتنامەیەکە و بگرە یەکلاکردنەوەی زۆر بابەتە کە تەنیا پەیوەندی بە عێراقیشەوە نییە.
بڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوودانی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی کانوونی دووهەم بە یاوەری شاندێکی سیاسی و بازرگانی، سەردانی تاران بکات.
سوودانی بە کۆمەڵە دۆسیەیەکەوە ئەو ڕێگەیە دەگرێتەبەر کە وڵاتەکەی لەبەردەم یەکێک لە گەورەترین ئالنگارییەکانی دوو دەیەی ڕابردوویە.
پرسەکانی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و وزە، ئەو چوارچێوەیە گشتییانەن کە سوودانی دەیەوێت لەگەڵ بەرپرسانی ئێران باسی بکات، بەڵام ئەوە تەنیا سەردێڕی تەوەرەکانە و وردەکاری گفتوگۆکان و ئەوەی سوودانی لەو سەردانە بە دوای دایە، زۆر لە سەردانێکی دیپلۆماسی و دیدار و گفتوگۆیەک بەرفراوانترە.
لەگەڵ ئەوەی بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە سوودانی هەڵگری پەیامی ئەمریکا و ئەورووپییەکانە بۆ تاران و ڕۆڵی نێوەندگیریی پێ سپێردراوە، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا بۆخۆی پەیامی خۆی و وڵاتەکەی پێیە و بەدوای کردنەوەی گرێ کوێرەکانی وڵاتەکەیدایە.
- حەشدی شەعبی سەرقافڵەی گفتوگۆکان
دەنگۆی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشد و چەککردنیان، لە ماوەی ڕابردوودا لە پرسێکی شاراوە نەمایەوە و کاردانەوەی سەرکردەی گرووپە جیاوازەکانی حەشد، لەوانەش سەیدولشوهەدا و نوجەبا و ... دەریدەخات کە گوشارەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی زۆر زیاترن لەو ئاستەی کە عێراقییەکان چاوەڕوانیان دەکرد.
هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، کە ئەم ڕۆژانە لە عێراق بووەتە باسی کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکانی شیعە و بەدوای چارەسەرێکدا بۆی دەگەڕێن، ئەوەندەی دیکە ترسی خستووەتە دڵی دەسەڵاتدارانی بەغدا کە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەبەردەرگایانە و چیتر دەسەڵاتی سەربازیی ناتوانێت پارێزەری بەرژەوەندییەکانیان بێت.
ئەگەر جاران باس لە حەشد لە ژێر کۆنتڕۆڵی عێراق دەکرا، ئێستا مەرجەکە زۆر قورسترە و پێ دەچێت ئەمریکا بە "هەڵوەشاندنەوە" کەمتر ڕازی نەبێت.
حەشدی شەعبی کە لە چوارچێوەی مەنزوومەی دیفاعی عێراقە و ناتوانرێت هاوشێوەی گرووپە چەکدارەکانی سووریا باس لەوە بکرێت کە تێکەڵ بە وەزارەتی بەرگریی بکرێت. لەبەر ئەوەی ئەو هێزە لە بوونی خۆیدا بە ڕواڵەت لە ژێر فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانە و تێکەڵ بە هێزەکانی ئەمنی عێراق بووە و بەڵام لە چوارچێوەیەکی جیاوازی سیاسی، سەربازیی و ئابووری و ئەمنییدا بە شێوەی سەربەخۆ ئەرکی خۆی ڕادەپەڕێنێت.
ئەوەی جێی تێڕامانیشە، بێدەنگی مەرجەعیەتی شیعەی عێراقە لەم بابەتەدا، کە ئەگەر دژیشی بن بەڵام ڕاستەوخۆ قسەی لەسەر ناکەن.
لەبەرامبەریشدا ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعە، موقتەدا سەدر لە ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراقدا جارێکی دیکە داوای چەککردنی گرووپە چەکدارەکانی کرد کە مەبەستی ئەو گرووپانەش دەگرێتەوە کە لە ژێر فەرمانی حەشددان و موقتەدا بە مەترسی بۆ سەر داهاتووی عێراقیان دەبینێت و ڕایگەیاند: "نەخێر و هەزارجار نەخێر بۆ چەک و گرووپی بێ مۆڵەت کە لەدەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەتن".
سوودانی ئەوە دەزانێت کە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بابەتە بە تەنیا پرسێک نییە بە دەست فەرماندەکانی حەشد و تەنانەت مەرجەعیەتی شیعەی عێراقیش کە لەسەر بنەمای فەتوایەکی ئەوان دروست بوون و ئەوە پەیوەندیدارە بە "بەرەی مقاومە" و دەبێت ئێران یەکلایی بکاتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەش دەزانێت کە مانەوەی حەشد، بە هەموو پێوەرێک، هەم لە ڕووی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، هەم لە ڕووی باڵادەستی ئەمریکا و لە هەمووی گرنگتر، ئەوەیە کە خودی سەرۆکوەزیران سوودانی دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە، لە داهاتوودا گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیری عێراق لە لایەک و مانەوە و بەردەوامی حکوومەتەکەی سوودانی لە لایەکی دیکەوە. بۆیە پێ دەچێت سوودانی بە دوای دۆزینەوەی خاڵێکی نێوەندگیر بۆ دەرچوون لەو قەیرانە بێت کە هەست دەکات پێویستە لە دەرگای تاران بدات.
- شەڕ لە سووریایە و تۆزەکەی لەبەر دەرگای عێراقە
ڕووداوەکانی ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ و سەرئەنجام ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سووریا، مشتومڕەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە جاران کرد.
ئەگەرچی سوودانی لە گوتارەکەی ڕۆژی ٣ی کانوونی دووهەم لەمیانی ڕێوڕەسمێکدا لە بەغدا ڕایگەیاند، گۆڕان لە سیستەمی سیاسی سووریا هیچ پەیوەندییەکی بە عێراقەوە نییە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە گۆڕانکارییەکانی سووریا کاریگەرییان لەسەر عێراق نەبێت.
هەر هیچ نەبێت، سووننەکان لە عێراق کە لە دەسەڵاتی دوو دەیەی ڕابردووی شیعە بەسەر بەغدا ناڕازین، گرتنە دەسەڵاتی سووریا دەتوانێت زیادبوونی پشتیوانییەک بێت بۆیان لە ناوچەکەدا و پشتگەرمتر بن.
لە پاڵ ئەوەشدا ئەگەری دابەشبوونی بەشێک لە وڵاتان و گۆڕان لە نەخشەی سیاسیان، کە دەگوترێت ئیسرائیل لە پشتی پلانەکەیە، مۆتەکەیەکی نوێیە بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا.
عێراقیش لەم گەمەیە بە دوور نییە و ترس لە گۆڕینی سیستەمی سیاسی (لە ئەگەری هەر ئاڵۆزییەکدا) و لە کۆتاییدا دابەشبوونی جوگرافیاکە لە ڕووی کارگێرییەوە، بە ئاشکرا لە زمان بەرپرسان و کاربەدەستانی وڵاتەکە دەبیسترێت.
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالکی، کە بە پشتی پەردەی دەسەڵات لە عێراق دەژمێردرێت، لە دیمانەیەکدا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە، پلانی "کانتۆنی بچووک" لە ناوچەکە جێبەجێ دەکرێت و ئیسرائیل لە هەوڵی دابەشکردنی دایە و ئەو پلانەش لە ٦٠کان و ٨٠کاندا دانراوە و ئیشی لەسەر کراوە و ئێستا جێبەجێ دەکرێت.
ئەوە بۆ سوودانی ڕوون بووەتەوە کە شەڕ لە سووریایە و تۆزەکەی لەبەر دەرگای عێراقە، بۆیە دەیەوێت بە دوور ڕاگرتنی عێراق لەو جەنگە، خۆی و وڵاتەکەی وەک بێ لایەن نیشان بدات و بگرە باس لەوە دەکرێت کە نێوەندگیری نێوان تاران و دیمەشق بکات.
- مانەوەی سوودانی
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو سەردانەیدا بۆ تاران نایەوێت داوا لە تاران بکات کە بیپارێزێت، چونکە لە ئێستادا پێگەی لەرزۆکی تاران دەبینێت، بەڵکو دەیەوێت بە تاران بڵێت دەستبەرداری بێت و کارێک نەکات دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق لاواز بێت.
بە سەرنجدان بەوەی کە سووننەکان و کوردەکان هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر خۆیان دادپەروەرانە نابینن و لە ماڵی شیعەشدا ناکۆکییەکان لەسەر بەردەوامی دەسەڵاتی سوودانی لە زۆربووندایە، سوودانی بە دوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی لە بەغدا.
تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ خوولی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی دێت و سەرەڕای ئەوەی زەمزەمەی هەڵبژاردنی پێشوەختەش لە ئارادایە. سوودانی بۆ بەردەوامی ڕێگەکەی دەزانێت کە پێویستە سەقامگیری عێراق دەستەبەر بکات و وڵاتەکەی دوور بێت لە ململانییەکانی ناوچەکە. گرژییەکان پێگەی لەرزۆک و سوودانی لە لێواری ڕووخان نزیک دەکەنەوە، بۆیە پاراستنی قەوارەکەی بەندە بە قایلکردنی ئێران و گرووپە پرۆکسییەکانی لە عێراقدا.
لە لایەکی دیکەوە ئەستەمە ناکۆکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ( اطار تنسیقی ) جارێکی دیکە دەرفەتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ سوودانی دەستەبەر بکاتەوە. لە عێراق نەریتێکی سیاسی لە دوای ٢٠٠٣وە بۆ هەموو لایەک سەلمێندراوە کە هیچ کەسایەتییەک نابێت لەوەی کە هەیە بەهێزتر بێت و سوودانی ڕێگەی پێ نادرێت لەوە زیاتر قورسایی هەبێت. کلیلی چارەسەری ئەوەش هەر لە تارانە و سوودانی دەبێت ئەو متمانەیە لەوێ دەستەبەر بکاتەوە.
- لە کۆتاییدا
ئەمریکا لە ناوچەکەدا هیچ کاتێک ئێرانی بەو ئاستە لاواز نەبینیووە و بۆیەش ئەستەمە لەسەر خواستەکانی بۆ نەهێشتنی پرۆکسییەکانی تاران، خۆش بێت و پاشەکشە بکات. لە بەرامبەردا ئێرانیش گۆڕەپانی عێراق بە دوایین ساتری خۆی دەزانێت. بۆشی ڕوون بووەتەوە کە لەدەستدانی عێراق چ ئاکامێکی زیانباری بۆ خۆی هەیە. بۆیە پێشوازی لە سەردانەکەی سوودانی و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ دەکات. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە پەتی خۆی بداتە دەست سوودانی لەو وڵاتە.
بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران گرنگە کە سەقامگیری عێراق تێکنەچێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە لێک نادەنەوە کە سەقامگیرییەک کە لە گرەوی هەڵوەشاندنەوە و چەککردنی پرۆکسییەکان و بە شێوەیەکی گشتی حەشدی شەعبی دابێت، خواست و ڕەزامەندی ئێرانی لەسەر بێت.
بۆ ئێران هەڵوەشاندنەوەی حەشد ڕووخانی دوایین ساترە و هێڵی سوورە و هەر ئەم هەفتەیە ئەوە لە زمان ڕێبەری ئەو وڵاتە عەلی خامنەییش بیسترا کە "ڕێگە نەدرێت بە پەراوێزخستنی ئەوانەی کە خزمەت بە نیشتمانەکەیان دەکەن". دەنگۆی هاتنی قائانیش بۆ بەغدا بەر لەسەردانەکەی سوودانی بۆ تاران، هەر پشتڕاستکردنەوەی ئەو بۆچوونەیە.
ماوەتەوە بگوترێت، سوودانی لەسەر دووڕێیانێک، بەو هەموو گرێ کوێرەیە کە هەست دەکات هەمووی بە دەمی ئێران دەکرێنەوە، بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە یان ئێران مل دەدات بە خواستەکانیی و عێراق لەو جەنگە بە دوور ڕادەگرێت.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن