مەهمەت رەکیبئۆغڵو، مامۆستا لە زانکۆی سەکاریا لە میانی بەشداریکردنی لە مێزی شیکاریی ئاژانسی ئانادۆڵودا، هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا-ئیمارات کرد.
سیاسەتی دەسەڵاتی ئاک پارتی و تورکیا بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، بەهۆی زۆر پێشهات کە دوای ٢٠١٠ روویاندا، ئاراستەیەکی جیاوازی گرت، بەو واتایەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیمارات لە پاش کودەتاکەی (عەبدولفەتاح) سیسی بەسەر یەکەم سەرکۆماری هەڵبژێردراوی میسر، محەمەد مورسی-دا زیانی بەرکەوت، ئەبو زەبی کە لە زۆر بابەتی جیاوازی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک لیبیا، خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، سوودان و سووریا دژبەری ئەنقەرەی گرت لە ساڵی ٢٠٢١ەوە، هەنگاوی جیددی دەنێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا.
ئەم سیاسەتە ''زیادکردنی دۆستەکان و کەمکردنەوەی دوژمنان لە سیاسەتی دەرەوەدا'' کە لەگەڵ پرەنسیپی تورکیادا گونجاوە، لەلایەن ئەنقەرەوە پێشوازیی لێکرا. سەردانی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئیمارات، تەحنون بن زاید ئەل نهەیان بۆ تورکیا لە ئابی ٢٠٢١دا و سەرکردەی راستەقینەی ئیمارات کە جێنیشی ئەبو زەبی، شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان-ە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا بۆ ئەنقەرە، دەریخست کە پەیوەندییەکان چوونەتە قۆناغی نوێوە. لەم قۆناغە نوێیەدا، سەرەڕای ناکۆکیی بەرژەوەندی و سیاسەتی جیاواز، هاریکاریی ئابووریی خرایە پێش، بە واتایەک پێشبڕکێکان کۆتاییان پێ نەهات، بەڵام دەستکرا بە ئیدارەدانیان. سەرەڕای ئەو هەنگاوانەی لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی دیپلۆماسییدا ندراون، چەند پێشهاتێکی ئەرێنیش روویاندا. لە پاڵ سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو بۆ کەنداو، پەیوەندی تەلەفۆنیی و کۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا ئەنجامدرا بۆ هەڵپەساردنی چالاکییەکانی سەدات پەکەر کە لە تورکیا داواکراوە و محەمەد دەحلان، هەڵگرتنی قەدەغەی میدیای لەلایەن هەردوو لاوە و بەرەوپێشبردنی هاوبەشێتی بازرگانیی. وەک دوایین جاریش سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پاش سەردانەکەی شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان بۆ ئەنقەرە سەردانی ئیماراتی کردەوە کە ئەوەیش دینامیکی جیاواز لەخۆدەگرێت لەڕووی هاوکێشە جیهانی و هەرێمییەوە.
دەتواندرێت بگوترێت ئەو پەرەسەندنانەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست روویانداوە کاریگەریان لەسەر وەرچەرخانەکانی سیستمی سیاسیی جیهانیی هەیە. بەو واتایەی لەسەر سێ بابەتی سەرەکی وەستاوە. یەکەمیان هەرچەندە جێگەی مشتومڕە، پێشهاتەکانی ئەمریکایە کە گەورەترین هێزی سیستمی ئێستای نێودەوڵەتییە. سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ کە لە ساڵانی نێوان ٢٠١٧-٢٠٢١ سەرۆکی ئەمریکا بوو لە بارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بووە هۆی هەڵکشانی ناسەقامگیریی و پشێوی هەرێمایەتیی. ترەمپ بە ئاشکرا پشتیوانی لە کەنداو کرد و لە بابەتی ئیسرائیل-فەڵەستینیشدا کە کێشەی درێژخایەنی ناوچەکەیە لایەنگری تەل ئەبیب-ی کرد، ئەوەش گرژیی زیاد کرد. سیاسەتی هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ رەنگدانەوەی هەبوو لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا-کەنداو، بەڵام کاتێک جۆ بایدن شوێنی دۆناڵد ترەمپ-ی گرتەوە پەیوەندییەکان سەرلەنوێ ئاسایی بوونەوە.
دووەم دینامیکی گرنگ لەڕووی هاوکێشەی سیاسیی جیهانییەوە، هەڵکشانی رووسیایە لەسەر ئاستی جیهانیی و هەرێمیی لەگەڵ پێگەی مۆسکۆ لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیمارات. رووسیا بە سەرۆکایەتی پوتین کە هێزی سەربازیی لە (کریمیا، سووریا -هەندێ ناوچەی ئۆکراینا) هەیە، پەیوەندی نزیکی لەگەڵ تورکیا و ئیمارات هەیە. مۆسکۆ کە لە بارەی سووریا هاریکاری لەگەڵ تورکیا و لەبارەی لیبیا هاریکاری لەگەڵ ئیمارات دەکات، زۆر ئارەزوومەندی دابینکردنی ئاسایشە کە ئەمریکا خوازیاری نییە. مۆسکۆ کە سیستمی S-400ی بە تورکیا فرۆشت وەک یەکەم وڵاتی ئەندام لە ناتۆ، خوازیارە بە هەمان شێوە ئەو سیستمە بە ئیمارات بفرۆشێت، بەوەش پشتیوانی لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا-ئیمارات بکات.
- هێزی چین لە ناوچەکە و کاریگەرییەکانی
سێیەم سەردێڕ، زیادبوونی هێزی سەربازیی چینە لە ناوچەکەدا. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە چینیش هاوشێوەی رووسیا، بەئەرێنی دەڕوانێتە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی کەنداو. پەکین بەپێچەوانەی مۆسکۆوە بایەخی لەپێشینەی ئابوورییە نەوەک سەربازیی. بەمپێیەش چین بۆ پتەوکردنی پێگەی خۆی پەنا دەباتە بەر هەماهەنگیکردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە نەک دروستکردنی گرژیی و ئاڵۆزیی. دوای دەستپێکی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و وڵاتانی کەنداو، وەزیری دەرەوەی چین سەردانی تورکیا و وڵاتانی کەنداوی کرد و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ لێکنزیکبوونەوەی ئەنقەرە و ئەبوزەبی دووپات کردەوە.
لە پڕۆژەی رێگای پشتێنەیی چیندا، تورکیا و ناوچەی کەنداو گرنگییەکی زۆریان هەیە، هەروەها ئیمارات و تورکیا دوو هاوپەیمانی ستراتیجین بۆ چین. هەربۆیە گرژی نێوان ئەنقەرە و ئەبوزەبی دەبێتە رێگر لە بەشێکی بەرەوپێشچوونە ئابوورییەکانی چین لە ناوچەکەدا. ئەگەر لەم رووەوە بابەتەکە هەڵبسەنگێندرێت ئەوا ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا-ئیمارات، رۆڵێکی گرنگی هەیە لە هاوسەنگکردنی سیاسەتی نێودەوڵەتیی ئەمریکا-رووسیا-چین.
- هاوکێشەی ناوچەیی
سەردانەکەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئیمارات لە روانگەی هاوکێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سێ سەردێڕی لێدەکەوێتەوە یەکەمیان؛ هەوڵەکانی زیادبوونی هەماهەنگییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە هەر لە سەرەتای ٢٠٢١ەوە. ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە هەماهەنگی و دیالۆگ دەستیان کردووە بە گرتنەوەی شوێنی رکابەریی و گرژیی.
لە لایەکی دیکەشەوە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا-ئیمارات، خێراترین قۆناغی گەیشتنە ئەنجامی گفتوگۆکانی ئەنقەرەیە لە روانگەی سیاسەتی دەرەوە، چونکە دانوستانەکانی نێوان تورکیا لەگەڵ میسر و ئیسرائیل زووتر لە دانوستانەکانی بەرپرسانی ئەنقەرە لەگەڵ ئەبوزەبی دەستیان پێ کرد، بەڵام تا ئێستا ئەم دانوستانانە نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە. ئەگەر لەم روانگەیەشەوە هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکە بکرێت، ئەوا تورکیا و ئیمارات لەڕێی لێکنزیکبوونەوەیەکی کاراوە توانیان بەخێرایی قۆناغی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بەدامەزراوەیی بکەن.
پێش سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئیمارات، رازاندنەوەی تاوەری خەلیفە بە ئاڵای تورکیا نیشانەی نزیکبوونەوەی نێوان تورکیا و حکوومەتەکەی بن زایدە، بەهەمان شێوە رۆژنامەی "خلیج تایمز" بابەتێکی لە بارەی ئەردۆغان-ەوە بڵاوکردەوە کە پڕ بوو لە پەیامی هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات، هەروەها رۆژنامەی "الاتحاد" هەشت لاپەڕەی تەرخان کردبوو بۆ نووسینەکانی ئەردۆغان و سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتون ئەمەش نیشانەی خواستی ئیماراتە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا.
- کاریگەری ئێران
ئێران مژاری دووەمی سەردانەکەیە، پەلامارەکانی چەکدارانی حووسیی کە رۆژبەڕۆژ مەترسی بۆسەر ئاساییشی کەنداو زیاتر دەکات، ئەگەری هەیە تورکیا و ئیمارات زیاتر لە یەکتر نزیک بکاتەوە، ئیمارات لەلایەکەوە لەگەڵ حکوومەتی تاران لە پەیوەندییەکی باشدایە لەلایەکی دیکەشەوە لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشی چەکدارانی حووسییدایە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن. دوای پاڵپشتی نەکردنی ئیمارات لەلایەن ئەمریکاوە، تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیماراتدا زیاتر پەرەپێ دا. تورکیا بەردەوام ئیدانەی هێرشەکانی حووسییەکانی بۆسەر عەرەبستانی سعوودیە و ئیمارات کرد.
چاوەڕوان دەکرێت بەرامبەر بە ئێران و حووسییەکان هەردوو لایەن زەمینەسازی بکەن، پرسیاری رۆژنامەنووسانی ئێران بۆ سەرکۆمار ئەردۆغان بەرلە سەردانەکەی بۆ ئیمارات، دەکرێت لەم گۆشەیەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت. ئیمارات کە پێداگرە لەسەر کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە تورکیا، یەکێک لە هۆکارەکانی نزیکبوونەوەی لە تورکیا بۆ پەرپێدانی کاری هاوبەشییە لە پێناو سەقامگیریی.
- رکابەریی وڵاتانی کەنداو
رکابەریی وڵاتانی کەنداو مژاری سێیەمی سەردانەکەیە، ئیمارات نزیکبوونەوەی لەگەڵ تورکیا بەرامبەر بە سعوودیە بە گرنگ دەبینێت، ململانێی سیاسیی و ئابووریی لەنێوان سعوودیە و ئیمارات، پێگەیەک بۆ تورکیا لەناو کەنداو فەراهەم دەکات و پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و ئەبوزەبی تۆکمەتر دەکات. بەو پێیە ئیمارات دەیەوێت داهاتی نەوت وەکو وڵاتانی دیکە زیاد بکات. هەروەکو ئەردۆغان-یش لە رۆژنامەی خەلیج تایمز "Khaleej Times" جەختی کردووەتەوە، بەهای بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا بە نزیکەی ٩٠ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، قەبارەی بازرگانی کە لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٧،٣ ملیار دۆلار بووە بەڕێژەی لەسەدا ٢١ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٨،٩ ملیار دۆلار.
لە لایەکی دیکەوە ئیمارات بەدوای زیادکردنی داهاتە. لە کاتێکدا تورکیا لەم رووەشەوە بۆ ئیمارات و وڵاتانی دیکە جێگەی سەرنجە. بۆیە ئیمارات لەم بارودۆخەدا بەر لە رکابەرانی (سعوودیە و قەتەر) لە هەوڵی قۆزتنەوەی ئەو دەرفەتە دایە.
یەکێکی دیکە لە رکابەرانی وڵاتانی کەنداو قەتەرە، جۆ بایدن بە پێچەوانەی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، پشتی لە ئیمارات و سعوودیە کرد و رووی کردە قەتەر، بۆیە بانگهێشتی میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی بۆ کۆشکی سپی و پێشوازی لێکردنی لەلایەن جۆ بایدن و بەرزکردنەوەی قەتەر بۆ پلەی هاوپەیمان لە دەرەوەی ناتۆ، ئیماراتی ناڕەحەت کرد، ئیمارات دەیەوێت بەرامبەر بە قەتەر پەیوندییەکانی لەگەڵ تورکیا زیاتر بەرەو پێشەوە ببات. تورکیاش دەیەوێت جگە لە قەتەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی کەنداویش باشتر بکات. بەتایبەت کە لەئێستادا سیاسەتەکانی قەتەر لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست حکوومەتی ئەنقەرە نیگەران دەکات.
لە لایەکی دیکەوە وەبەرهێنان، هەلی کار و هەناردەکردن له سیستەمی نوێی ئابووری تورکیادا، وا دەکات لەیەکتر نزیکبوونەوە و پەیوندییەکانی نێوان تورکیا و ئیمارات زیاتر گرنگی پێبدرێت، بۆیە قۆناغێکی نوێ لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەست پێ دەکات.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتوون لە نووسینێکیدا کە لە رۆژنامەی "الاتحاد" بڵاوی کردووەتەوە جەختی لەوە کرووەتەوە رووبەڕووبوونەوەی پەتا و دوا پێشهاتەکان پێویستییان بە قۆناغێکی نوێ هەیە، کاری هاوبەشیی و هەماهەنگیمان لەبواری ئابووریدا کاریگەری ئەرێنی بەسەر لێکتر نزیکوونەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانیشمان دەبێت و گۆڕانی پەیوەندییەکان بۆ هاوپەیمانیی ستراتیجیی کاتی پێویستە. بەتایبەت لیبیا و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بۆی هەیە تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بێت بۆ لایەنەکان لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکاندا، بەهەمان شێوە ئەگەری ئەوە هەیە لێکنزیکبوونەوەی حکوومەتی ئەبوزەبی و تەل ئەبیب رەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل هەبێت.
مەهمەت رەکیبئۆغڵو مامۆستای ئەندام له پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زانکۆی سەکاریا
news_share_descriptionsubscription_contact

