شەنگەھای
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەردانی وڵاتی چینی کردو لە زانکۆی شەنگەھای لەگەڵ خوێنداکاران کۆبوویەوەو چەندین بابەتی لەباری ئابووریی و فراوانکردنی بازنەی بازرگانی ورووژاند، ھەروەھا باسیان لە پرۆژەکانی دروستکردنی فرۆکەخانەو بنیاتنانی گشتی کرا.
کامیرۆن لەبارەی سەرمایەی بێگانەکانەوە گوتی " پێویستە رێژەی سەرمایەی بێگانەکانی وڵات شەفاف و کراوە بێ، بەوجۆرە دەتوانرێ بە پاڵپشتیی سەرمایەی بێگانەکان ئابووریی وڵات تۆکمە بکرێ."
کامیرۆن لەبارەی پەیوەندیی ئابووریی و بازرگانی نێوان بەریتانیا و چین گوتی "ئەو رێککەوتننامە ئابوورییانەی لەنێوان ئێمەو چین ئیمزاکراوە، پەرەی پێدەدرێ و لە بەردەوامیدان بەجۆرێ ھیچ لەنگییەک بۆ بێ ھێزکردنی لە ئارادا نییە."
زیاتر لە ١٠٠ گەورە بازرگان و سەرمایەداری بەریتانی یاوەریی سەرۆکوەزیرانیان کردبوو بەمەبەستی ئیمزاکردنی گرێبەست لە زۆربەی بوارەکان چووبوونە وڵاتی چین. بەپێی گرێبەستەکان وا دەردەکەوێ پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە تا دێ بەررەو باشی دەڕوات، ھەروەھا بازرگانیی ئۆنلاین بەرادەیەکی زۆر پەرەیسەندووە، بەتایبەت وڵاتی چین رێژەیەکی زۆر کەلوپەلی لەڕێی ئینتەرنێتەوە دەفرۆشێتە کڕیاران.
لە کۆبوونەوەکاندا باس لە ھەماھەنگیی کاری کۆمپانیا بەریتانییەکان و بەڵێندەرە چینییەکان بۆ ئاڵوگۆڕیی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی سێیەم کرا.
بڕیارە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەیاوەریی شاندە قەرەباڵغەکەی چەندین دیداری جۆراوجۆر لەگەڵ بەرپرسانی بازرگانی، کەلتووری، ھونەری، وەرزش، تەندروستی سازبدا. ھەروەھا لەبەرنامەدایە کامێرۆن چاوی بە شی چینپینگ سەرۆکی چین و لی کچیانگ سەرۆکوەزیران بکەوێ.
دوای دیدارە رەسمییەکانی ھەر ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەگەڕێتتەوە وڵاتەکەی.