Kosar OSMAN
24 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2016
سەرۆکی چین شی ژینگپینگ بە سەردانێک گەیشتە تاران و لەگەڵ هاوپۆستە ئێرانییەکەی حەسەن روحانی کووبووەوە.
هەریەک لە روحانی و ژینگپینگ باسیان لە قۆناغی نوێی نێوان هەردوو وڵات کرد و لە چەند بابەتێکی جیاجیادا پرۆتۆکۆلیان واژووکرد.
دوای واژووکردنەوە سەرکۆماری ئێران گوتی: "ئەم سەردانەی بەڕێز سەرۆکی چین بۆ ئێران، سەردانێکی مێژووییە و دەسپێکی قۆناغێکی تازە و پڕاوپڕە لە هیوا بۆ هەردوو وڵات. پەیوەندیی نێوان ئێمە و چین دەگەڕێتەوە بۆ 2 هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ. ئێستایش پەیوەندییەکی تۆکمەی نێودەوڵەتی بە چەندین هەماهەنگی و کاری نێوانمانەوە بە شێوەیەکی زۆر باش درێژەی هەیە".
روحانی گرنگیی سەردانەکەی روونکردنەوە، تایبەت کە دوای لادانی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران رێکخراوە و بەمشێوەیە هەستی خۆی دەربڕی: "ئەم سەردانە لەم کاتەدا گرنگیی خۆی هەیە. ئێمە رێکەوتن ئەنجام دەدەین، ریکەوتنەکان بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی هەردوولایە. لەم 2 ساڵەی دواییدا 5 جار چاومان بەیەکتر کەوتووە. لە بیشکێک، شانگەهای، جاکارت و نیویۆرک. ئەوە ئێستایش تاران کۆیکردووینەتەوە، کە پرسە هەنووکەییەکانی ناوچەکە و پەیوەندیی نێوان چین و ئێرانمان خستە بەر باس".
روحانی لەبارەی رێکەوتنەکانەوە گوتی: "بەپێی رێکەوتنە ستراتیجییەکانی نێوانمان ماوەی 25 ساڵ بۆ رێکەوتن لە چەندین بواری جیاجیا دیاریکراوە. بە جۆرێک لەماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بارستایی بازرگانیی نێوانمان دەگاتە 600 ملیار دۆلار"
سەرۆکی چین شی ژینگپینگ لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئێران بەمجۆرە دوا: "چین گەورەترین هاوبەشی ئێرانە. ئەمە یەکەم سەردانمە بۆ ئێران و مەبەستی سەرەکیم تۆکمەتر کردنی پەیوەندیی نێوانمانە و بەهێزترکردنی پەیوەندیی گەلانی چین و ئێرانە. ئێمە لە زۆر کەرتی جیاوازدا رێکەوتنمان واژووکرد. گەورەتین هاوبەشی ئێران چینە و ئێرانیش گرنگترین هاوبەشی چینە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست".
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت شی ژینگپینگ لەگەڵ رابەری ئایینیی ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەیی کۆببێتەوە.
ئێران کە لە بەرهەمهێنانی نەوتدا بە پلەی ٥ەمی جیهان دێت، پلەی 6ەمی لە لیستی ئەو وڵاتانە گرتووە کە نەوت هەناردەی چین دەکەن. ئێران رۆژانە 542 بەرمیل نەوت هەناردەی ئەو وڵاتە دەکات.