سياسەت, عێراق

مستەفا کازمی: "ھەزار ساڵ گفتوگۆ باشترە لە ساتێک رووبەڕوونەوە"

Zana Natık Kerem  | 11.08.2022 - نوێکردنەوە : 12.08.2022
مستەفا کازمی: "ھەزار ساڵ گفتوگۆ باشترە لە ساتێک رووبەڕوونەوە"

Arbil

ھەولێر – AA

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، ئەو دەستپێشخەرییەی کە لە ماوەکانی رابردوودا پێشکەشی کردبوو، لەلایەن زۆربەی لایەنە سیاسییەکانەوە پاڵپشتی لێکراوە و گوتی: "ئێستاش کاردەکەین بۆ رەخساندنی دەرفەتێک بۆ گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان، چونکە ھەزار ساڵ گفتوگۆکردن باشترە لە ساتێک کە تیایدا رووبەڕوونەوە لەنێوان عێراقییەکاندا رووبدات".

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا رایگەیاندووە "ئێمە پێکەوە لەم حکوومەتەدا بە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری گەورەی ئابووریی، ئەمنیی، سیاسیی و تەندروستی دەستمان بەئەرکەکانمان کرد، ھەروەھا ئەو بەرەنگارییەمان قبوڵ کرد و نزیکەی دوو ساڵ و شەس مانگە ھێشتا لە ھەلومەرجێکی زۆر ئاڵۆزدا کار لەسەر تێپەڕاندنی ھەموو ئاستەنگەکان دەکەین".

ھەروەھا گوتوویەتی "عێراق لە قۆناغی دوای ھەڵبژاردنەکانەوە، بەرەوڕووی کێشەی سیاسیی راستەقینە بووەتەوە و ئێستا پێوێستی بە چارەسەر ھەیە، چارەسەرەکەیش پێویستی بە گفتوگۆ، ژێریی و قوربانییدانە، ھەروەھا پێویستە سەرکردە سیاسییەکان قوربانی لە پێناو نیشتمان و گەل بدەن".

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەیشداوە، ئەو بەرەنگارییانەی کە بەرەوڕوی بووەتەوە، رەنگدانەوەی لەسەر ئەدای حکوومەت و سەرجەم دامەرزاوەکانی دەوڵەت ھەیە و گوتی: "بەداخەوە لە تەمەنی ئەم حکوومەتەدا کە ٢٨ مانگە، تەنھا شەش مانگ بوودجەی گشتیی ھەبووە، لەکاتێکدا چۆن دەوڵەت بەبێ بوودجە دەتوانێت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات".

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی راشیگەیاندووە "ئێمە بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕین، لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا کارمان کردووە بۆ چارەسەرکردنی چەندین کێشە، ھەروەھا چەندین پڕۆژەی کەڵەکەبوو ھەبوون کە ساڵانێکی زۆر بوو پلانیان بۆ دانرابوو، ئێمەش کارمان دەکرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و گۆڕینیان بۆ دەرفەتی سەرکەوتن، لەوانە نۆژەکردنەوەی نەخۆشخانەکان و پڕۆژەکانی دیکەی پەیوەیست بە کارەبا، نەوت، گاز، بەڵام بەبێ بوودجە، ژیانی خەڵکی پەک دەخرێت".

گوتیشی: "ئێمە کە ئێستا لە مانگی ھەشتی ٢٠٢٢داین، ھێشتا بوودجە نییە، کێشەکەیش لە حکوومەت نییە، بەڵکو ھۆکارەکەی رەوشی سیاسیی ئێستایە، ئەگەر بوودجە، تەوافوقی سیاسیی لەسەر پێکھێنانی حکوومەت و چارەسەرێک بۆ چەقبەستووە سیاسییەکەی ئێستا نەدۆزرێتەوە؟ چۆن دەتوانیین قوتابخانە بنیاتبنێین و رێگاوبانەکان نۆژەن بکەینەوە".

مستەفا کازمی جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە پرسی نەبوونی بوودجە، کارێکی زۆر مەترسیدارە و رایگەیاندووە "لە کاتێکدا ئێمە دارایی باشمان ھەیە و پێویستمان بەوەیە وەبەرھێنانی پێ بکەین لە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخان و بەدیھێنانی داواکاری گەل، چونکە عێراقییەکان شایەنی باشترینن، بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان رەنگدانەوەی خراپیان لەسەر رەوشی خزمەتگوزاری ھەیە و لەبەر ئەوە داوا لە ھەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەم، بۆ چارەسەرکردنی رەوشەکە دەست بە گفتوگۆی جیددی بکەن".

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی گوتی: "ئێستایش ئەو قسەیەم دووبارە کەمەوە و دەڵێم ھەزار ساڵ گفتوگۆکردن باشترە لە ساتێک کە تیایدا رووبەڕوونەوە لەنێوان عێراقییەکاندا رووبدات. لە ماوەکانی رابردوودا، دەستپێشخەرییەکمان پێشکەش کرد کە لەلایەن زۆربەی لایەنە سیاسییەکانەوە پاڵپشتی لێکرا، ئێستاش کاردەکەین بۆ رەخساندنی دەرفەتێک بۆ گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان، چونکە پێویستە پارێزگاری لە سستەمی دیموکراسیی لە وڵاتەکەماندا بکەین، هەروەها دەبێت رێرەوە ھەڵەکانیش ئەگەر لە بڕگەکانی دەستووریشدا ھەبن راستیان بکەینەوە، جگەلەوەیش راستکردنەوە و ئەنجامدانی گۆڕانکاری، دەبێت تەوافوقی سەرجەم رۆڵەکانی گەلی عێراقی لەسەر بێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın