بەغدا
جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق ساڵح موتڵەگ رایدەگەیەنێت، هیچ لایەنێك بەرامبەر بە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە شەڕی گرتنەوەی پارێزگای ئەنبار بەرهەڵست نیینە و داواش لە سەرجەم كوتلەكان دەكات ناكۆكییەكانیان وەلاوەنێن و پشتیوانی هێزەكانی ئەمنی و هێزی حەشدی شەعبی بكەن.
لە بەیاننامەیەكدا كە دانەیەكی دەستی ئاژانسی ئانادۆڵو كەوتووە، موتڵەگ گوتویەتی: "لە كۆبوونەوەكانی كوتلەی یەكێتی هێزەكانی عێراق ئەوەمان دووپاتكردووەتەوە، كە هەمووان پێشوازی لە هەر هاووڵاتییەكی عێراقی دەكەین كە بەشداری لە شەڕی گرتنەوەی ناوچەكانی ژێر دەستی چەكدارانی داعشدا بكات، بەڵام بەمەرجێك شەڕكردنەكە لە ژێر ئاڵای عێراق و فەرمانداریەتی گشتی هێزەکانی چەكدار بێت.
جێگری سەرۆكوەزیران ئاماژەی بەوەشدا، بەو پێیەی هەموومان یەك ئامانجمان هەیە كە ئەویش رزگاركردنی سەرجەم ناوچەكانی ژێر دەستی چەكدارانی داعشە، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان پاڵپشتی و پشتیوانی هێزەكانی ئەمنی و هێزی حەشدی شەعبی بکەین.