سلێمانی
جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئارام شێخ محەمەد لە پانێڵێكدا كە لە شاری سلێمانی لەلایەن راگەیاندنی حزبەكەی "بزووتنەوەی گۆڕان" لە ژێر ناوی (كوردستان لە قوڵایی قەیرانەكاندا ) بۆی سازكرابوو باسی لە دۆخی عێراق و ئایندەی كورد لەو وڵاتەدا كرد.
ئارام شێخ محەمەد گوتی:" لە سەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئێستا كورد یەك لەسەر سێی دانیشتوانی پێكهێناوە، لەو ماوەیەدا و لە پێش ساڵی 2003 و سەردەمی ڕژێمەكانی پێشوو هەوڵی كورد بۆ ناساندنی ناسنامەی خۆی بووە و بە درێژای ئەو ماوەیە لە خەباتی چەكداریدا بووە.
لە دوای ساڵی 2003 كورد بە شێوەیەكی بەهێز بەشداری حكوومەتی عێراقی كرد و بەهێزتر بوو لە پێكهێنانی حكوومەتی عێراقدا".
گوتیشی: "كورد لە عێراقدا سێ كێشەی سەرەكی هەبووە " خاك ، دەسەڵات ، سەروەت و سامان" و تا ئێستاش ئەو كێشانە بەردەوامییان هەیە، لەگەڵ شیعە كێشەی دەسەڵات و لەگەڵ سووننە كێشەی زەوی و زارمان هەیە".
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقی ئاماژەی بەوەش كرد لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 2003 كورد خاوەنی كێشەكانی خۆی بووە، سونەش سەرقاڵی شەڕێك بووە لەگەڵ ئەمریكا بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی خۆی، شیعەكانیش وردە وردە دەسەڵاتیان بۆ خۆیان كۆنترۆڵ كرد.
ئارام شێخ محەمەد گوتی: "كێشەكانی كورد لە عێراقی نوێدا لە سەردەمی ویلایەتی دووەمی حوكمڕانی نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراقەوە دەستیپێكرد كاتێك دەسەڵاتێكی بەهێزی دروستكرد و گەیشتە قۆناغێكی مەترسیدار و بە بڕیارێكی تاكلایەنە بوودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی".
بەگوتەی بەرپرسەكەی پەرلەمانی عێراق داعش هێندەی تر كێشەی دەسەڵاتی لە عێراق قوڵتر كردەوە، دوای ئەوەی ئەمریكا لە ساڵی 2003 دروستی كرد بە هەڵوەشاندنەوەی حكوومەت و سوپاو دەرگا كردنەوە بەڕووی دەستێوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.
ئارام محەمەد نیگەرانی خۆی نیشاندا لە نەبوونی ستراتیجێكی رون لەلایەن سەركردایەتی سیاسی كورد بۆ ئایندەی دۆخی عێراق .
ئەو گوتی: "ئایندەی عێراق و ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعشدان نادیارە، سووننەكان لایان روون نییە چ بژاردەیەكیان هەیە بۆ ئەو شارە سووننییانە بەوەی داوای فیدراڵیەت دەكەن بۆ هەر شارێك یان هاوشێوەی هەرێمی كوردستان داوای هەرێمێكی فیدراڵی بۆ شارەكانی مووسڵ و ئەنبار و تكریت دەكەن، یان ئەوەتا عێراق دابەش دەبێت".
لەهەر دوو دۆخەكەدا سەركردایەتی سیاسی كورد و هەرێمی كوردستان ستراتیجێكی روونی نییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخەكەدا و تا ئێستا ستراتیجێكی روونمان نییە لەسەر ئەوەی ئایا لە بەرژەوەندیمانە هاوكاری دروست بوونەوەی عێراق بكەین كە لەسەر ئەرزی واقیع دابەش بونێكی گەورە لەم وڵاتەدا هەیە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی گوت، سوپای عێراق هەیە بەڵام ئەوەی هەیە و شەڕ دەكات هێزێكی دیاری كراوی پێكهاتەی شیعەكانە بە ناوی حەشدی شەعبی، پێشمەرگەش هی كوردە، سووننەكانیش بە دوای هێزێكدا دەگەڕێن بەناوی حەشدی نیشتمانی و پەرلەمانیش لە هەوڵی جێبەجێكردنی یاسای گاردی نیشتمانییە.