Arif Yusuf,Zana Natık Kerem
15 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2019
بەغدا ــ AA
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند کە پێنج كەسیان دەستگیرکردووە بەتۆمەتی تێوەگلان لە رووداوەكەی گۆڕەپانی وەسبە ناوەڕاستی بەغدا.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، گەنجێكی تەمەن ١٧ ساڵ لەدوای پێکهەڵپژان و دەمەقاڵییەک بە كلاشینكۆف تەقەی بەڕووی خۆپیشاندەراندا كرد لە گۆڕەپانی وەسبە ناوەڕاستی بەغدا و لە ئاكامدا، چوار خۆپیشاندەر كوژران و دوای رووداوەكەش، خۆپیشاندەران دوای گەنجەكە كەوتن و چوونە سەرماڵەكەی و ئاگریان لە ماڵەكەی بەردا.
خۆپیشاندەران گەنجەكەیان كوشت و بە ستوونێكدا لە گۆڕەپانی وەسبە هەڵیانواسی و دواتر هێزە ئەمنییەكان گەیشتنە شوێنەكە و تەرمی گەنجە كوژراوەكەیان هێنایە خوارەوە.
لەوبارەوە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، عەمید خالید مەحننا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق گوتوویەتی "هێزە ئەمنییەكان، پێنج كەسیان دەستگیركردووە كە تێوەگلاون لە رووداوەكەی گۆرەپانی وەسبە".
دوێنێ هەینی نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق، ئەحمەد سافی رووداوەكەی وەسبەی بەتاوانێكی قێزەون ناوزەند كرد و رایگەیاند كە پێویستە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە سزابدرێن.
پێشتر گوتەبێژی سەربازی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق، لیوا عەبدولكەریم خەلەف ئاشكرایكردبوو، بەپێی ئەو بەڵگانەی كە لە بەردەستدان، ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە ناسراون و لەزووترین كاتدا لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیردەكرێن.