بەغدا
بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق شاخەوان عەبدوڵڵا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "بەشێوەیەكی نا یاسایی و لەدەرەوەی ئێرادەی پەرلەمانی عێراق، ئێستا نزیكەی 30 هەزار سەرباز و ئەفسەر و راوێژكاری ئێرانی لە نێو خاكی عێراقن وحكوومەتی بەغداش چاوپۆشی لە بوونیان دەكات".
بوونی سەرباز و ئەفسەرانی ئێران لە خاكی عێراق بەتایبەت لە نزیك تكریت و سامەڕا و جەلەولا و سەعدییە، چەند جارێكە لەلایەن پەرلەمنتارانی عێراق دووپاتی لێوەكراوەتەوە.
پەرلەمنتاری سەر بە كوتلەی یەكێتی هێزەكانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا ئەحمەد مەدلول بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "بوونی هەر هێزێكی هەرێمی لە ناو خاكی عێراق رەتدەكەمەوە و نامانەوێت سەربازانی وڵاتانی درواسێ، بەتایبەت ئێران و توركیا پێ بنێنە ناو خاكی عێراق، چونكە وای دەبینین كە هەردوو وڵات تەماحكاریان هەیە".
ئەو پەرلەمنتارە گوتیشی: "راستە گوێبیستی كوژرانی فەرماندەكانی سەربازی ئێران دەبین، بەڵام بۆ بوونی 30 هەزار ئێرانی لە عێراق، ناتوانم پشتراستی بكەمەوە یان رەتی بكەمەوە، ئەگەر بوونیان لە دەرەوەی هاوپەیمانیێتی نێودەوڵەتی بێت، ئەوا بەتەواوی رەتی دەكەمەوە و هەڵوێستیان بەرامبەر وەردەگرم".
حكوومەتی كۆماری ئێسلامی ئێران بەردەوام تەئكید دەكاتەوە كە بەهیچ شێوەیەك هیچ هێزیكی رەوانەی عێراق نەكردووە.
دواجاریش لیوا حەسەن فەیروز ئابادی سەرۆكی دەستەی ئەركانی گشتی هێزەكانی چەكداری ئێران ئەوەی پشتراستكردەوە و لەمباریەوە رایگەیاند:" ئێران لە رووی سەربازییەوە، هیچ هێزێكی لە عێراق نییە.
قسەكانی بەرپرسانی ئێران بەناڕاست وەسف دەكرێت و لەمباریەوە بڕیاردەری لیژنەی ئەمن و بەرگری پەرلەمانی عێراق شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "بەڵگەی دروستم لایە كە ئەمقسانە دوورن لە راستییەوە، چونكە پاش بانگەوازەكەی مەرجەعی شیعەكان عەلی سیستانی، بەهەزاران ئێرانی روویان لە عێراق كردووە".
عەبدوڵڵا ئەوەش ئاشكرا دەكات: "كە ئێرانییەكان بەسێ شێوە هێزەكانیان دابەشكردووە، بەشی زۆریان كە لە سوپای پاسداران پێكهاتوون، لەریزی حەشدی شەعبین و بەشێكی دیكەیان ئەفسەرن و بەجلی مەدەنی سەرپەرشتی هێزەكان دەكەن و سێیەمینیشیان راوێژكاری سەربازین و بە ئاشكرا بوونیان هەیە".
قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی لە عێراق لەماوەی رابردوو لە نزیك شاری تكریت بینراو چەند وێنەیەكی بڵاوكرایەوە.
هاوكات دوو رۆژ بەر لە ئێستا ئەفسەرێكی باڵای ئێران بەناوی "سادق یاری" كە لە ژێر فەرماندەیی قاسم سولێمانی دابوو، لە تكریت و بە هۆی هێرشێكی خۆكوژیی چەكدارانی داعش كوژراوە.
یەكێكی دیكەش بەناوی "مەهدی نەورۆزی" كە ئەندامی بارەگای شەهید تیموری نیای سەر بە هێزەكانی بەسیج لە شاری كرماشان بووە، ئەویش چەند هەفتەیەك بەر لە ئێستا بە فیشەكی راستەوخۆی داعش لە شاری سامەڕا كە دوو مەزارگەی شیعەی لێیە كوژرابوو.