ئەنقەرە
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی کۆبوونەوەی پێنجەمینی موختارەکاندا کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچوو، ئاماژەی بەوە دا کە دەبێت پەکەکە چەک فڕێ بدات، ئەوەی قسەیەکی هەیە بۆ گوتن، لە رێی سیاسەتەوە بەجێی بهێنێت و گوتی: "ماوەی ١٣ ساڵە هەوڵی تەواومان داوە و کۆتاییمان هێناوە بەسیاسەتی رەتکردنەوە و ئینکار و تواندنەوە. ئەمەش بۆ ئەوە بووە کە زەمینەسازی بۆ فڕێدانی چەک بکەین و بیانووەکان ببڕین. بە بۆکس و لێدان هیچ کێشیەک چارەسەر نابێت، بەهیچ ئامانجێک ناگەین. هەرکاتێک ئەمەمان نەکرد و هەتا چەک فڕێ نەدەین، ئەوان زەڕەیەک پاڵپشتی ناکەن لە قۆناغی چارەسەری. بەپێچەوانەوە، هەموو کاتێک هەوڵ دەدەن ببنە کێشەیەک. ئێستادەڵێن 'با چەکەکان فرێ بدرێت' وەکو گوتن باشە بەڵام ساڵێک لەمەوپێش، لەنەورۆزدا هەمان شت گوترا، ئەی چی بوو؟ من لە نێو گەنجەکاندا گوتم چی، گوتم بۆ ئێمە کردار شەرتە، بەبێ کردار ئێمە بڕوامان بەقسە نییە. بۆیە دەبێت کرداریان ببینین".
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا ئەردۆغان ئاماژەی بە قۆناغی فڕێدانی چەک لەلایەن پەکەکەوە کرد و رایگەیاند ئەگەر دەیانەوێت لەم وڵاتەدا سیاسەت بکەن، ئەگەر دەیانەوێت پاڵپشتی بکەن لە چارەسەریی، ئەوە دەبێت رزگاریان بێت لە سێبەری چەکەکان، دەبێت پێش هەموو شتێک خۆیان رزگار بکەن لەژێر سایەی چەکاکاندا و گوتی: "ئەم بانگەوازەم بۆ رێکخراوی تیرۆریستی (پەکەکە) نییە بەڵکو بۆ ئەو پارتە سیاسییەیە کە هەتا ئێستا نەیانتوانیوە خۆیان رزگار بکەن لە ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستی (پەکەکە)".
لەبەشێکی تری گوتەکانیدا ئەردۆغان نموونەی ئێرلەندای باکووری هێنایەوە بۆ ئامادەبوان کە لە بەریتانیا و لە ئێرلەندا، سەرەتا چەکەکانیان ناشت، ئەمەشیان بۆ تەواوی جیهان سەلماند و داوای لە هەریەک لە پەکەکە و بەدەپە کرد کە دەبێت هەنگاوێکی لەو چەشنە بنێن.