سەنعا
بە هاوکاری ١٠ وڵاتی عەرەبی، سعودییە هێرشی ئاسمانی بۆسەر بزووتنەوەی ئەنساروڵای حوسی و سەربازانی لایەنگری عەلی عەبدوڵا ساڵحی سەرۆکی لەکارلابراوی یەمەن ئەنجام داو بەهۆیەوە چەندین شوێنی نیشتەجێبوون داڕما و ٢٥ کەسی سڤیلیش بوونە قوربانی.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوە تایبەتەکانەوە دەستکەوتوون، زۆربەی قوربانیانی مەدەنی لە ناوچەکانی باکووری سەنعای پایتەخت دان. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ٢٥ کەسی سڤیل گیانی لەدەست داوە و ٤٠ ی تریش بریندار بوون و کەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلمەسیرەی سەر بە حوسییەكان، بەپەلە داوا لە کارمەندانی تەندروستی دەکات، بچنەوە سەر کارەکانیان.
هێرشە ئاسمانییەکان شەوی رابردوو سەعات ٢ دەستیان پێکردووە و چەند ناوچەیەکی لە سەنعا و نزیک عەدەن کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە توانراوە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەو وڵاتە لەچەند شوێنێک تێک بشکێنن.
هەر لەو ئۆپەراسیۆنەدا هێرش کراوەتە سەر ناوچەی ئەل عەنەد کە تەنیا ٦٠ کم لە عەدەنەوە دوورە، ئەمش دوای ئەوەی حوسییەكان رۆژی رابردوو پێشرەوی زۆریان بۆ ناو شارەکە کردبوو کە ئێستا مەڵبەندی دەسەڵاتەکەی سەرکۆماری ئەو وڵاتە عەبدولڕەبۆ مەنسور هادی لێیە.
حوسییەكان بە تۆپخانە وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکانیان داوەتەوە و ئۆپەراسیۆنەکە تا سەر لەبەیانی ئەمڕۆی خایاندووە.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا هەریەک لە سعودییە، ئیمارات، قەتەر، بەحرێن، ئوردن، سوودان، کوێت، میسر و مەغریب تێدا بەشدارن.
لەلایەکی ترەوە باڵیۆزی سعوودیە لە واشنتۆن عادل ئەلجوبەیر رایگەیاند کە هێرشەکە سەعات ٢ ی شەو دەستی پێکردووە و مەبەست لێی پاراستنی حکوومەتی شەرعی و گەلی یەمەنە و ئاشکراشی کرد کە هێرشەکە لەسەر داوای عەبدولڕەبوو مەنسور هادی ئەنجام دراوە.
رۆژی رابردوو و دوای ئەوەی حوسییەكان بەرەو شاری عەدەن پێشڕەوییان کرد، سەرکۆماری ئەو وڵاتە لە ماڵەکەی خۆی رایکرد و لەنامەیەکدا کە بۆ وڵاتانی عەرەبی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردی، داوای کرد هاوکاریان بکەن و رێگری بکەن لە پێشڕەوی حوسییەكان.