سەنعا
لەگەڵ بەردەوامی شەڕوپێكدادانەكان و هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانێتی وڵاتانی عەرەب بۆسەر حوسییەكان لە یەمەن لە ئێستادا قەیرانی ئاویش لەو وڵاتە سەری ھەڵداوە.
دابین كردنی ئاوی خاوێن پێشووتر لە رێ بیرەكانەوە بوو و ماوە ماوە ئاوەكان دەبڕان، لەگەڵ تێكچوونی رەوشی ئەو وڵاتە ئێستا دابین كردنی ئاوی خواردەنەوە یەكجار بووەتە كارێكی ئەستەم.
دوای شەڕ و پێكدادانەكان و ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەكان لەو وڵاتە چەندین قەیران سەری ھەڵدا، كێشەی كەمی كارەبا، گرانی شتومەك و لە ئێستاشدا قەیرانی ئاوی خواردنەوە بەرۆكی دانیشتوانی گرتووەتەوە.
لە سەنعای پایتەختی یەمەن و لە چەند شارێكی گەورەی دیكەی یەمەندا ئاوەی بیرەكان بڕاون و ھاووڵاتییانیش بۆ دابین كردنی ئاو لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە لەگەڕاندان. چەند شوێنك و مزگەوتێك دیاری كراون بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان لەو شوێنانەدا ئاو دابین بكەن بۆیە قەرەباڵغی زۆر لە بەردەم مزگەوت و تانكەرەكاندا دروست دەبێت.
دوای ئەوەی سەركۆماری یەمەن عەبدرەبە مەنسووڕ ھادی شاری عەدەنی وەكو ناوەندێكی كاتی لە یەمەن دیاری كرد حوسییەكانیش لە بەرامبەر ئەوە بەرەو ئەو شارە ھەنگاویان نا و چەند خاڵێكی ستراتیجیان كۆنتڕۆل كرد. لەسەر ئەمەش سەركۆماری یەمەن داوای لە كۆمكاری عەرەبی و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد بە ھانایانەوە بچن. لەسەر ئەو بانگەوازەی ھادی هەریەك سعوودیە، بەحرێن، قەتەر، كوێت، ئیمارات، مەغریب، سوودان، ئوردن و میسر ھاووپەیمانێتیەكیان لە دژی حوسییەكان پێكھێنا و لە بەرەبەیانی رۆژی 26 ئادار فڕۆكەكانی جەنگی ئەو ھاوپەیمانێتیەیە ھێرشیان بۆسەر حوسییەكان دەست پێكرد.