شارەكە دوو وێنەی تێدا بەدی دەكرێت بەڕێوەبەری ناحیەكە باس لەوە دەكات زۆربەی دانیشتوانی گەڕاونەتەوە، وێنەیەكی دیكەش بەنێو شار و گەڕەكەكاندا دەگەڕێیت هاووڵاتییانی سیڤیلت كەم بەرچاو دەكەوێت.
شاری زوممار لە 25 مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو لە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە كۆنتڕۆڵكراتەوە، پێشتر چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش دەسەڵاتداربوون.
لەئێستا ژمارەیەكی زۆر خانووی هاووڵاتییان و باڵەخانەی حكوومی بە بۆردومانی فڕۆكەكانی جەنگی و تی ئێن تی تەقێنراونەتەوە.
گەرەكەكان چۆڵن، ناوە ناوە، منداڵان و گەنجانت بەرچاو دەكەوێت چەند دووكانێكی خواردەمەنی كراونەتەوە.
ناحیەی زوممار كەوتوەتە باكووری رۆژهەڵاتی مووسڵ لەڕووی ئیداریەوە سەر بەقەزای تەلعەفەرە و هاوسنووری قەزای شنگالە و ژمارەی دانیشتوانەكەی سەد و 18 هەزار كەسە.
بەڕێوەبەری ناحیەكە مزاحم سلێمان سەعدون، لە دیدارێكی ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "سەدا 85 دانیشتوانی ناحیەی زوممار گەڕاونەتەوە بۆسەر ژیانی ئاساییان و بەشێكی تری ئەو هاووڵاتییانەی نەگەڕاونەتەوە، هاووڵاتی عەرەبن چوونەتە نێو داعش بەشێكی تریشیان، تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە. بەگشتی نزیكەی 13 هەزار 500 خێزان گەڕاونەتەوە و خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا و قوتابخانە و نەخۆشخانە هەیە ئەوەش حكوومەتی هەرێم دابینیكردووە".
بینای ناحیەی شارەكە پێشتر چەكدارانی داعشی تێدابووە، لەلایەن فڕۆكەكانی جەنگی رووخێنراوە، ئێستا كاروباری ئیداری لە خانووی هاووڵاتیەكی عەرەب رایی دەكرێت.
راستە شارەكە لەرووی ئاسایشیەوە پارێزراوە، بەڵام چەكدارێكی زۆر بەرچاو دەكەوێت كەسانی دەورووپشتی بەڕێوەبەری ناحیەكەش چەكیان هەڵگرتووە.
مزاحم سلێمان، لەژوورەكەی دەمانچەیەكی لای راستی دانابوو لەدرێژەی دیدارەكەی لەگەڵ پەیامنێری ئانادۆڵو بەڕێوەبەری ناحیەكە رەخنە لە حكوومەتی ناوەند گرت دەڵێت: "بەداخەوە حكوومەتی ناوەند هیچ هاوكاریەكی نەكردووین، شارەكەمان بەهۆی شەڕی داعش ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییەوە رووخاوە، هەتا ئێستا بەغدا بوودجەی 2014 و 2015ی بۆ خەرج نەكردووین".
لەپاڵ رەخنەی كاربەدەستانی ئیداری شارەكە بەڵام حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەران و ئیدارەی زوممار خەرج دەكات.
بەڕێوەبەری ناحیەكە دەڵێت: "ناوچەكەی ئێمە سەربە پارێزگای مووسڵە و حكوومەتی ناوەند دوو مانگ جارێك مووچەی فەرمانبەران دەدات".
مزاحم گوتیشی: "هیچ پەیوەندیەكمان بە پارێزگای مووسڵەوە نییە ئێستا چونكە داعش دەسەڵاتدارە و سەردان و هاتووچۆ لەنێوانماندا نییە خۆراك و پێداویستییەكانیش لە سنووری پارێزگای دهۆك دەیهێنین".
هەر هاووڵاتیەك زیانی ماددی بەركەوتبێت سەردانی پۆلیسی شارەكە دەكات و دەڕواتە دادگا بۆ ئەوەی سكاڵا تۆمار بكات، قەرەبوو بكرێتەوە.
مزاحم سلێمان، دەڵێت "ئەوە بڕیارێكی ئیدارییە دەمانەوێت بزانین هاووڵاتییان، لە شەڕی داعش چ زیانێكیان بەركەوتووە، بۆ ئەوەی بتوانین لەداهاتوودا لەلایەن حكوومەتی ناوەند قەرەبوو بكرێنەوە، بەڵام تا ئێستا نەچووینەتە بەغدا".
پێش حوزەیرانی ساڵی رابردوو ناحیەی زوممار لە نێوان حكوومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی كوردستان، هەندی جار باجی ململانێ سیاسیەكانی داوە، بۆ ساڵێكیش دەڕوات كە چەكدارانی داعش لە پارێزگاكە دەسەڵاتدارن، ئەم ناحیە كێشەكانی زیاتر بووە.
بەرێوەبەری ناحیەكە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "كێشەكان زیاتربوون، بەوپێیەی ئەم سنوورە سەربە ماددەی 140 و ناوچە كێشە لەسەرەكانە سەرەڕای ئەوەی كێشەی ناوچەكە چارەسەرنەكراوە، داعشیش هات كێشەكانی ئاڵۆزتر كرد ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاری لە شارەكەمان تێك چووە، لەساڵانی رابردوو بوودجەی ناوچەكەمان هەشت و نۆ ملیار دینار بووە، ئەمرۆ پێویستمان بە دوو ئەوەندەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە".
مزاحم گوتیشی: "پێشتر چەندین پرۆژەی جۆراوجۆر لەبواری تەندورستی ئاو و كارەبا و خوێندن ئەنجامدراون، گوند نەمابوو كارەبای بۆ رانەكێشرێ بێگومان حكوومەتی هەرێم رۆڵی باشی هەبووە بەڵام ئێستا بارودۆخەكە گۆڕاوە، چونكە داعش ئیدارەی پارێزگای مووسڵ دەكات و ئێمەش پەیوەندیمان لەگەڵیان نیە هەروەها بوودجەش لە بەغداوە نایەت و بارودۆخی حكوومەتی هەرێمیش هەموولایەك دەزانێت چۆنە".