محەمەد حاجی مەحموود دەڵێت لە رووی جوگرافی و سیاسییەوە عێراق دابەش بووە. لە وتەیەكدا لە مەراسیمی رێزلێنان لە نزیكەی 1200 شەهیدی شەڕی داعش لە هەولێر سكرتێری حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان محەمەد حاجی مەحموود گوتی: "پێشمەرگە ناوێكی پیرۆزە و شەونخوونی و گەرما و سەرما و هەوراز و نشێوی نێو سەنگەرەكان بەدرێژایی سەنگەرەكان پێشمەرگەی كردووەتە پارێزەری وڵات و پاراستنی لە ئەستۆی ئەو دایە".
ناوبراو لە درێژەدا گوتیشی: "گرتنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە لە 10ی حوزەیرانی ساڵی پار و بەرگە نەگرتنی نزیكەی 90 هەزار كەس لە سوپا و پۆلیسی مووسڵ لە بەردەم داعش لە چەند سەعاتێكدا وای كرد داعش هەزار و 750 هەزار زرێپۆشی سەربازیی دەست بكەوێت سەرباری چەندین جۆرە چەكی نوێ لەو چەكانەی ئەمریكا بە عێراقی دابوون، بەڵام پێشمەرگە بە بیروباوەڕ و چەكی كۆنەوە توانی بەرگریی بكات".
لە بەردەم كەسوكاری شەهیدانیشدا چەندین جار باسی لەوە كرد كە لەدەستدانی رۆڵەكانیان خوێنی زۆر و بڕینی قووڵن و گوتی: "ئەو زامانە سەختن، خوێنی شەهیدەكانمان دەبنە ئاگر بۆ سووتاندنی داعش و داعشییەكان".
محەمەد حاجی مەحموود لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "هێزەكانی پێشمەرگە رۆژ بە رۆژ لە پێشكەوتنی بەردەوامدایە و رۆژانە شوێنی گرنگ لە دەست داعش دەردەهێنێت. پێشمەرگە لە ماوەیەكی كەمدا توانی زیاتر لە 1500 كیلۆمەتر سنوور لەگەڵ داعش لەگەڵ دەستكەوتەكانمان بپارێزێت، ئەوەش بەبێ قوربانیدان ناكرێت".
سكرتێری حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان چووە سەر باسی پرسی سەربەخۆیی كوردستان و گوتی: "كوردستان بەرەو سەربەخۆیی دەچێت. كورد زۆر جار لە بواری سەربازییدا سەركەوتوو بووە بەڵام لەسەر مێزی گفتوگۆ ئەو دەستكەوتانەی لەدەست داوە".
محەمەد حاجی مەحموود كە تاكە سكرتێر و سەرۆكی حزبە لە هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژ بە داعش كوڕێكی بووبێتە قوربانی لە درێژەی قسەكانیدا ژمارەی شەهید و بریندارەكانی شەڕی دژ بە داعشی ئاشكراكرد و گوتی: "لەو ماوەیەی شەڕی داعش نزیكەی هەزار و 100 شەهید هەن، زیاتر لە شەش هەزار بریندار و كەمئەندام، زیاتر لە سێ هەزار منداڵی بێ باوك، لەگەڵ 1200 ئافرەتی بێ هاوسەر. قارەمانێتی پێشمەرگەی وایكردووە زیاتر لە پەنجا وڵات هاوكاری كوردستان بكەن".
ناوبراو هەروەها گوتیشی: "ئەم جارە كورد شەڕەكەی بردەوە و رەنگە ئەمە یەكەم جار بێت كورد لە رووی سیاسییەوە سەربكەوێت. ئەم جارە، ئەم شەڕە دۆستێكی زۆری بۆ كورد هێناوە و سەركەوتوو بووە لە رووی سیاسی و سەربازیشەوە".
محەمەد حاجی مەحموود لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە عێراق كرد و گوتی: "عێراق لە رووی كردەییەوە دابەش بووە. عێراق سێ بەشە لە رووی كردەییەوە. پێشتر یەكێتی سۆڤییەت پارچە پارچە بوون و پارچەكان چوون دەوڵەتیان دروست كرد، كەچی ئێمە چووینەوە بۆ بەغدا و عێراقمان دروست كردەوە. لە رووی جوگرافی و سیاسی و پێكهاتەكانیشەوە عێراق دابەش بووە و هیوادارم كورد نەچێتەوە بۆ بەغدا و دەست بكات بە دروستكردنی دەوڵەت بۆ خۆی". ئەو نموونەی هێزەکانی سەربازیی لەسەر دابەشبوونی عێراق هێنایەوە و گوتی: "حەشدی شەعبی هی شیعەیە و پێشمەرگە هی كوردە و ئەو پاسەوانی نیشتمانییەی دروست دەكرێت هی سوننەكانە".
ناوبراو لە کۆتاییدا گوتی: "كورد و كوردستان ناگەڕێنەوە بۆ پێش 10ی حوزەیرانی 2014، بەڵكو و دۆست و دوژمنەكانمان با بێن مامەڵەی دوای ئەوەمان لەگەڵ بكەن".