ھەولێر ــ AA
دوای ئەوەی حووسییەکان لە ساڵی ٢٠١٤دا، شاری سەنعا پایتەختی یەمەن-یان کۆنترۆڵکرد، پەیوەندی خۆیان لەگەڵ تاران ئاشکرا کرد کە پێشتر نھێنی بوو، دواتر دەستوەردانەکانی ئێران لە رێگای حووسییەکانەوە لە یەمەن دەستی پێکرد و نموونەیش بۆ ئەو دەستوەردانە ئەندامی ئەنجوومەنی شورای ئێران سەید عەلی رەزا زاکانی ئاشکرای کرد کە دوای بەیروت، بەغدا و دیمەشق، سەنعا بووە چوارەم شاری عەرەبی کە ھاتووەتە پاڵ شۆڕشی ئیسلامییەوە و دوای ئەوەیش لە تشرینی دووەمی ٢٠١٦دا، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی ھێزە چەکدارەکانی ئێران، ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی ھەوڵدەدات بنکەیەکی دەریایی لە یەمەن دابمەزرێنێت.
بەڵام بەرلەوەی حووسییەکان لە ساڵی ٢٠٠٢دا خۆیان وەک بزووتنەوەی "ئەنساروڵڵا" بناسێن، حوسێن حووسی لەگەڵ باوکی لە ساڵی ١٩٨٥دا سەردانی ئێران دەکەن و بە شۆڕشەکەی خومەینی کاریگەر دەبن، دواتر بە پڕۆژەی "ویلایەتی فەقیە" دەگەڕێنەوە یەمەن و لەسەر دروشمی "ھاواری جۆشدان" کە دروشمی خومەینی بوو، کار دەکەن و وەک فریودانی گەنجان بۆ ئەوەی ببن بە لایەنگرانی حووسی، کار دەکەن.
ھەر لەو ماوەیەدا، حووسییەکان دەیان گەنج لە پارێزگای سەعدە رەوانەی ئێران دەکەن بۆ ئەوەی لە رووی سەربازییەوە مەشقیان پێ بکرێت تا خزمەت بە بیرۆکەی "ویلایەتی فەقیە"بکەن.
ھەر ئەوەیش وای لە لایەنگرانی حووسیی کرد دروشمی "ھاواری جۆشدان" لە زۆربەی مزگەوتەکانی سەعدە و سەنعا بەکاربھێنن کە بەھۆیەوە دابەشبوونی لە نێو یەمەنییەکاندا دروست کرد.
ــ شەش شەڕەکەی نێوان حكوومەتی یەمەن و حووسییەکان لە پارێزگای سەعدە
حووسییەکان لەسەرەتا دەرکەوتنیان، راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکی پێشووی یەمەن، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح پاڵپشتیی دەکران، تەنانەت پارتی کۆنگرەی میللی بەسەرۆکایەتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، یەحیا بەدرەددین حووسیی بۆ ئەندامییهتی پەرلەمانی یەمەن کاندید کرد، ھەروەھا عەلی عەبدوڵڵا ساڵح فەرمانی دا بانگخوازە حووسییەکان لە مزگەوتەکاندا دابمەزرێندرێن، ئەوەیش وەک ھەوڵێک بۆ لەناوبردنی ھەژموونی پارتەکانی چاکسازیی و سەلەفییەکان، لەبەر ئەوە حووسییەکان وەک ئامرازێک بۆ لەناوبردنی ئەو دوو پارتە بەکارھێنران.
لە حوزەیرانی ٢٠٠٤ یەکەم شەڕی نێوان حووسییەکان و حکوومەت لە یەمەن دەستیپێکرد دوای ئەوەی گرژییەکانی نێوان ھەردوولا زیاتر بوو، بە ئامانجی یەکلاییکردنەوەی شەڕەکە، حکوومەت شەش شەڕی دژبە یاخیبووەکان ئەنجامدا کە دوایین شەڕیش لە ساڵی ٢٠١٠دا، روویدا.
ــ رۆڵی ئێران لە شەڕەکانی سەعدە
ئێران ھەر لەسەرەتا دەستوەردانەکانی لەیەمەن و لە کاتی روودانی شەش شەڕەکەی پارێزگای سەعدە، پاڵپشتیی لە رووی سەربازیی و داراییەوە پێشکەش بە حووسییەکان کرد و مەشقی بە چەکدارانی حووسی دەکرد، جگە لەوەیش "بنکەی پزیشکی ئێران و نەخۆشخانەی ئێران" لە سەعدە کرانەوە کە بوونە حەڵقەیەکی گرێدراوی نێوان ئێران و حووسییەکان.
میدیاکانی ئێرانیش لە کاتی شەڕەکانی سەعدە، گوتاری بەھێز و پاڵپشتییان بۆ یاخیبوویان بڵاودەکردەوە، ئەمە وێرای میدیاکانی ئێران ھەوڵی شاردنەوەی راستیی شەڕەکانیان دەدا و ئەوەیان بڵاودەکردەوە کە شەڕەکە ئەجێندایەکی سیاسییە و لە بری ئەوەی باسی یاخیبوونی حوسییەکان بکەن، ئەوە بوو میدیاکانی ئێران بانگەشەیان بۆ دەکرد کە ستەم لە شیعە دەکرێت و ئەوەیان بە جیھان دەگوت کە حووسییەکان کەمینەیەکی شیعەن و لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەمەنەوە بەبێ ھیچ پاساوێک رووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە.
ــ شۆڕەشەکەی شوباتی ٢٠١١ لە سەعدە
لەگەڵ ھەڵگیرسانی شۆڕشی شوباتی ٢٠١١دا لە پارێزگای سەعدە دژبە سەرۆکی پێشووی یەمەن، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، حووسییەکان سوودیان لەو دەرفەتە وەرگرت و چوونە پاڵ خۆپیشاندەران، رایانگەیاند کە ھەوڵی تۆڵەسەندنەوەی کەسانی ستەملێکراو و چەوسا دەدەن و لە مانگی ئاداری ٢٠١١دا، پارێزگای سەعدە کە شوێنی سەرەکی خۆیان بوو لەگەڵ بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگاکەیان کۆنترۆڵکرد.
ــ ھەنگاونان لە روانگەی تایفەگەرییەوە
لە کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا حووسییەکان گەمارۆیان بەسەر ناوچەی دیماج باشووری رۆژھەڵاتی پارێزگای سەعده سەپاند کە پێگەی سەرەکی سەلەفییەکان بوو، ئەوەیش بە بیانووی ئەوەی گوایا ناوچەکە بووەتە داڵدەدانی چەکدارە بیانییەکان، دواتر حووسییەکان ھێرشان کردە سەر ناوچەکە کە بەھۆیەوە ١٢ ھەزار کەس ئاوارەبوون، ئەو رووداوەیش توندوتیژی بزووتنەوەی حووسییەکانی دەرخست کە بیرو باوەڕی ھەموو پێکھاتە و مەزھەبەکانی لە یەمەن ھەڵوەشاندنەوە، دواتر حووسییەکان بە بیروباوەڕی سیاسی ئێران گوتارێکی تایفەگەرییان لە پارێزگای سەعدە و ناوچەکانی دەورووبەری پەیڕەوکرد.
ــ کۆنگرەی گفتوگۆی نیشتمانیی
حووسییەکان لە یەکەم دانیشتنی کۆنگرەی گفتوگۆی نیشتمانیی بەشدارییان کرد کە لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٣دا لە سەنعا بەڕێوەچوو، دوای حەوت مانگ لە گفتوگۆی نێوان لایەنەکانی یەمەن، بەڵگەنامەی دەرئەنجامی گفتوگۆکانیان واژووکرد کە یەکێک لە خاڵەکانی نێو بەڵگەنەمەکە بریتیی بوو لەوەی دەبێت رێگری بکرێت لە بوونی میلیشیا چەکدارەکان لە پارێزگای سەعدە و، دەوڵەت لە پارێزگاکە باڵادەست بێت، وێرای ئەوەی حووسییەکان رەزامەندی خۆیان بەو دەرئەنجامانە نیشاندا، بەڵام دواتر ئەو کارەیان بەدڵ نەبوو و، رەتیانکردەوە کە بەڵگەنامەکە واژوو بکەن، ئەوەیش بە بیانووی ئەوەی ئەو بەڵگەنامەیە دەبێتە ھۆی پارچە پارچەبوونی دەوڵەت، جگە لەوەیش وا دەکات بکرێنە دەرەوە، ئەوەیش وایکرد یەمەنییەکان درک بەوە بکەن کە حووسییەکان لە پڕۆژەی "یەمەنی گەورە" جێگایان نابێتەوە، چونکە ئەوان ئاوات بۆ زیاتر لە شەراکەتێکی سیاسی دەخوازن.
ــ بەدیھێنانی خەونی ئێران بە کەوتنی سەنعا
لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠١٤دا، چەکدارە حوسییەکان شاری سەنعایان کۆنترۆڵکرد و بەھۆیەوە دەوڵەت رووخا کە لایەنە ناوخۆیی و ھەرێمییەکانی بەشێوەیەکی درامەتیکیی تووشی شۆک کرد.
لە کاتی کەوتنی شاری سەنعای پایتەخت، تا ئێستا حووسییەکان چەندین تاوانی قێزەون و پێشێلکارییان بەرامبەر بە یەمەنییەکان ئەنجامداوە، وڵاتەکەیان بۆ دەیان ساڵ گەڕاندە دواوە، جگە لەوەیش بەھۆی ھێرشی حووسییەکانەوە، یەمەن تووشی چەندین قەیرانی سەخت بوو.
دوای ئەوەی حووسییەکان لە ساڵی ٢٠١٤دا، شاری سەنعا پایتەختی یەمەن-یان کۆنترۆڵکرد، پەیوەندی خۆیان لەگەڵ تاران ئاشکرا کرد کە پێشتر نھێنی بوو، دواتر دەستوەردانەکانی ئێران لە رێگای حووسییەکانەوە لە یەمەن دەستی پێکرد و نموونەیش بۆ ئەو دەستوەردانە ئەندامی ئەنجوومەنی شورای ئێران سەید عەلی رەزا زاکانی ئاشکرای کرد کە دوای بەیروت، بەغدا و دیمەشق، سەنعا بووە چوارەم شاری عەرەبی کە ھاتووەتە پاڵ شۆڕشی ئیسلامییەوە و دوای ئەوەیش لە تشرینی دووەمی ٢٠١٦دا، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی ھێزە چەکدارەکانی ئێران، ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی ھەوڵدەدات بنکەیەکی دەریایی لە یەمەن دابمەزرێنێت.
ھاوکات ئێران پێشوازی لە باڵیۆزی حووسییەکان کرد و بارەگای باڵیۆزخانەی یەمەنی لە تاران رادەستکرد، ئەوەیش وەک ھەوڵێک بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی باش لە نێوان ھەردوولادا، بەڵام ئەو کارە پێشێلکارییەکی روونی دیپلۆماسییە کە تاران لەزووەوه ھەوڵی بۆ دەدات، ھاوکات حکوومەتی یەمەن بەردەوام ئێرانی بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ و پێشێلکردنی سەروەریی یەمەن تۆمەتبار کردووە.
ناوە ناوەیش کەسایەتیی و شاندی حووسی بە ئامانجی پتەوترکردنی پەیوەندیی، بەدەستھێنانی پاڵپشتیی زیاتری دیپلۆماسی، سەربازیی و دارایی، سەردانی ئێران دەکەن.
ــ بەرژەوەندیی ئێران لە کەوتنی دەوڵەتی یەمەن
ئێران کەوتنی دەوڵەتی یەمەنی بۆ بەرژەوەندی خۆی قۆستەوە، ھەروەھا حووسییەکانی وەک ئامرازێک بۆ بەدیھێنان و فراوانکردنی بەرژوەندییەکانی، ھەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێی ھەرێمیی و میحوەری ھێزی بەرگریی لە سەنعا بەکارھێنا.
ھەر بۆ ئەم مەبەستەش، ئێران لە رووی سەربازیی، دارایی و لۆجستییهوه پاڵپشتی لە حووسییەکان کرد، لەسەر ئاستی سەربازیی ئێران، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ حووسییەکان نارد، ھەروەھا شارەزای سەربازیی و مەیدانیشی بۆ ناردن، بەپێی لێکۆڵینەوەیەک ئەوە ئاشکرا کراوە کە جەنەراڵێکی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران یاریدەری سەرکردەی حووسییەکان، عەبدولمەلیک حووسییە و دەسەڵاتێکی فراوانی ھەیە لە بڕیاردان و ئاراستەکردنی کردەی جیھادی ستراتیژی، ھەروەھا سەرپەرشتیی پەرەپێدان بە مەشق و ژێرخانی سەربازیی و رێکخستنی حووسییەکان دەکات، جێگرەکەیشی لە حزبوڵڵای لوبنانە.
ــ فەرمانڕهوای سەربازیی ئێران لە سەنعا
لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا، ھەموو جیھان تووشی شۆک بوو، کاتێک تاران رایگەیاند کە ئەفسەر لە سوپای پاسداران، حەسەن ئیرلۆ وەک باڵیۆزی خۆی لە سەنعا دەست نیشانکردووە کە ئەوەیش پێچەوانەی ھەموو دابونەریتی و پڕۆتۆکۆلی دیپلۆماسی بوو.
حەسەن ئیرلۆ ئەو ئەرکانەی جێبەجێکرد کە ھیچ پەیوەندی بە کاری دیپلۆماسییەوە نەبوو، چونکە ناوبراو تەنھا رۆڵی فەرمانڕهوای سەربازیی لە سەنعا گێڕا و ئەرکی سەرپەرشتییکردن لەسەر ھێرشی چەکدارە حووسییەکانی پێ راسپێردرا و، بوو بە حەڵقەی پەیوەندیی نێوان حووسییەکان و ئێران.
ھاوکات دوای گەیشتنی حەسەن ئیرلۆ بۆ سەنعا، ھێرشی حووسییەکان بۆسەر سعوودیە زیادیکرد، ئەوەیش تێوەگلانی ئێرانی لە شەڕی یەمەن پشتڕاستکردەوە، چونکە ئێران، یەمەن وەک گۆڕەپانێک بۆ یەکلاییکردنی حیسابەتە ھەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان بەکاردەھێنێت، بێ ئەوەی سەروەریی یەمەن رەچاو بکات یان گوێ بە وێرانکارییەکان لە یەمەن بدات.
لەوبارەیەوە وەزیری راگەیاندنی حکوومەتی یەمەن، موعەمەر ئەریانی بۆ چەند جارێک راگەیاندبوو کە جموجۆڵەکانی حەسەن ئیرلۆ ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ناوبراو وەک فەرمانڕهوایەک لە سەنعا ھەڵسوکەوت دەکات و راسپاردەکانی بە راستەوخۆ و ئاشکرا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاکان جێبەجێ دەکرێت، جگە لەوەیش ئەرکەکانی حەسەن ئیرلۆ ئەوە نیشاندەدات کە رژێمی ئێران ھەوڵدەدات لەچوارچێوی پڕۆژە فراوانەکانی لە ھەموو ناوچەکە، یەمەن کۆنترۆڵ بکات و یەمەن بکات بە سەرچاوەی جێبەجێکردنی سیاسیەتە وێرانکارییەکانی.
پێشتر رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی لە بەرپرسانی ھەرێمی ئەوەی بڵاوکردبووە کە حەسەن ئیرلۆ بووەتە کێشەیەکی سیاسی و قورسایی سەر شانی حووسییەکانی زیادکردووە و ھەژموونی خۆی لە یەمەن فراوانکردووە.
حەسەن ئیرلۆ چۆن پێشتر بەنھێنی چووە یەمەن، ھەر بەنھێنیش ئەو وڵاتەی جێهێشت، دوای ئەوەی رۆڵی تێکدهرانەی لە یەمەن گێڕا، ئاگری شەڕەکەشی لە یەمەن بە جۆرێک گەورەتر کرد کە پلانی وێرانکاریی ئێرانی لەگەڵ خۆی بۆ یەمەن ھێنا.
ھەر چەندە ئیرلۆ یەمەنی بەجێھێشت، بەڵام کردە تێکدەر وێرانکارییەکانی ئێران لە یەمەن کۆتایی نەھاتووە و ھێشتا چالاکیی وێرانکاریی لە یەمەن ئەنجام دەدات و پاڵپشتییەکانیشی بۆ چەکدارە حووسییەکان لە یەمەن، بەردەوامە.
لە سێی مانگی کانوونی دووەمی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، باڵیۆزی خۆی لە شاری سەنعا، حەسەن ئیرلۆ دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، گیانی لەدەستداوە.
news_share_descriptionsubscription_contact

