بەغدا
سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی ئەرشەد سالحی لە بارەی پەسەند كردنی پڕۆژە یاسای گەیاندنی هاوكاری چەك بۆ كورد و سوننە لە عێراق لە لایەن كۆمیتەی هێزە چەكدارەكانی كۆنگرێسی ئەمریكاوە گوتی: "ئێمە وەكو توركمانەكان پێش لە هەر كەسێك داوای چەك دەكەین و بۆ ئێمە سەرچاوەی چەك گرنگ نییە تاقە داواكاری ئێمە ئەوەیە كە بتوانین شەڕی تیرۆریستانی داعش بكەین".
ئەرشەد سالحی بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەكو بەرەی توركمانی عێراق لە دژی ئەو پڕۆژە یاسایەدا نین كە داوای گەیاندنی هاوكاری چەك و تەقەمەنی راستەوخۆ بۆ كورد و سوننە دەكات، نیگەرانی ئێمە لەو پڕۆژە یاسایە ئەوەیە كە لە نێو پڕۆژەكەدا پشكی توركمانەكان دەستنیشان نەكراوە".
سالحی گوتی: "كورد و سوننە لە لایەن ئەمریكاوە و شیعەیش لە لایەن ئێرانەوە چەكیان پێ دەدرێت بەڵام ترسی ئێمە ئەوەیە كە لەم ناوەندەدا كەس هاوكاری توركمانەكان ناكات و توركمانەكان بێ چەك دەمێننەوە، داخۆ كێ و لە رێگای كێیەوە چەك بداتە توركمانەكان و باجی بەرگریكردن لە یەكپارچەیی خاكی عێراق لە توركمانەكان وەردەگیردرێت".
سالحی گوتی: "دوای هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق، توركمانەكانیش وردە وردە خۆیان چەكدار كردووە و توركمانەكان ئەو چەكانە لە دژی كورد بەكار ناهێنن بەڵكو ئەو چەكانە لە دژی دوژمنی هاوبەشی كورد و توركمان (داعش) بەكار دەهێنن. ئێمە بە برا كوردەكانمان و دەسەڵاتی كوردی دەڵێن بە هێزی سەربازی ئەمڕۆ و هێزی ئابووری ئەمڕۆتان بیر لە داگیركردنی ئێمە، جوگرافیا و كولتووری ئێمە مەكەنەوە و وەرن با پێكەوە ژیانێكی هاوبەش بۆ داهاتوو بۆنیاد بنین".