بەغدا
عەممار شبلی پەرلەمانتاری سەر بە دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێكی تایبەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا سەرۆكوەزیرانی عێراق یاوەری شاندێكی باڵا دەكات، كە سەرجەمیان لەبەرپرسانی تایبەت بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پێكهاتوون".
ئەو گوتیشی: "گرنگترین ئەو مژارانەی كە شاندی حكوومەتی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم باسی لێوەدەكات، مافی ئەو كۆمپانیانەی كە لە بواری نەوت لە هەرێم كاردەكەن و رێژەی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە و بەشە بوودجەی هەرێم لە بوودجەی گشتی عێراق دەبێت".
شبلی ئاماژەی دا كە: "لەو سەردانەدا حەیدەر عەبادی لەگەڵ مەسعود بارزانی باس لە پلانی گرتنەوەی مووسڵ و بەشداری پێشمەرگە و هێزەكانی پاسەوانی سنووری هەرێم دەكەن، كە هەردوو هێز وەك بەشێك لە سیستەمی بەرگری عێراق هەژماركراون".
ئەو پەرلەمنتارەی سەر بەدەوڵەتی یاسا لەكۆتایی دا گوتی: "بەو پێیەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەشێكی زۆری ناوچەكانی مووسڵی لە دەستی چەكدارانی داعش رزگار كردووە. بەشداری پێشمەرگە لە گرتنەوەی مووسڵ گرنگە، لەو چوارچێوەیەشدا هەماهەنگییەكی تەواوی بەغدا و هەولێر لەئارادایە".