Rewa Mahmood Hasan
15 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی - AA
ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق، بەمەبەستی پێگەیاندنی ئافرەتانی سەرکردە لە هۆڵی هۆتێل تایتانیک، وۆرکشۆپێکی تایبەتی بۆ ٢٠ ئافرەتانی چالاکوان کردەوە.
ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق، بەمەبەستی پێگەیاندن و ئامادەکردنی ئافرەتان بۆ کایەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کارگێڕی وۆرکشۆپێکی دوو رۆژەی بۆ ٢٠ ئافرەتانی چالاکوان کردەوە کە تیایدا چۆنیەتی مامەڵەکردن، پۆشینی جلوبەرگ و هەڵسوکەتکردن لەگەڵ دەورووبەر و رووداوەکان لەلایەن ئافرەتی سەرکردە و بەڕێوەبەرەکانەوە فێری بەشداربوان دەکرێت.
لە میانی وۆرکشۆپەکەدا لە رۆژی یەکەمدا، دکتۆر بەسمە حەبیب سیمینارێکی پێشکەش کرد و تیایدا کچانی ئامادەبووش بە پرسیار و سەرنجەکانیان گەرموگوڕیان دا بە وۆرکشۆپەکە.
بەڕێوەبەری پرۆژە لە ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق، نگین رەئوف محەمەد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ساڵانە ئەوان وەک ئەکادیمیا کاروچالاکی و پرۆژەی لەو چەشنەیان هەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بۆ چوار پارێزگا کە لەهەر پارێزگایەک ٢٠ خانم دەتوانێت بەشداربێت.
نگین رەئوف محەمەد باسی لەوە کرد کە ئەکادیمیای ژنان بۆ سەرکردایەتی لە عێراق کە لە ٢٠١٧ەوە دامەزراوە، چەندین پرۆژە و چالاکی هاوشێوەی ئەنجامداوە لە عێراق و کوردستان، هاوکات ئەمە سێیەم جارە لە سلێمانی وۆرکشۆپ دەکەنەوە.
ناوبراو لەبارەی وۆرکشۆپەکەی ئەمجارەوە ئاماژەی بەوەدا کە کەسانی ئەکادیمی و مامۆستای پسپۆر لە وۆرکشۆپەکەدا سیمیناریان دەبێت، لەوانە دکتۆر بەسمە حەبیب کە یەکێکە لە ئەکادیمیەکان و وەک قسەکەر بەشدارە، هاوکات رایگەیاند کە وۆرکشۆپەکە لە کاتژمێر ٠٩:٠٠ بۆ کاتژمێر ١٦:٠٠ بەردەوام دەبێت.
پارێزەر هێشوو هوشیار حەمە لاو یەکێک لەبەشداربوانی وۆرکشۆپەکە باسی لەوە کرد کە بابەتی خولەکە بریتیە لە هونەری سەرکردایەتیکردنلەلایەن ئافرەتان کە تیایدا دەتوانن بچنە نێو هەموو کایەکانی کۆمەڵگەوە و گوتی: ''بابەتێکی گرنگە و فێرمان دەکات ئێمەش چۆن بتوانین رۆڵی سەرکردە بگێڕین لەنێو کۆمەڵگە،خێزان و شوێنی کارەکاندا و ئەو توانایە بەرجەستە بکەین''.
ئەو ئاماژەی بەوەیشدا کە ئەوان لە وۆرکشۆپەکەدا فێردەکرێن کە جیاوازی چییە لەنێوان سەرکردایەتیکردن و بەرێوەبەرێتیدا و دووپاتیشیکردەوە کە سوودیان لە وۆرکشۆپەکە بینیوە.