Sarmand Hameed
16 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
سەركۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح بەردەوامە لە راوێژ و گفتوگۆ چڕ و پڕەكانی لەگەڵ سەركردەی پێكهاتە سیاسییەكان و چالاكییە میللی و كۆمەڵاتییەكان و بژاردە ئەكادیمی و سەندیكا و یەكێتییە پیشەییەكان و توێژە جیاوازەكانی تری كۆمەڵ بە مەبەستی راسپاردنی كاندیدێک بۆ سەرۆكایەتیكردنی ئەنجومەنی وەزیران كە پشتیوانی گەل بەدەست بهێنێت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردووەتەوە، بەرهەم ساڵح لە میانی راوێژ و گفتوگۆ بەردەوامەكانیدا جەختی كردووەتەوە لەسەر پێویستی پشت بەستن بە بڕگەكانی دەستوور و دواین وادە دەستوورییەكان بۆ ئەوەی زامنی ئەوە بكرێت كە سەرۆكایەتی حكوومەتی نوێ ئەركی قۆناغی راگوزەر بگرێتە ئەستۆ تا ئەوكاتەی هەڵبژاردن بەگوێرەی یاسایەكی هەڵبژاردنی دادپەروەر و سازكردنی لە لایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی سەربەخۆوە بە ئاكام بگەیەنرێت.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق کە وێنەیەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە بڕگەكانی دەستوور بەگوێرەی مادەی 76ی دەستوور، پێكهاتە سیاسییە پەیوەندیدارەكان لە پەرلەمان پەیوەست دەكات بۆ ئەوەی پاڵێوراوی خۆیان پێشكەش بكەن و سەركۆماریش رایبسپێرێت.
بەپێی بەیاننامەکە، سەركۆماری عێراق لە میانی دیدار و گفتوگۆكانی جەختی كردووەتەوە لەسەر پێویستی بەردەوامیدانی گفتوگۆ و راوێژەكانی نێوان پێكهاتە سیاسییەكان لە پێناو گەیشتن بە رێكکەوتنێك تا كەسێكی باوەڕ پێكراوی گونجاو بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دیاری بكرێت، پێویستە ئەو كاندیدە لەگەڵ پێودانگی داواكارییەكانی گەلی عێراق و داواكارییە رەواكانیان بێتەوە، هەروەها حكوومەتی نوێ پشتیوانی سیاسی و جەماوەری پێویست بە دەست بهێنێت بۆ ئەوەی چاكسازییە پێویستەكان بخاتە بەرنامەی پێشینەی خۆی وەك دەست پێشخەرییەك بۆ سازكردنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە سەركۆمار روونی كردووەتەوە ئاستی ئاڵەنگارییەكان مەترسیدارن كە وڵات رووبەڕووی دەبێتەوە، پێویستە بەرژەوەندی لایەنێک و حزب لە بەرچاو نەگیرێت و پشت ببەسترێت بە رەزامەندی گەل و پابەندبوون و بەدیهێنانی چاكسازییەكان و پێشكەشكردنی پێشینە نیشتمانییەكان بەسەر بەرژەوەندییە حزبییەكاندا.