Sarmand Hameed
14 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2023
هەولێر - AA
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، ئەنفال برینێکی گەورەیە لەسەر دڵمان و ئازارێکی نەبڕاوەیە لە رۆحماندا و وانەیەکی مێژووییە و نابێت لە بیری بکەین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە یادی ٣٥ ساڵەی ئەنفالدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرەتای پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە ٣٥ ساڵ لەمەوبەر ھەرێمی کوردستان رووبەڕووی یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بووەوە کە ئەنفالە و رایگەیاندووە "(ئەنفال) تاوانێک کە ھەموو سنوورەکانی تێپەڕاند و ئامانجەکەی تەنیا شەھیدکردن و بێسەروشوێنکردنی خوشک و براکانمان نەبوو، تەنیا بە وێرانکاری و لەناوبردنی ئاوەدانییەوە نەوەستا، بەڵکو ھەوڵێکی گەورە بوو بۆ سڕینەوەی زمان و شوناسی میللەتەکەمان".
بافڵ جەلال تاڵەبانی بەجەختکردنەوە لەوەی ئەنفال وانەیەکی مێژووییە و پێویستە سوودی لێ وەربگیرێت، نووسیوویەتی: "ئەنفال برینێکی گەورەیە لەسەر دڵمان و ئازارێکی نەبڕاوەیە لە رۆحماندا، ئەنفال وانەیەکی مێژووییە و نابێت لە بیری بکەین. نابێت کۆمەڵکوژکردنی ١٨٢ ھەزار کەس بە پیر و گەنج و منداڵەوە لەیاد بکەین و ھەموو لێکەوتە خراپەکانی ئەنفال فەرامۆش بکەین. ئەنفال تەنیا کارەساتێک نییە بۆ یادکردنەوە، بەڵکو پەند و وانەیەکی مێژووییە تاوەکو لێوەی فێربین و بە یەکێتی و یەکگرتووییمان رێگری لە دووبارەبوونەوەی ھەموو ھێرش و تاوانێکی لەو شێوەیە بکەین".
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا رەخنەی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرتووە لە بەرامبەر وەک پێویست خزمەتنەکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان و رایگەیاندووە "خەمساردی حکوومەتی ھەرێم دەرحەق بە کەسوکاری ئەنفالکراوان و فەرامۆشکردنی داوا رەواکانیان، مایەی نیگەرانییە و دەبێت ھەمووان ئەو راستییە بزانن کە گەرمیانییە تێکۆشەرەکان پشکی شێریان لە مێژووی خەباتی کورد و بەدیھێنانی ئەم ئەزموونەدا ھەیە. بۆیە پشتکردنە گەرمیان و گەرمیانییە قارەمانەکان بێوەفاییەکی گەورەیە بەرامبەر خوێنی شەھیدان".
بافڵ جەلال تاڵەبای راشیگەیاندووە "بەرپرسیارێتیی حکوومەتی فیدراڵی و ئەنجوومەنی نوێنەرانە تاوەکو ئەرکە دەستووری و مرۆییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و بەشێکبن لەو ھەوڵە مێژوویی و ئەخلاقیانەی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان و ساڕێژکردنی زامەکانیان دەدرێت. ھەموو ھەنگاوێکی لەو شێوەیەش، ئاماژەیەکی جددییە بۆ ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی و ھەوڵدان بۆ بەدیھێنانی داھاتوویەکی گەشتر".