Rewa Mahmood Hasan
14 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2023
کەلار - AA
ئەمڕۆ ھەینی، لە شاری کەلار ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە چەند چالاکییەک یادی کارەساتی ئەنفال کرایەوە.
سەرەتا لە ھۆڵی ھونەر پێشانگایەکی شێوەکاری و فۆتۆگرافی لەلایەن شێوەکار عەلی تازەدێی کرایەوە، دواتر ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال گوتاریان پێشکەش کرد و ٣٥ مۆم وەک ئاماژەیەک بۆ یادی ٣٥ ساڵەی کارەساتەکە داگیرسێندرا، دواتر دۆکیومێنتارییەکی تایبەت بە کارەساتی ئەنفال نیشانی ئامادەبووان درا.
ھەر رێوڕەسمەکەدا لاوانەوە و شین بۆ ئەنفالکراوان لەلایەن گرووپی قەڵای شێروانە خوێندرا و پاشان تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری ئەنفالکراوان لە ناحیەی رزگاری دانرا.
ئەوەی جێی سەرنج بوو لە ساڵیادی تاوانی ئەنفال دا، کەسوکاری ئەنفالکراوان و چالاکوانان لە دەروازەی مەزاری ئەنفالکراوان لە ناحیەی رزگاری گردبوونەوە و رێگایان نەدا ھیچ بەرپرسێکی حکوومی و حزبی بەشداریی لە رێوڕەسمەکەدا بکات.
ئەنفال یەکێکە لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی کە لەلایەن رژێمی بەعس رووخاوەوە بەرامبەر کورد ئەنجامدرا.
شاڵاوی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨ دەستیپێکرد و بە چەند قۆناغێک بەردەوامبوو، بەپێی ئامارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئاکامی پرۆسەی ئەنفالدا، ١٨٢ ھەزار کەسی مەدەنی بووەنەتە قوربانی و چوار ھەزار و ٥٠٠ گوندیش خاپوورکران.
ھاوکات ١٤ی نیسانی ھەموو ساڵێک، لەلایەن کوردەکان لە عێراق بۆ یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی نەتەوەکەیان بە دەستی سوپای رژێمی بەعس دیاریی کراوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش ھەمان رۆژی وەک رۆژێکی نیشتمانیی لە سەرانسەری وڵات دیاریی کردووە.