گەرمیان
فەرماندەیەكی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ئاشكرای دەكات: لە 24 كاتژمێری رابردوودا بەهۆی بوردومانی تۆپخانەكانی هێزی پیشمەرگە و فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق هەشت چەكداری داعش لە سنووری ناحیەكانی قەرەتەپە و جەلەولا كوژران و 10 چەكداریشیان لێ دەستگیر كراوە.
فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە قۆڵی نەقشبەندی و جەلەولا، نەجمەدین احمد، بە ئاژانسی ئەنادۆلوی راگەیاند: "هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ئێستادا بەردەوامن لە بۆردومانی سەختی ناوچە كوردستانییەكانی سنووری پارێزگای دیالە و ناوبەناویش لە قۆڵی جەلەولا و سەعدیە و قەرتەپەوە هێرش و پێشرەوی ئەنجام دەدەن و ئامانجیانە لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئەو ناوچانە ئازاد بكەن."
هەروەها عەمید نەجمەدین احمد گوتیشی: "چەكدارانی داعش توانای شەڕی رووبەڕوویان نەماوە و ناو بەناو لە شوێنی نادیارەوە تەقە لە هێزەكانمان دەكەن و ئیمەش بە توندی وەڵامیان دەدەینەوە."
ئەو فەرماندەیەیی هێزەكانی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد, بەتەنها لە 24 كاتژمێری رابردوودا هەشت چەكداری داعشیان كوشتووە و 10 چەكداریشیان بەدیل گرتوون و لە ئێستادا لای هێزەكانی ئاسایش دەستگیر كراون.
هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكانی سنووری پارێزگای دیالە ماوەی 12 رۆژە دەستیان كردووە بە بۆردومانی بنكە و موڵگەكانی چەكدارانی داعش و توانیویانە هێرش و پێشرەوی ئەنجام بدەن و لە ئێستادا تەواوی ناوچە ستراتیژییەكانی ئەو سنوورە لەژێر كۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدایە.