pshtewan jalal
12 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 13 مای,س 2016
لە گەرمیان وەرزی دروێنەی گەنم دەستی پێ كردووە، ساڵانەش بەهۆی كەشوهەوا و گەرمی ناوچەكەوە وەرزی دروێنەی گەنم لە ناوچەی گەرمیان بە بەراورد بە ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان ئەو وەرزە زووتر دەست پێ دەكات.
لەكاتی دروێنەی گەنمەكەیدا جووتیارێكی تەمەن 67 ساڵ بەدڵخۆشییەوە لەو دەڕاسە(ئامێری دروێنەی گەنم)ەكەی دەڕوانی كە خەریكی دروێنە بوو، ئەو بە دڵخۆشییەوە باسی لەوە دەكرد كە گەنمی ئەمساڵ دوو هێندەی پارساڵە.
محەمەد حاجی ئەحمەد جوتیارە و هەموو ساڵێك بەرهەمی گەنمی هەیە، لە بارەی بەرهەمی ئەمساڵەوە تایبەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "سوپاس بۆ خوا گەنمی ئەمساڵ بەروبوومی زۆر باشە، خەلە باشە چونكە باران باش بوو، گەنمی ئەمساڵ لە چاو پارساڵدا دوو هێندە و زیاتریشی هێناوە لە گەرمیان، چونكە یەك و دە زیاتر هاتووە".
وەك جووتیاران خۆیان دەڵێن ئەمساڵ لە یەك تۆن گەنم كە وەك بنەتۆو تۆو كراوە و چێندراوە، زیاد لە (10تەن) گەنمی بەرهەم هێناوە، ئەمەش بۆ جووتیارانی گەرمیان جێی دڵخۆشییە بەڵام ئەوەی ئەوانی نیگەران كردووە ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەكانیانە.
محەمەدی حاجی ئەحمەد لەو بارەیەوە گوتی: "ئەم گەنمە جوانە بەرهەم هاتووە كەچی قیمەت ناكات، نەمان بیستووە حكوومەتی هەرێم وەری بگرێت، جووتیارمان هەیە پارەی گەنمی پارساڵی وەرنەگرتووە، ئیتر نازانین چیمان لێ دێت، چونكە بۆ یەك تۆن (250هەزار دیناریان) پێداوین ئەگەر هەر نەیفرۆشین بەو پارەی نادەین".
بەشێك لە جووتیارانی گەرمیان بیریان لەوە كردۆتەوە گەر لە ناوخۆی هەرێم گەنمەكانیان ساغ نەكرێتەوە ئەوا پەنا دەبەنە بەر دەرەوەی هەرێم بۆ فرۆشتنی بەرهەمی گەنمەكانیان، بۆیە داوا دەكەن ئەو گەنمانەیان حكوومەت لێیان بكڕێت چونكە تاكە سەرچاوەی بژێویی ئەوانەو رەنجی ساڵێكیانە.
گەرمیان تا ئێستا خاوەنی سایلۆی وەرگرتنی گەنم نییە، ساڵانەش بەهۆی نەبوونی شوێنەوە كەمتر گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت لە چاو ئەوەی لە ناوچەكەدا بەرهەم هاتووە، ئەمساڵیش لە گەرمیان بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان نزیكەی 336 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی كراوە بە گەنم.
وێڕای نیگەرانی جوتیاران و ترسیان لە وەرنەگرتنی گەنمەكانیان لەلایەن هەردوو حكوومەتی ناوەند و هەرێمەوە بەڵام كشتوكاڵی گەرمیان لە ئامادەكارییە بۆ وەرگرتنی گەنم.
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان شادیە حوسێن لەم بارەیەوە بۆ ئانادۆڵۆ گوتی: "وەزارەتی بازرگانی حكوومەتی عێراق ئامادەكاری كردووە بۆ وەرگرتنی گەنم، ئێمەش لەگەڵ ئیدارەی ناوچەكە لە هەوڵی ئامادەكردنی شوێنین بۆ وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران، هەروەها ئەو بنكانە چاك دەكەینەوە و ئامادەی دەكەین كە كەموكورتی تێدایە".
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان رایدەگەیەنێت كە ئەوان تەنها دەتوانن شوێن بۆ وەرگرتنی 60 بۆ70 هەزار تۆن گەنم ئامادە بكەن، ئەمە لە كاتێكدایە كە بەگوێرەی پێشبینی هەمان بەڕێوەبەرایەتی بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو لە گەرمیاندا نزیكەی 200هەزار تۆن دەبێت، بەمەش ناتوانن شوێن بۆ 65% ی گەنمی جووتیارانی گەرمیان ئامادە بكەن و لێیان وەرگرن.
ساڵانی پێشوو بەڵێنی دروستكردنی سایلۆی گەنم لە گەرمیاندا درا بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە سایلۆ دروست بكرێت، لەكاتێكدا گەرمیان خاوەنی زەویەكی زۆری كشتوكاڵییە و خاكەكەشی لەبارە بۆ كشتوكاڵ بەتایبەت گەنم و جۆ.
كوالیتی گەنمی گەرمیان لەلایەكی ترەوە بۆتە جێی دڵخۆشی جووتیاران، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بنەتۆوەی كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی گەرمیانەوە پێیان درابوو لەلایەك و بارانی زۆر لەلایەكی دیكە، چونكە بارانبارینی ئەمساڵی گەرمیان لەچاو ساڵانی پێشووی نزیكەی سێ هێندە بووە.
لەگەڵ هاتنی وەرزی دروێنە بەهۆی پاشماوەی ئەو پرۆسەوە كە (پووش و پەڵاش)ێكی زۆر دەمێنێتەوە ڕێنمایی ئەوە بەهاووڵاتییان دراوە كە خۆیان بپارێزن لە كردنەوەی ئاگر لەو شوێننانەدا، چونكە دەبێتە هۆی زیانێكی گەورە بەو زەوی و زارە كشتوكاڵیانە.