Sangar Hamad Azeez
10 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2016
هاوبەشی کۆمپانیای راوێژکاری مەترسییەکانی وزە "VEROCY" ی هۆڵەندی، دکتۆر سیرڵ ویدەرشۆڤن جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەو ئاگرەی لە کێڵگە نەوتییەکانی کەنەدا بەر بووە، دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە جیهان و دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی ئەو ئاگرەی لە کێلگە نەوتییەکان هاتووەتە ئاراوە و بە ئاسانی دانامرکێتەوە و بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە نرخی بەرمیلی نەوتی خاو بۆ سەرووی ٥٠ دۆلار بەرز ببێتەوە".
لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ویدەرشۆڤن باسی لەو ئاگرە کرد کە لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەی فۆرت ماککۆری لە کەنەدا کەوتۆتەوە و گوتی: "ئاگرەکە نزیکەی ١٠ رۆژە دروست بووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، لە ئەگەری بەردەوامی ئاگرەکەش نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت".
ناوبراو زیاتر دوا و گوتی: " ئاگرەکە لە کاتێکی هەستیار دروست بوو، لەبەر ئەوەی لە قۆناغێک داین کە ئەمریکا خواستی لەسەر بەنزین زیاد دەبێت و سعوودیاش سەرقاڵی گۆڕانکارییە لە بواری نەوت هەروەها ماوەیەکی زۆرە نرخی نەوت لە نزمبوونەوە دایە. هەموو ئەمانەش وادەکەن کە بە ئاسانی نرخی نەوت بۆ سەرووی ٥٠ دۆلار بەرز ببێتەوە".
سیریل ویدەرشۆڤن تیشکی خستە سەر ئەوەی کە رووداوەکەی کەنەدا کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر وڵاتە زلهێزەکانی بواری فرۆشتنی نەوت و گوتی: "بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش دەبێتە هۆی باشبوونی ئابووری کۆمپانیاکانی گازی خەڵوز لە ئەمریکا".