Sangar Hamad Azeez
17 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2015
بە گوێرەی هەواڵێکی دەزگای" CBC"ی کەنەدی، تیمێکی سەربە فەرماندەیی هێزەکانی تایبەتی کەنەدا لە ئازاد کردنی شەنگال شان بەشانی پێشمەرگە رووبەڕووی داعش بوونەتەوە.
لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی كەنەدا خۆیان لە باس كردنی بابەتەكە دەدزنەوە.
لە هەواڵەكە هاتووە "سەربازانی كەنەدا رۆژی یەكشەممەی هەفتەی رابردوو بە بۆمبی"CF-18" بۆردومانی چەكدارانی داعشیان كردووە لە شاری حەدیسەی سەربە پارێزگای ئەنبار و لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووش شان بەشانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشداریان كردووە لە رزگار كردنی قەزای شەنگال".
تاكو ئێستا جگە لەم هەواڵەی دەزگای"CBC" هیچ لایەنێك بە فەرمی رای نەگەیاندووە كەوا هێزی وشكانی كەنەدی بەشداریان كردووە لە رزگار كردنی شەنگال یاخود نا هەروەها هیچ لایەنێكیش بە فەرمی ئەم هەواڵەی بەدرۆ نەخستۆتەوە.
كەنەدا لە ساڵی 2014دا بۆ ماوەی شەش مانگ بەشداری لە هاوپەیمانێتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كرد لە عێراق، دواتر وادەكەی بۆ مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٦ درێژ كردەوە.
ئەوكات سەرۆكی حزبی لیبراڵی كەنەدی جەستن ترودۆ كە گەورە پارتی ئۆپۆزسیۆنی كەنەدی بوو رەخنەی گرت لە رەوانە كردنی سەرباز بۆ عێراق و گوتی: "ئەگەر كەنەدا دەیەوێت یارمەتیدەر بێت با ئەو پەنابەرانەی لە توركیا و ئوردن داڵدە دراون وەربگرێت".
جەستن ترودۆ كە لە ئێستادا سەرۆكوەزیرانی كەنەدایە ئەو كات بانگەشەی ئەوەی دەكرد كەوا كەنەدا فێڵ لە هاووڵاتییانی دەكات و ئامانجی یارمەتی دانی عێراق نییە بەڵكو بەرژەوندی سەربازی وڵاتەكەیەتی.
دوای ئەم رەخنانەش لە ئێستادا هەموو لایەك چاوەڕوانن بزانن جەستن ترودۆ چ روونكردنەوەیەكی هەیە بۆ بەشداری كردنی سەربازانی كەنەدی لە رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق.
كەنەدا بە شەش فڕۆكەی جەنگی و فڕۆكەیەكی پڕكردنەوەی سووتەمەنی لە ئاسمان، دوو فڕۆكەی چاودێری لە جۆری" CP-140" و 600 راوێژكار بەشداری لە هاوپەیمانێتی دژی داعش كردووە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بە فەرمانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی 7 هەزارو 500 پێشمەرگە بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێكیان بۆسەر قەزای شەنگال دەست پێكرد و توانیان بەسەركەوتووی قەزاكە لە چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش پاك بكەنەوە.
سكرتێری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە جەبار یاوەر رایگەیاند بوو "لە ئۆپەراسیۆنەكاندا تەنیا پێشمەرگە بەشداری دەكات، جگە لەو هێزەی كە سەر بە هەرێمی كوردستانی عێراقە هیچ هێزێكی زەمینی بەشداری لە رزگاركردنی شەنگال ناكات".