Sangar Hamad Azeez
09 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2016
سەرۆكوەزیرانی كەنەدا جەستن ترودۆو: "فڕۆكە جەنگیەكانمان لە شەڕی دژبە داعش دەكێشینەوە، بەڵام بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە شێوەی جیا جیا".
لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرۆكوەزیرانی كەنەدا جەستن ترودۆو رایگەیاند " لە ٢٢ی ئەم مانگەوە فڕۆكە جەنگییەكانمان كە لە جۆری " 6 CF-18"ن لە شەڕی دژ بە داعش دەكێشینەوە. بەڵام فڕۆكەی چاودێری و پڕكردنەوەی سووتەمەنی دەمێننەوە و یارمەتی هێزەكانی هاوپەیمانان دەدەن".
جەستن ترودۆو گوتی: "لە ئێستادا ٦٩ راهێنەری سەربازی لە هەرێمی كوردستان مەشق بە هێزەكانی پێشمەرگە دەدەن، بڕیارە ٢٣٠ راهێنەری دیكە بۆ هەرێم بنێرین، لە چوارچێوەی پاڵپشتیەكانمان یارمەتی مرۆییش بۆ ناوچەكە دەنێرین".
ناوبراو تیشكی خستە سەر ئەوەی كە لە پلانیان دایە لە ماوەی سێ ساڵدا نزیكەی ٨٤٠ ملیۆن دۆلار یارمەتی مرۆیی ناوچەكە بدەن و گوتی: "بەهۆی زیادبوونی ژمارەی پەنابەران لە ئوردن و لوبنان لە ماوەی سێ ساڵدا ٢٧٠ ملیۆن دۆلار یارمەتی ئەو دوو وڵاتە دەدەین و هەروەها پەیوەندیە دیپلۆماتیەكانیشمان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بەهێز دەكەین".
سەرۆكوەزیرانی كەنەدا گوتی: "كاتی خۆی ئێمە پەیمانمان دا، لە ئێستادا پەیمانەكەمان دەبەینە سەر، هاووڵاتییانی ناوچەكە بەهۆی داعشەوە تیرۆر دەكرێن، ئەو هاووڵاتییانە پێویستیان بە ئێمە نییە كە تۆڵەیان بۆ بكەینەوە بەڵكو پێویستیان بە یارمەتی ئێمە هەیە. ئێمە دەمانەوێت لە ناوچەكە كارێكی دروست بكەین. دوژمنەكانمان چیان لە ئێمە دەوێت؟ ئەوان دەیانەوێت خەڵتانی خوێنمان بكەن و ترسمان بخەنە دڵەوە. دەیانەوێت رق و كینە زیاد بكەن بەڵام ئێمە ناچینە ژێر كاریگەریەكانیانەوە".