Hamit Hüseyin
09 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2016
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر پێشوزای لە باڵیۆزی کەنەدا بۆ عێراق و ئوردن بڕۆنۆ ساکۆمانی و شاندێکی یاوەری کرد کە بەمەبەستی خواحافیزی و کۆتاییھاتنی ئەرکەکەی، سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە.
بە پێی ھەواڵێکی ماڵپەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا باڵیۆزی کەنەدا سەرەتا سوپاسی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانی نێچیرڤان بارزانی کرد لە ھاندان و ھاوکارییکردن و پاڵپشتیکردنی لە کارەکانیدا و ھیوای خواست ھەرێمی کوردستان داھاتوویەکی گەش و روونی ھەبێت و پێشمەرگەش لە شەڕی دژی تیرۆر ھەردەم سەرکەوتوو بێت. جەختی لەوەش کردەوە لە داھاتوودا لە ھەر شوێنێک بێت وەک دۆستێکی نزیک ھاوکاریی حکوومەت و گەلی ھەرێمی کوردستان دەکات.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەو سەردانەی کرد و دەستخۆشی لە کار و چالاکییەکانی لە ماوەی کارکردنی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی لە دابینکردنی پشتگیریی سەربازی بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا و دروستکردنی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ھەرێمی کوردستان و کەنەدا و ھیوای سەرکەوتنی لە کارە نوێکەی بۆ خواست، ھەروەھا دۆستایەتیی توندوتۆڵی نێوان ھەردوو حکوومەت و گەلی کوردستان و کەنەدای دووپاتکردەوە.
تاوتوێکردنی دوا پەرەسەندنەکانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و دابینکردنی ھاوکاریی زیاتری سەربازی بۆ پێشمەرگە و چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەندیدار، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوون.