هه‌ولێر
له رێوڕەسمی بەجیهانیی ناساندنی قەڵای هەولێری پایته‌خی هه‌رێمی كوردستان لەلایەن رێكخراوی یونسكۆی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا و بڕینی موچه‌ی هه‌رێم له لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم لێدوانی‌دا.
سه‌باره‌ت به بارودۆخی سیاسی و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "هه‌رێمی كوردستان به تایبه‌تی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کان له به‌ره‌ی شه‌ڕدان دژی تیرۆریستانی داعش، پێشمه‌رگه رۆژانه له پێشڕه‌ویدان و رۆژ له دوای رۆژ پاشه‌كشه و شكست به تیرۆریستان دێنن، سڵاو بۆ پێشمه‌رگه و بۆ قاره‌مانه‌كانی كۆبانێ."
بارزانی گوتیشی: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه تیرۆریستان ده‌شكێنن، به‌ڵام پێشمه‌رگه پێوستی به هاوكاری و چه‌كی قورس هه‌یه، راسته هاوكاری وڵاتانی هاوپه‌یمانمان پێگه‌یشتووه و جێی سوپاسه، بەڵام پێویستمان به هاوكاری زیاتره."
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نێچرڤان بارزانی له‌باره‌ی كێشه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا رایگه‌یاند: "له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه حكومه‌تی عێراق بودجه و مووچه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی بڕیوه، وه‌ك كارتێكی فشاری دۆڕاو بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك بیانوویه‌ك بۆ ناكۆكییه سیاسییه‌كان دژی هه‌رێمی كوردستان بهكاریبێنێ."
هه‌روه‌ها گوتی: "بیانووی ئه‌وان گوایه هه‌رێمی كوردستان راسته‌وخۆ نه‌وتی فرۆشتووه، ئه‌مه راست نییه، دوای ئه‌وه‌ی به‌غدا بودجه و مووچه‌ی هه‌رێمی بڕی ئینجا ئێمه نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان‌مان فرۆشت."
نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد کە "خۆڕاگری هاوڵاتییانی كوردستان شكستی به به‌رپرسانی عێراق هێنا كه له ئه‌نجامی سیاسه‌تی خراپی ئه‌وان هه‌موو عێراق تووشی شكستی سیاسی و ئاسایش بووه‌وه. سوپاسی هاوڵاتییانی خۆمان و خاوه‌نكار و سه‌رمایه‌داران ده‌كه‌م، به‌ڵێن به هاوڵاتییان ده‌ده‌ین، له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا قه‌یرانی دارایی چاره‌سه‌ر بكه‌ین، مووچه‌خۆرانی كوردستان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه كه هیچ مووچهیەکیان نافهوتێ."
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم گوتیشی: "ئێستا له هه‌رێمی كوردستان یه‌كڕیزی دروستبووه، به‌هه‌مان شێوه له به‌غداش یه‌كگرتووین و كوردیش له به‌غدا به ئاواته كێشه‌كان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێ، به‌شداریمان له كابینه‌ی نوێی عێراق بۆ ئه‌وه‌بووه به هه‌موو لایه‌كمان كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به سوود وه‌رگرتن بۆ هه‌موو لایه‌ك عێراقێك كه سوود له هه‌ڵه‌كانی پێشوو وه‌ربگرێ."
دواتر سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند: "وه‌ك هه‌رێمی كوردستان پێمانخۆشه ئه‌و كێشانه به گفتوگۆ و دانیشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن، هیوادارین به‌غداش هه‌مان تێڕوانینی ئێمه‌ی هه‌بێ له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا."
نێچیرڤان بارزانی له‌باره‌ی ره‌وانه‌كردنی مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن به‌غداوه رایگه‌یاند: "هیوادارین حكومه‌تی به‌غدا به زووترین كات مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه بكا، ئێمه‌ش ئاماده‌ین بۆ دانیشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانمان."
سه‌باره‌ت به كردنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆ له هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم گوتی: "هیچ بڕیارێكمان نییه بۆ ئه‌وه‌ی سۆمۆ له هه‌رێمی كوردستان نووسینگه‌ی خۆی بكاته‌وه."