لهبارهی رێککەوتنی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لهسهر پرسی نەوت و غاز، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لەگەڵ تورکیا گرێبەستمان ئیمزا کردووە، ئەو گرێبەستە دوو لایەنەیە، واتە ھەم ئێمە پێویستمان پێیەتی ھەم تورکیا. ئەوە رێککەوتننامەیەکی بازرگانییە و پرسێکی سیاسی نییە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئەو دەستپێشخەرییەی تورکیا بە تایبەتی سەرۆکوەزیران رەجهب تەیب ئەردۆغان زۆر بەرز دەنرخێنین. تورکیا دەتوانێ لەو رێیەوە وزەی خۆی دابین بکا و ئێمەیش دەتوانین نەوتەکەمان ھەناردە بکەین."
لە بارەی بڕیاری فرۆشتنی نەوتی هەرێم، سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان گوتی: "بڕیاری فروشتنی نەوت لە ئەنجامی سیاسەتی ھەڵەی بەغدا بوو کە پێڕەوی دەکرد. بڕیار وا نەبوو کە ئێمە نەوت بفرۆشین، بەڵکو بڕیاربوو لەگەڵ بەغدا بگەینە رێككهوتن لەو بارەیەوە، بەڵام ئەوان یەکلایەنە بودجەی ھەرێمی کوردستانیان بڕی و زیاتر لە شەش مانگە بەپێی پێویست بەشە بودجەی ھەرێم نەھاتووە. پرسیار ئەوەیە ئایا دەبێ چاوەڕوانی بەغدا بکەین یا رێگەچارەیەک بۆ خۆمان بدۆزینەوە؟ ئێمە رێگەی خۆمان دۆزییەوە و بۆ دابینکردنی بودجەی ھەرێمی کوردستان ناچاربووین کە نەوت بفرۆشین، نەمانتوانی تا ئەبەد رابوەستین، ئاگاداربووین کە سیاسەتی بەغدا وا بوو دەیانویست باردۆخی کوردستان تێکبچێ کاتێ بودجە نانێرن تا ھەرێم دووچاری کێشە ببێتهوه. من زۆر سوپاسی هاووڵاتیانی کوردستانەکەم و ھەموو موچەخۆران دەکەم کە خۆڕاگربوون لە ئاست ئەو فشارانەدا. ئەوە حەقیقەت بوو، بەغدا ویستی خەڵکی کوردستان برسیی بکا."
بارزانی له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "نەوت کاڵایەک نییە کە بمێنیتەوە و نەفروشرێ. ھەرێمی کوردستان چەند پرەنسیپێکی ھەیە بۆ ئەو پرسە، یەکەم دەیەوێ ئەو پرۆسەیە بە شێویەکی زۆر شەفافانە ئەنجام بدرێ و ئامادەین ھەر لایەنێکی نێودەوڵەتی بێ و چاودێریی پرۆسەکە بکا. ئێمە ھیچ لاریمان نییە و جەخت دەکەمەوە ١٧%ی ئەو نەوتەی کە دەفرۆشرێ بۆ ھەرێمی کوردستانە و ئەوەی دیکەی بۆ عێراقە. چونکە ئێمە پابەندین بەو مادە دەستوورییانەی کە دەڵی نەوت و غاز موڵکی ھەموو گەلی عێراقە، ئامادەین لایەنە عێراقییەکانیش بێن ئەو کارە ببینن و پابەندین بەو ئیلتزاماتە نێودەوڵەتییانەی کە لەسەر عێراق واجبە. ھەمیشە ھەوڵمانداوە لهسهر ئهو پرسه لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجامێک."
نێچیرڤان بارزانی لهبارهی بهردهوامی ناردنی نهوتی ههرێم بۆ دهرهوهی وڵات گوتی: "ھەناردنی نەوتی کوردستان بەردەوام دەبێ و بڕەکەیشی زیاد دەکرێ بە جۆرێک ئێستا ئهو بڕهی دهنێردرێ لهنێوان ١٠٠ بۆ ١٥٠ ھەزار بەرمیلدایه لە رۆژێکدا، ئێمە لە ھەوڵی زیادکردنیداین کە هیوادارین تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. داهاتی ئهو نهوتهش وا لە هاڵک بانکی تورکیا هەڵگیراوە."
سەبارەت بە پرسی دواکەوتنی موچەی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستا، سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "من ناڵێم کێشەکە سەد لە سەد چارەسەر کراوە، بەڵام دڵنیام لەوەی ئەو رێیەی کە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە گرتومانەتەبەر، رێگایەکی راستە و ئەوانەی لە ھەرێم موچە وەردەگرن دڵنیابن کە موچەی ھیچ کەسێک نافەوتێ و رەوشی بودجە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی لە کوردستان. سوپاس بۆ ئەو خۆڕاگرییەی خەڵکی کوردستان، بەرخۆدان و فیداکاریی ئەوان جێگهی ستایشە."