کەرکوک
سەرۆكی بەرەی توركمانی عێرقی ئەرشەد ساڵحی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە شاری كەركوك بەستی، گوتی: "داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەت ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەین پێكهاتەی توركمان بپارێزن، ئەوەش بە دەركردنی چەند بڕیارێك كە لایەنە سیاسییەكان و حكومەتی عێراقی و حكومتی هەرێم وابەستەی پاراستنی گەلی توركمان و بوونیان بكا."
ساڵحی ئاماژەی بەوەش كرد كە بارودۆخی ئێستای عێراق هەموو هاوڵاتییان نیگەران دەكا و هەرچەند پێشتر داوایان لە كوتلە سیاسییەكان كردووە "فیتنەی تایەفەگەری و نەتەوەیی نەوروژێنن لە پێناو پاراستنی بەژەوەندی هەموو لایەك، بەڵام پێچەوانەی ئەوە روویدا و ئەوەی ئەمڕۆ روودەدا، پێشتر پێشبینیكراو بوو."
هەروەها رەخنەی لە حكومەتی عێراق گرت بە تایبەتی سەرۆكوەزیران نووری مالكی بە دابەشكردنی عێراق تۆمەتبار كرد و گوتی: "ئەو كەسەی سوێندی لەسەر پاراستنی عێراق خوارد دەستی كرد بە دابەشكردنی بۆ جوگرافیای ئیتنیكی كورد و سونە و شیعە، ئێمەی توركمانیش زەرەرمەندی یەكەمین لەم دابەشكردنە، شەبەك و یەزیدی و مەسیحییەكانیش بەهەمان شێوە."
هەروەها گوتی: "لە كاتێكدا داوامان لە زیاتر لە لایەنێك كرد بۆ پاراستنی كەسوكارمان لە تەلەعفەر، بەڵام هیچ وەڵامێكی ئەرێنیمان وەرنەگرت تەلەعفەر كەوتە ژێر دەسەڵاتی گروپە چەكدارەكان و خەڵكەكەی شارەكەیان جێهێشت."