هەولێر
بریارە سبەی سێشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گشت پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و ئەو رووداوانەی کە هاتوونەتە پێش کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە هاوینەهەواری سەڵاحەددین ساز بکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان ئایدن مەعرووف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەسەر داواکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعوود بارزانی سبەی سەعات ١١:٠٠، لە هاوینەهەواری سەڵاحەددین گشت پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بانگکراون بۆ کۆبوونەوە و تێدا وەک بریارە تاوتوێی بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و ئەو رووداوانەی کە هاتوونەتە پێش، بکەن."
ئایدن مەعرووف گوتیشی: "لە باردۆخێکی وەها هەستیاردا بەپێویست دەزانرێت راو بۆچونی لایەنەکان وەربگیرێت و گشت لایەنەکانی سیاسی هەرێم لە رووداو و بریاردان هاوڕا و بەشدار دەبن و ئەم کۆبوونەویەش کارێکی باشە و یەک گوتاری هەرێم بەرامبەر بەرووداوەکان نیشان دەدات."
رۆژی یەكشەممە 15ـی 6ـی 2014 سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی دوای سەردانەكەی بۆ ئەوڕووپا و دیداریان لەگەڵ سەرۆكی فەڕەنسا و پاپای ڤاتیكان و بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئیتاڵیا لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ هەرێمی كوردستان گەڕابوویەوە.