ههكاری
دۆڵی تیارێ کە پێشتر بەھۆی بوونی شەڕ و پێکدادانی نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا بەڕووی گەشتیاراندا داخرابوو، لەگەڵ دەستپێکی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرییدا ماوەی ساڵ و نیوێکە ئاسایش و ئارامی بۆ گەڕاوەتەوە و بەڕووی گەشتیاراندا کراوەتەوە، ھاوکات ناوچەکە لەبواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریدا بوژانەوەی بەرچاوی بەخۆیهوه بینیوە.
ساڵانی پێشوو بەھۆی نالەباری بارودۆخی ئەمنیەوە، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی زۆری لەو ناوچانەدا ئەنجام دەدا و بەردەوام دەنگی تەقە دەبیسترا، بەڵام ئێستا جریوەی باڵندە و سروشتی ئاسایی ناوچەکە، مرۆڤەکان دڵخۆش دەکات.
یەکێک لە جێگاکانی ناوچەکە دۆڵی تیارێیە کە خەڵکی بەتایبەتی ڕۆژانی پشوو بەمەبەستی گەشت و سەیران ڕووی تێدەکەن و بەئارامی کاتەکانیانی تێدا بەسەر دەبەن، لە ھەمان کاتدا جێگایەکە کە جوتیاران کشتوکاڵی تێدا دەکەن و ئاژەڵی تیادا بەخێو دەکەن.
ئەو دۆڵە کە شاھێدی چەندین ڕووداوی ناخۆشە، لەدوای بێدەنگبوونی چەکەکان، تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانی کرد و دیمەنی ناوچەکە و دۆخی ئێستای دۆڵەکەیان تۆمار کرد و گۆڕانکارییەکانیان خستەڕوو.
لەگەڵ بێدەنگبوونی چەکەکاندا گوند نشینەکانی نزیک دۆڵەکە دەستیان کردەوە بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، بە پێویستیشی دەزانین ھەر کەسەو لای خۆیەوە ھاوکار بێت بۆ بەردەوامی دان بە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی.
گوندنشینان نزا دەکەن بۆئەوەی جارێکی دیکە ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو دووباره نهبنهوه و ئاماژە بەوەش دەکەن ئەگەر پرۆسەی ئاشتی دووچاری شکست بێت، ئەوا ئەمان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی ئانادۆڵو، یەکێک لە دانیشتوانی ناوچەکە بە ناوی نەوزار ئۆزکان ئاماژە بەوە دەکات كه پێشتر بەھۆی پێکدادانەکانەوە لە دۆڵەکەدا خەڵکی لە نائارامییەکی زۆردا ژیانیان دەبردە سەر، لەبەرئەوە ژمارەیەکی زۆری گوندنشینان کۆچیان کرد.
ئۆزکان ههروهها ئاشكرای كرد کە پێشتر بە بەردەوامی دەنگی تەقە لە دۆڵەکەدا دەبیسترا و ھەموو ڕۆژێک پێکدادان ڕووی دەدا ، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا بەھۆی ئەو ھەنگاوانەی بۆ پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی ھەڵنراون، ئارامییەکی زۆر باڵی بەسەر دۆڵەکەدا کێشاوە. لە بری دەنگی تەقە جریوەی باڵندە دێت، کە ئەمەش خەڵکی دڵخۆش کردووە.
ئۆزگان له درێژهی قسهكانیدا گوتی: "پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا کاریگەری گەورەی لەسەر دروست کردبووین بەتایبەتی کاتێ بچوینایە دەرەوەی پارێزگاکەمان، ھەر کە دەمانوت خەڵکی چەلێین خەڵکی خۆی لێ دور دەگرتین. پێیان دەوتین تیرۆریست. بەڵام لەگەڵ دەستپێکی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریدا گۆڕانکارییەک ڕوویدا. ئەوانەی لە گوندەکەمان کۆچیان کردبوو گەڕانەوە و خانووی نوێ دروست دهكهن. سەرلەنوێ کشتوکاڵکردن لە زەویەکاندا دەستی پێکردۆتەوە. ئێستا ھەموان زۆر دڵخۆشن. ئێمە دەمانەوێت ئاشتی بۆ ھەمیشە بێت. دڵخۆشی خەڵکی لەناو نەبرێت. ھەموو کەس ئازاد بێت و بە برایەتی بژین. ھیوادارم پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دەرەنجامی خۆش ببەخشێت."
یەکێکی دیکە لە خەڵکی چەڵی بەناوی مەھمەت یاشار ئێرتوچ، ئاماژە بەوە دەکات کە وەک خەڵکی ناوچەکە دڵخۆشن بە قۆناغەکە و ئەوە وەبیر دەھێنێتەوە، کە زۆر بەسەرھاتی ناخۆشیان بەسەرھاتووە و دەڵێت، ساڵانی پێشوو ئەگەر بتویستایە بچێت بۆ چەند شوێنێک دەبوو مۆڵەتی تایبەتیت وەربگرتایە.
ههروهها گوتی: "نزیکەی ٣٠ ساڵ پێش ئێستا کاتێ خەڵکی بەخاوخێزانەوە دەھاتنە ناوچەکە بۆئەوەی ھاوینان لێرە ژیان بەسەربەرن، بەبیانوی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە، سوپا ھەڵمەتی سەربازیی بۆ سەر ناوچەکە ئهنجام دهدا، بەلام ئێستا لەسایەی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریدا وردە وردە ئەو جۆرە کێشانە چارەسەر کراون و دەتوانن بە ئاسانی سەردانی دۆڵی کازان بکەن کە پێشتر چەقی پێکدادان و ھەڵمەتە سەربازییەکانی سوپا بوو."
ئێرتوچ ئاماژە بەوە دەکات کە گۆڕانکاریانە بەدی دەکرێن، کە لە سایەی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریدا بەدیھاتوون. خەڵکی ئاسوودەترن و لە ئارامیدان. وەک سالانی پێشوو لەژێر فشار و ھەڕەشەدا نین. پێشتر ئەو جێگایانەی کە دەبوو بە مۆڵەتی تایبەت بۆی بچین، ئێستا زۆر بە ئاسانی بۆی دەچین.
کەسێکی دیکە بەناوی نادر ئاکدەمیر باس لەو دڵخۆشیە دەکات کە بەھۆی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرییەوە ھەستی پێدەکەن و دەڵێت كه تەمەنا دەکەن ڕووداوی ساڵانی پێشتر نەک لە تورکیا، بەڵکو لە ھیچ شوێنێکی جیھان ڕوونەدات. چونکە ئەو ڕووداوانە خەڵکانێکی زۆری کردە قوربانیی.
ئا کدەمیرگوتی: "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریی ھەم بۆ خەڵکی چەلێ و ھەمیش بۆ ناوچەکە و تەواوی وڵات ئارامییەکی زۆری بەدیھێناوە. بۆیە پێویستە ھەموو تورکیا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا بکەن، چونکە ئەنجامی زۆر ئەرێنی بەدەستھاتوون . ھیوادارین بەردەوام بێت و دەرەنجامی باشتر بەدەست بێت."