دياله
قائیمقامی خانەقین، محەمەد مەلا عەبدوڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە زۆربەی ناوچەكانی سەر بە قەزای خانەقین پێشمەرگە جێگیر بووە و دۆخەكە ئارامە، بەڵام لە هەندێك ناوچەدا کە چەكدارانی داعشی لێیە، لەوناوچانەدا هاووڵاتیان لە ترس و دڵەڕاوكێدان."
قائیمقامی خانەقین گوتی: "ڕۆژانە بەردەوام دانیشتوانی شارۆچکەکانی سەعدیە و جەلەولا لەترسی دۆخەكە ئاوارە دەبن و لەسەدا 70 بۆ 80ی ئەو ناوچانە چۆڵ كراون، هەروەها قەزاو شارۆچکەکانی دیکەی پارێزگای دیالەش چۆڵبوونە و دانیشتوانەكەی بەرەو خانەقین و كەركوك ئاوارە بوون."
قائیمقامی خانەقین ئەوەشی خستە روو کە ئەو كەسانەی لە ناوچەكانی دیکەوە ئاوارە دەبن، ناچنە ناو ئەو كەمپەوە كە بۆ ئاوارەكان دروست كراون و لە ترسی دۆخەكە زیاتر بەرەو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان رادەکەن.
لە بازگەی كوباشی كە دواین بازگەی پێشمەرگەیە دەكەوێتە دوری پێنج كیلۆمەتر لەسەرووی شارۆچکەی سەعدیەوە بەردەوام دانیشتوانی سەعدیە و شارەبان و ناوچەكانی دیکەی سەر بە پارێزگای دیالە لەو بازگەیەوە دهێنە خانەقین و شاری كەلارەوە.
بەشێك لەو هاوڵاتیانە بە ئاژانسی ئانادۆڵیان راگەیاند، ناوچەكانیان لە لایەن چەكدارانی داعشەوە کۆنترۆڵ کراوە و بەهۆی مەترسییان لەژیانیان و نەزانینی دەرەنجامەكانی دۆخەكەوە، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە و بەرەو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان هەڵاتوون.