ھەولێر
ئەمرۆ دووشەممە کۆنفرانسی وزە لەشاری ھەولێر دەستی بەکارەکانی کرد لە وتارێکدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پرسی نەوت و پەیوەندەیەکانی بەغداو و وڵاتی تورکیا لەبارەی ھەناردەکردنی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت گوتی: "کاتێک لەگەڵ ھاوکارانمان لەبەغدا بۆ نووسینەوەی دەستوری تازەی عێراق دانیشتین، ئازارەکانی ئەنفال و کیمیابارانمان لەخەیاڵ بوو لەسەر ئەو بنەمایەش بریارماندا ھەوڵ بۆ ئایندەیەکی گەشتر بدەین، ھەورەھا ھەوڵ بۆ بنیاتنانەوەی عێراق بدەین کەپێکەوە کورد و ھەموو نەتەوەکانی دیکە لەم وڵاتە ھەست بەئارامی و سەقامگیری بکەن."
رایشیگەیاند کە ناتوانین بڵێین ئەو دەستورەی دامانڕشتووە بێ کەموکوریەوە و ھەمو مافێکی بۆ گەلی کورد تێدا دەستبەر کراوە، بەڵام ھیچ دەستورێکیش ناتوانێ ھەموو خواست و مافێکی مرۆڤ بێنێتەدی. لەگەڵ ئەوەش بنەماکانی فیدراڵیزم و دیموکراسی و لامەرکەزی لەعێراقی فیدراڵدا چەسپاوە و بۆ ھەموولایەک روون و ئاشکرایە.
ھەروەھا بارزانی جەختی کردەوە کە باوەڕی تەواومان بەوە ھەیە تاکە رێگە بۆھێنانە دی وڵاتێکی یەکگرتوو و سەقامگیر جێبەجێ کردنی ئەم دەستورەیە ئەویش جەخت لەسەر ھاوبەشی دەسەڵات و داھاتی وڵات دەکاتەوە، ئەم بنەمایانە بەرێوەبردنی سامانی سروشتی لە وڵاتەکەمان دەگرێتەوە.
لەوتەکەیدا نێچیرڤان بارزانی گەرایەوە بۆ رابردوو گوتی: "لەمێژووی عێراقدا داھاتی نەوت بۆ چەوسانەوەی خەڵکی وڵاتەکە و ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسی بەکار ھێنراوە، ئەمرۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری گۆڕینی ئەم مێژووە تراژیدیایەی داوە بۆ ئەوەی ھەرگیز ئەوەی لەرابردوو کراوە دووبارە نەبێتەوە، ئێمە ھەردەم ئارەزووی ئەوەمان کردوە وەک ھاوبەشێک لەگەڵ بەغدا پێکەوە کاربکەین، بەڵام بەھۆی مێژووی چەوسانەوە و ئەزموونی تاڵ و نەھامەتی زۆر کە لەرابردوودا چێشتوومانە زۆر قورسە بڕوا بە یەکێک بکەین کە بڕیار لەسەر داھاتووی گەلەکەمان بدات. زۆرجاری دیکە وتوومە برینەکانمان زۆر لەوە قوڵترە باوەڕ بەھەندێ کەس بکەین، ئێستا کاتێک باس لە خۆبەخێوکردن دەکەین، ئیمە دەمانەوێ ھەرێمی کوردستان ھەموو پێداویستیەکانی خۆی دابین بکات، پشت بەخۆراکی خۆی ببەستێ چیتر پشت بە پێداویستی دەرەوە نەبەستێ و بتوانێ پشت بەخۆی ببەستێ و کارەبا بەپێی پێویست بۆ ناوخۆ بەرھەم بھێنێ. ھەروەھا دروست بوونی ئاسایش و دەرفەتی کار بۆ ھاوڵاتیانمان بھێنین دی."
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئامادەبوانی کۆنفرانس گوتی: "لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، کوردستان ناوچەیەکی ئارام بووە لەچاو بەشەکانی دیکەی عێراق سوپاس بۆ دامودەزگەکانی ھەرێمی کوردستان، کلیلی ئەم سەرکەوتنەش پشتگیری و ھاوکاری بەردەوامی ھاوڵاتیانی کوردستانە لە دامەزراوە فەرمیەکان. ئێمە لەھەرێمی کوردستان شانازی بە بوونی نەتەوە و ئاین و کلتوری جیاواز دەکەین، کەلە کەشێکی برایانە و دۆستانە پێکەوە دەژین."
باسی ئەوەشیکرد کە دۆزینەوەی نەوت لەھەرێمی کوردستان واتە کرانەوەی وڵاتەبەڕووی جیھان، لەئەنجامی سیاسەتی دروستی وەبەرھێنان لەپاش ٢٠٠٣ ھەروەھا بەپشت بەستن بەعێراقی فیدراڵ لەدوای ٢٠٠٥ ھەنگاوەکانی وەبەرھێنانی نەوت بەرەو پێشچوون، ئەمرۆ لەسەرئاستی دونیا ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەھێزی ھەیە نەوتی یەدەگی ٢٥ ملیار بەرمیل نەوتە سێ تا شەش تریلیۆن سێجا گازی سروشتی بۆ ھەرێمی کوردستان، شتێکی گرنگە.
ھەرێمی کوردستان بۆتە سەرنتەرێکی بازرگانی کە سەدان کۆمپانیای بیانی لێرە وەربەرھێنان دەکەن، دەبێ ئەوەشمان بیر بێ بەپێی ئامارەکان ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی پێویستی بە ٣٠ ملیار دۆلاری ئەمریکیە.
نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا گوتی: "ماوەی ٢ ساڵە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەھەوڵی باشتر بەرێوەبردنی کاروبارەکانی وزە دایە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت لەگەڵ تورکیا و ئێران، گفتوگۆکانمان لەگەڵ وڵاتی تورکیا لەسەر کەرتی وزە بەشێوەیەکی جدی بووە و وردەکاری زۆری تێدا بووە، ھەروەھا گفتوگۆکان زۆر بەراشکاوی و بونیاتنەرانە بووە، ئێمەش تێگەیشتنی تەواومان ھەبووە وەکو ھاوڵاتی کورد و بەپێی دەستوری عێراقیش ئەو دەسەلاتەمان پێدراوە."
بارزانی لەوتەکانی گوتیشی: "باوەڕی تەواومان ھەبووە ئەم گفتوگۆیانە بەرھەمیان دەبێ و دەبێتە ھۆی دروستبوونی بارودۆخێکی سەرکەوتوو بۆ وڵاتی تورکیا و عێراقیش نەک لەبواری وزە، بەڵکو لەبواری ھێنانە دی پەیوەندیەکی پتەوی ھاوبەش لەرووی ئابوری و سیاسی و سازانی کۆمەڵایەتییەوە. ھەرلەسەر ئەم بنەمایە حکومەتی ھەرێمی کوردستان گەیشتە ئەو قۆناغە لەگەڵ تورکیا. ھاوکاریکردن و ھاوبەشەکەمان لەتورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ئازاری ٢٠١٣ و دەمەوێ بڵێم قۆناغەکانی جێبەجێ کردنی ئەم چوارچێوەیە و بەشی کۆتای ئەم کارانە لەم دواییانە کۆتایی پێھات."
ھەروەھا گوتی: " ئەوەی من مەبەستمە بیڵیم پیویستە گفتوۆکان لەسەر نەوت و ھەناردەکردن و داھاتەکەی لەسەر بنەمای شەفافیەت بێ، لێرەدا رایدەگەیەنم کە بەرپرسان لەحکومەتی فێدراڵ و لایەنی سێیەم بانگێشت دەکەین بۆ چاودێریکردنی تەواوی قۆناغەکانی ئەم پرۆسەیە. تەواوکردنی ھەماھەنگی لەبواری وەزە لەگەڵ تورکیا کارێکی مەزنە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەمەوێ ھاوبەشەکانمان دڵنیابکەمەوە، ئێمە بەشێوەیەکی بەردەوام دەرگامان کراوەیە و ھەربەکراوەیش دەمێنێتەوە، ئەمرۆ ھەرێمی کوردستان رۆڵی تەواو لەیارمەتیدانی عێراق دەگێڕێ بۆ گەیشتن بە ئەنجامەکانی وزە. بۆیە پێویستە ئێمە لەگەڵ ھاوبەشەکانمان لەعێراق دابنینشین و وەک ھاوبەشی راستەقینە بگەینە ئەنجامێک لەبارەی یاسای دابەشکردنی داھات لەعێراق لەماددەی ١١٢ی دەستوری عێراقیش ھاتووە دەبێ بگەینە بنەمایەکی ھاوبەش."
ھەر لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوتی: "بەداخەوە تاکو ئێستاش سیاسەتی بەڕێوەبردن لەعێراق تەنیا مەرکەزی و کۆنترۆڵکردنە، دەبێ لای ھەموو کەس روون بێ حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری خۆی داوە و ناگەڕێتەوە و بۆ پێشەوە ھەنگاو دەنێ، دەبێ ھەموولایەک بزانێ ئەوەی دەیکەین واتای ئەو سیاسەتە راست و دروستەیە کە پەیڕەومان کردوە و پەیڕەوی دەکەین. ھاوبەشەکانمان ھان دەدەین لەبەغدا بۆکارکردن لەگەڵمان بۆ بنیاتنانەوەی عێراقێکی نوێ کەپشت بەدیموکراسی و فیدراڵی و سەروەری یاسا ببەستێ دەمانەوێ ئەم ولاتە سیستەمێکی بەرێوەبردنی ھەبێ ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان لە دەسەڵات و داھاتیش بەشدارن."
راشیگەیاند کە لەڕووی بازرگانی پێویستە کار بۆ لابردنی ھێڵەسورەکان بکەین و ھاندانی گەشەی ئابوری ھەرێمی کوردستان وەک دەروازەیەکی ھەموو عێراق لەرووی سیاسی و ئابوری سوود لەگەشەسەندنی ئابوری وەربگرین بۆ دەربازبوونی عێراق لەئاژاوە و دووبەرەکێ، ھەروەھا لەسەر ئاستی دەرەوەش لەگەڵ دراوسێکانمان و وڵاتانی جیھان پەیوەندیەکی ھاوبەشمان ھەبێ و عێراقیش ھەڕەشە نەبێ بۆسەر ھیچ لایەک.
لەکۆتایی قسەکانی بارزانی گوتی: "ئەم ھەنگاوەی ئێمە لەگەڵ تورکیا لەبواری وزە بۆتە ھۆی دروستکردنی رووێکی باش بۆ عێراقی نوێ ئەمەش بەھیچ شێوەیەک جێگەی مەترسی نیە بۆ ھیچ لایەک بەڵکو ماف و ئەرکێکی سیاسی و یاسایی و نەتەوەییە کە ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ھەنگاومان بۆی ناوە و ئامادەش نین بەھیچ شێوەیەک پاشەکشێی لێ بکەین."
news_share_descriptionsubscription_contact

