ھەولێر
وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشتی ھەورامی لە وتارێکدا لە سێھەمین کۆنفڕانسی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ لەشاری ھەولێر دەستی بەکارەکانی کرد، ئاماژەی بەوەکرد ئەو بۆرییەی نەوتییەی لەھەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا راکێشراوە تێست کراوە و ئێستا بەشێوەیەکی تەواو کاردەکات و دەتوانێت رۆژانە ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت بگوازێتەوە.
ئاشتی ھەورامی لەدرێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ ھەرێمی کوردستان دەتوانێت یەک ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە بکات و لە ساڵی ٢٠٢٠ دەگاتە دوو ملیۆن بەرمیل. گووتیشی: " دروستکردنی ئەو بۆڕییە رەنگە خێراترین پرۆسە دروستکردنی بۆڕی نەوت بێ کە کەمتر لەساڵێکی خایاند و بەزوویی تەواوبوو."
ھاوکات باسی لەوەشکرد کە ھەرێمی کوردستان ئەوەی بەرھەمی دەھێنێت زۆر زیاترە لەوەی لە عێراق بەدەستی دەھێنێ تەنانەت بۆ ساڵانی ئایندە و گوتی: " لە ئێستادا ئەو سەدا ١٧%ەی باس دەکرێت نادرێت بەھەرێم بەڵکو سەدا ١٠,٥ی بودجەی عێراقی پێدەدرێ."
ھەروەھا گوتی: "لەمەودوا ناردنی نەوت بەڕێگەی تانکەرەکانەوە کەم دەکەینەوە و بۆرییەکە دەکەوێتە کار."
ھەورامی گووتیشی: "سالێک دەبێت بە تانکەر نەوت ھەناردەی تورکیا دەکەین و ھەروەھا سێ چوار ساڵیش دەبێت ھەناردەی ئێرانی دەکەین."