ھەولێر
تانەر یڵدز وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا لە گوتارەکەیدا گرنگی پێدانی وڵاتەکەی دوپاتکردەوە بە نەوت و وزەی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ رەوشێکی سیاسی ئارام لەو وڵاتەدا.
یڵدز گوتی: "ئێمە لە ناوچەکە لە ھەوڵی بەردەوامداین بۆ باشترکردن و بەھێزترکردنی پەیوەندییەکانمان، ھیوادارین قەیرانی سوریایش چارەسەر بکرێ و ھەروەھا ھیوادارین کە عێراقیش ئارامی و بەختەوەریی بە خۆیەوە ببێنێ، چونکە خەڵکی عێراق ئازاری زۆری کێشاوە. تورکیا دەیەوێ وزە وەکو فاکتەرێکی سەرەکی بۆ بەرقەرار کردنی ئاشتی بەکار بھێنێ، پێویستە ھەمووان ھەوڵ بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی عێراق بدەین بە سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی عێراق ھەوڵ بۆ باشترکردنی رەوشی خەڵکی ئەم وڵاتە بدەین."
لەبارەی نەوتی ھەرێمی کوردستان وەزیری وزەی تورکیا گوتی: "ھەرچەندە ھەرێمی کوردستان بۆ ھەناردنی نەوت رووبەرووی کێشەی جیاجیا بۆتەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ لە چوارچێوەی یەکێتیی خاکی عێراق کە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، سوود لە داھاتی نەوتی عێراق وەربگرین و ئەو نەوتە ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان بکەین تا بەو جۆرە بارودۆخی عێراق ئاسایی بکرێتەوە و ژیانێکی باش بۆ خەڵکی عێراق دابین بکرێ. من دوێنێ لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق لە بەغدا کۆبوومەوە و باسمان لەو پەیوەندییانە و ھەناردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان کرد، عێراقیش رەزامەندی لە سەر ھەناردنی ئەو نەوتە دەربڕیوە، بەڵام پێویستە لە داھاتوویەکی نزیکدا کۆمیتەیەکی سێقۆڵی دابمەزرێ و لەو بوارەدا دەست بە کۆبوونەوە و گفتوگۆ بکا."
یڵدز زیاتر گوتی: "لە بەرنامەماندایە ئەو بۆرییە نەوتبەرەی ئێستا لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا راکێشراوە، بەرفراوانتر بکرێ تا بەوجۆرە عێراق، تورکیاو ھەرێمی کوردستان لە داھاتەکەی سوودمەند بن. لە میانی گفتوگۆکانمان لەگەڵ شەھرستانی ھاوڕابووین لە سەر ئەوەی کە ئەو ٤٠٠ کلیۆمەترە بۆرییەی بەسرە کە کێشەی تێیادایە چارەسەر بکرێن، بەوجۆرە نەوتی بەسرەیش روانەی بەندەری جەیھان بکەین."
یەکێک لە نیگەرانییەکانی حکومەتی ناوەندی لە سەر نەوتی ھەرێمی کوردستان رێژەی نەوت و نرخی ئەو نەوتەیە کە ھەناردەی دەرەوە دەکرێ. یڵدز: عێراق داوای بەستنەوەی نەوتی بەسرای بە کەرکوک جەیھانەوە کرد.
وەزیری وزەی تورکیا لە وتارێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە یەکپارچەیی عێراق بۆ تورکیا گرنگە و گرنگتر لەوەش پاراستنی ئەو یەکپارچەییەیە.
یڵدز درێژەی بە قسەکانی دا: "تورکیا خۆشحاڵە بەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ گەیاندنی ئەو نەوتەی لە عێراق بەرھەم دەھێنرێ بۆ دەرەوە. بۆریی نەوتی کەرکوک جەیھان دەتوانێ ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بگوێزێتەوە، ئێستا ھەموو ئەو بڕە ھەناردە ناکرێ، ئێمە دەمانەوێ بۆری نەوتبەری بەسرەیش بەوەی کەرکوک ببەسترێتەوە."