ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، ئەوان خۆیان بە بەشێک لە چارەسەری کێشەکانی هەرێم دادەنێن و بۆیەش بڕیاریان داوە سەرانی مەکتەنی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەن و وەڵامی چوار لایەنە سیاسییەکە پێشکەش بەو حزبە بکەن.
سەعدی پیری پێی وایە شۆڤێنی عەرەبی لەناو شیعە و سوننەدا رێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140 و دەشڵێ کورد لە کەرکووک زۆرینەیە بەڵام نامانەوێ بە زۆرینە و کەمینە کێشەکە چارەسەر بکەین، دەمانەوێت رێککەوتنێکی سیاسی هەبێت و دەربارەی پەیوەندی پارتەکەی بە پەکەکەوە دەڵێ: "پەیوەندییەکی باشمان هەیە بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە پشتگیری لە سیاسەتی ئەوان دەکەین".
لە سەرەتای دیمانەکەدا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە باسی لە کێشە و ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردسان کرد کە ماوەیەکە لە شێوازی قەیران بەرۆکی هەرێمی گرتووەتەوە. ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامادەکاری دەکەین بۆ سەردانەکە و لە ئێستادا خەریکی گفتوگۆ کردنین لەگەڵ ئەندامانی شاندەکە بۆ ئەوەی وەڵامی چوار حزبەکە بدەینە مەکتەبی سیاسی پارتی و سەبارەت بە چارەنووسی حکوومەتیش بە بۆچوونی من حکوومەت وەک خۆیەتی و ئەوەی بووەتە کێشە مەسەلەی ناردنەوەی وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕانە، رەنگە ئەدای حکوومەت وەک پێویست نەبێت، حکوومەت لە ژێر کاریگەری پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمە و لە راستیدا ئەوەی کێشەی هەیە پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمە".
سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو لایەنە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، سەعدی پیرە گوتی: "لە راستیدا زۆر کەس لێکدانەوەی هەڵە دەکات گوایا ئێمە نێوەندگیری دەکەین بەڵام ئێمە بەشێکین لە چارەسەر و هەوڵدەدەین بۆچوونەکان لەیەکتر نزیک بکەینەوە و بەیەکەوە ئەم نەخشەرێگایە بدۆزینەوە کە ئەم قەیرانانە چارەسەر دەکات، ئێمە لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی و ئەم پەیوەندییەی لەگەڵ پارتی هەیە، هەست دەکەین جۆرێک لە پەرۆشی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هیوادارم سوودی لێ وەربگیرێ بۆ نموونە راگرتنی شەڕی راگەیاندن کە ئەمە هەنگاوێکی باشە و دەستپێکی چارەسەری کێشەکانە".
ناوچەی کێشە لەسەرەکان و بەتایبەتی ناوچەی کەرکووک و ماددەی ١٤٠ كۆتا ڕۆژی جێبەجێكردنی لە دەستوردا 31/12/2007 بوو، تا ئەو كاتە و ئێستاش ماددەكە جێبەجێ نەكرا و لە 11/8/2014 هاوپەیمانی نیشتمانی وەك گەورەترین كوتلەی پەرلەمان حەیدەر عەبادی، سەركردەی حزبی دەعوە و جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاری كرد و لە کاتی سوێند خواردنەکەشی حەیدەر عەبادی کارنامەی حکوومەتەکەی خوێندەوە و بەڵینی ئەوەیدا کە لەماوەی یەک ساڵدا ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکات.
سەبارەت بە پرسی جێبەجێ نەکردنی ئەم ماددەیە، سەعدی پیرە گوتی: "ماددەی ١٤٠ ماددەیەکی دەستوورییە و کاتی خۆی لە خولی یەکەم سەرکۆمار بە تەنیا دەسەڵاتی نەبوو بەڵام لە خولی دووەمدا سەرکۆمار دەسەڵاتی هەبوو، ئەوە بوو مام جەلال نامەیەکی ئاراستەی حکوومەت و پەرلەمان کرد بۆ کۆتاییهێنانی، من پێم وایە ئەم رێگریکردنە لە ئەنجامی هەڵوێستی هەندێک بیرکردنەوەی شۆڤێنی عەرەبییە لەناو شیعە و سوننەدا، ئەگەرنا ئەمە مەسەلەیەکی دەستوورییە و بڕیاری لەسەردراوە و راگرتنی کارێکی خراپە، جگە لەمەش لە هەڵبژاردنەکاندا لە کۆی ١٢ کورسی هەشت کورسی بۆ کورد بوو کە شەش کورسی بۆ یەکێتی و دوو کورسی بۆ پارتی واتا دوو لەسەر سێی کورسییەکان بۆ کورد بوو، ئیتر پێویست بەوە ناکات کە زۆرینە کێیە و کەمینە کێیە، ئێمە بە زۆرینە و کەمینە نامانەوێ کێشەی کەرکووک چارەسەر بکەین، دەمانەوێت رێککەوتنێکی سیاسی هەبێت، لەکاتی خۆیدا نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێز سێتافان دیمستۆرا دەستەیەکیان دانا بۆ ئامادەکردنی راپۆڕتێک لەسەر باردودۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئەم ڕاپۆڕتە پێویستە وەکو بەرنامە بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەپێی ئەم نەخشەرێگایەی دەبوو مادەی ١٤٠ لەماوەیەکی کورتدا جێبەجێ بکرایە، دەمەوێت ئەوە بڵێم هیچ کاتێک لە کەرکووک کێشە لە نێوان تورکمان و کورد و عەرەبەکاندا نەبووە، چونکە ئەوان باوک و باپیریان لە کەرکووک بەیەکەوە ژیاون و هەر سێ زمان بە باشی قسە دەکەن و ئەوەی کێشەی بۆ کەرکووک دروست دەکا خەڵکی کەرکووک نییە بەڵکو خەڵکی دەرەوەی کەرکووکە و دەیانەوێ ئەم کێشەیە لە پەرلەمان زەق بکەنەوە لەسەر حیسابی خەڵکی کەرکووک، من پێم وایە کەرکووک ئیدارەیەکی باشی هەیە و گونجاوە لەگەڵ پێکهاتەکانی ئەم شارە، چونکە کەرکووک شاری پێکەوە ژیانە و عیراقێکی بچووکە".
سەبارەت بە ئازادکردنەوەی شنگال و نیگەرانییەکان لە مانەوەی پەکەکە لەم ناوچەیە، سەعدی پیرە گوتی: "من دوو لایەنە سەیری شنگال دەکەم، لایەنێک ئەوەیە لە سەرەتادا داگیرکردنی شنگال لە 3/8/2014 هێزێکی پەکەکە و پەیەدە و هەندێک لە هێزەکانی یەکێتی و خەڵکێکیش دوایی رایانگەیاند کە پارتین، بەڵام بە لای کەمی ناوچەیەکی پارێزراو دروستکرا لە چیای شنگال بۆ رۆژئاوای کوردستان و لەوێ ئۆردوگایەک دروستکرا بەناوی ئۆردوگای نەورۆز ئەوە نزیکەی ساڵ و نیوێکە، دوای ئەوەش لە دەرەوە و ناوەوەی شنگالیش مقاوەمەتێک کراوە و شەست تا حەفتا کەسیش شەهیدبوونە لە پەکەکە و هێزەکانی دیکە، ئێمە لە مەخمووریش سوودمان لە پەکەکە بینی لە شەڕی دژ بە داعش، ئەوەبوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆیشت چەکی دابەشکرد بەسەریاندا، ئێمە لە کەرکووکیش سوودمان لێیان بینی و لە مووسڵیش سوودیان لێ دەبینین، دەبوایە لە سەرەتادا زانیارییەکان بە تەواوی بە کاک مەسعوود بدرابوایە، ئێمە سوپاسی هەموو لایەنەکان دەکەین بەڵام شنگال بەشێکە لە کوردستان، لەهەموو کەس نزیکتر بۆ ئیدارەدانی شنگال، هەرێمی کوردستانە، لایەنەکانی دیکەی بەشداربوو لە بابەتی پەکەکە و پەیەدە و ئەوانی دیکە ئەگەر جێگای دیکەیان نییە دەتوانن بمێننەوە بەڵام هەق وایە شنگال بدرێتەوە دەست دامەزراوە کارگێڕییەکانی ئەو قەزایە".
سەبارەت بە پەیوەندی یەکێتی نیشتمانیی کورستان لەگەڵ پەکەکە و یەپەگە، سەعدی پیرە گوتی: "ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر ئێمە نێوانمان خراپ بێت، ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی ئێمەیە پشتیوانی لە پەکەکە و یەپەژە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئێمە پشتگیری لە سیاسەتی ئەوان دەکەین و ئێمە پشتگیری لە هەدەپەش دەکەین بەڵام بەو مانایەی نا کە سیاسەتی هەدەپە سیاسەتی ئێمەیە، ئێمە سیاسەتی سەربەخۆمان هەیە و لەسەر ئەم بنەمایانە پشتیوانی لە داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین، ئەوە کاری خەڵکی باکوور و رۆژئاوایە کە پەکەکە و هەدەپە و یەپەژەیان قبوڵە یان نا، ئەگەر ئەوانیش نەبن، ئێمە ناچارین بەرگری لە داخوازییەکانی باکوور یان رۆژئاوا بکەین".
سەبارەت بەو بارودۆخە گرژی و ئاڵۆزییەی لەناوچەی خورماتوو هەیە کە ئەم چەند رۆژە پێکدادانێک لە نێوان حەشدی شەعبی شیعە مەزهەب و سوننە مەزهەبەکانی ئەم ناوچەیە روویداوە، سەعدی پیرە گوتی: "ئەمە پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە، ئێمە لە کوردستانی باشووردا مێژوویێکی دوور و درێژمان لەگەڵ شیعەدا هەیە و لە سەنگەرێکدابووین دژی رژێمی بەعس و ژمارەیەکی زۆر لە شیعە و کورد بە دەستی رژێمی بەعس لەناوچوونە و شیعە و کورد لە زیندانەکان و ئاوارەیی و لە کاتی ناشتنی تەرمی شەهیدێکدا یەکتریان ناسیووە، بۆیە پەیوەندییەکانی ئێمە، پەیوەندیێکی مێژوویی کۆنە، بەڵام پەیوەندی ئێمە و سوننە، پەیوەندیێکی جوگرافییە و ئێمە ژینگەکەمان سوننییە و چوار دەورمان وەک مووسڵ و تکریت و رومادی و باکووری کەرکووک و بەشێکی پارێزگای دیالە کە ئەمە پەیوەندیێکی جوگرافییە و بۆیە دەبێ پەیوەندیمان لەگەڵ ئەواندا رێکبخەین و ئێمە نابێ هەر تاوانێک بەعس کردوویەتی لە رابردوودا یان ئەوەی ئێستا داعش دەیکا پێمان وابێ سوننە کردوویەتی، هێزی عێراق شکاوە و میلیشیای شیعە دروستکراوە بەناوی حەشدی شەعبی، ئەگەر لەجیاتی شەڕی داعش میلیشیای شیعە بێت هەر ماڵە سوونەیەک هەبێت ئازاریان بدا و ببێتە هۆی تێکدانی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە، ئەوا ئێمە ئەم کارە قبوڵ ناکەین، مەسەلەی خورماتوو ئەوەیە، ئەوان هاتوون بۆ سووتاندنی ماڵ و دوکانی سوننەکان و پێشمەرگەش لە بازگەکان رێگری لێکردوون و ئەوانیش نەوەستاون و شەڕ روویداوە، لە داهاتووشدا ئەوان نابێ بە کەیفی خۆیان خەڵک بگرن و بیانڕفێنن و دەبێ هەر یەکێک لەم میحوەرانە یەک فەرماندەی هەبێت و نابێت چەند فەرماندەیەک وجوودیان هەبێت".
سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران لەسەر بارودۆخی خورماتوو، بەو پێیەی ئێران و حەشدی شەعبی چوارچێوەی مەزهەبێک کۆیان دەکاتەوە، سەعدی پیرە گوتی: "بە دڵنیاییەوە ئێران حەز بە لاوازبوونی سەنگەرەکانی دژ بە داعش ناکات و بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکانی هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، دەبێتە هۆی لاوازبوونی سەنگەرەکانی دژ بەداعش".
news_share_descriptionsubscription_contact

