هەولێر
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هێمن هەورامی لە دیمانەیەكی دا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو پرسە سیاسییەکانی پەیوەندییدار بە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات و لەپەیوەندی لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایە لە نێوانی پارتەکەی و بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ: "هۆكاری سەرەكی ئەو تەنگەژەیە بزووتنەوەی گۆڕانە، ئەویش بەهۆی پابەند نەبوونی بەو رێككەوتنامەیەی كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كردبووی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانیان".
هێمن هەورامی لەو دیمانەیەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە, "پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕان و بەتایبەتیش لەلایەن یوسف محەمەدەوە بەكارهێنرا بۆ پەكخستنی پەرلەمان، بۆ پەكخستنی هاوسەنگی و سازان، ئەو سازانەی كە یوسف محەمەدی پێ بوو بە سەرۆكی پەرلەمان".
هەورامی هەڵوێستی فەرمی پارتەكەی سەبارەت بە سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان روون كردەوە و گوتی: "لەبەر ئەوەی گۆڕان پێشێلی رێككەوتنەكەی كرد، ئێمە رێككەوتنەكەمان هەڵوەشاندەوە و، یوسف محەمەدیش لەلای ئێمە سەرۆكی پەرلەمان نییە و، بە وەزیرەكانیشان گوتراوە كە نەچنە دەوام".
هێمن هەورامی ئاماژەشی بەوە كرد كە ئاراستەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دا بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە رێڕەوی راستەقینەی خۆیان ون كردەوە و گوتی: "ئێمە ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆین لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لایەنەكانی دیكە بۆ ئەوەی ئاراستەی سیاسی لە كوردستان راست بكەینەوە، چونكە گۆڕان ئاراستەی سیاسی لە كوردستان دا بەلاڕێدا بردووە".
بەگوتەی هێمن هەورامی پارتی نیگەرانە لە سیاسەتە دوو ئاراستەكەی بزووتنەوەی گۆڕان لەناو حكوومەتدا و دەڵێت: "ناكرێت بزووتنەوەی گۆڕان لەناو حكوومەتدا بن، بەڵام لە بارەگاكانیانەوە پلان دابڕێژن و سەرپەرشتی كۆمەڵێك كەس بكەن كە كاری توندوتیژی بەرانبەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن و خۆیان وەكو ئۆپۆزسیۆنێكیش بەرانبەر بە حكوومەت پێشان بدەن، بۆیە دەبێت ئەوانیش وەكو ئێمە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، ئەگەر ناتوانن ئەو بەرپرسیارێتیە لەگەڵ ئێمە هەڵگرن نابێت لەگەڵ ئێمەدا بن".
هێمن هەورامی روونیشی كردەوە كە لە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دا زۆرینەی دەسەڵات لای لایەنەكانی دیكەیە نەك پارتی دیموكراتی كوردستان و دەڵێت: "گۆڕان بەشێكە لە حكوومەت، ئێمە لە كۆی 23 وەزارەت تەنیا 5 وەزارەتمان هەیە، بەڵام گۆڕان و لایەنەكانی دیكە 16 وەزارەتیان هەیە، بۆیە زۆرینەی دەسەڵات ئەوانن".
سەبارەت بە توندوتیژییەكانی ئەم دواییەی پارێزگای سلێمانی هێمن هەورامی دەڵێت: "ئەو كارانەی كە گۆڕان دەی كات لە رێگەی توندوتیژییەوە، پارتی تێدا بووەتە قوربانی سەرەكی، چونكە دوو كادرمان شەهید بوون، شەش بارەگامان سووتاوە، 50 كادری ئێمە بریندارن، بۆیە گۆڕان بەو كارەی ستەمی لە پارتی كردووە لە پارێزگای سلێمانی".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەروەها ئاماژەش بەوەدەكات كە گۆڕان كێشەی لە پارێزگای سلێمانی لەبەر ئەوە درووست كردووە دەیەوێت ئەو توندوتیژانەی بێنێتە هەولێر و پارتی تووشی كاردانەوە بكات و دۆخی كوردستان تێك بچێت بۆ ئەوەی ئەوان بڵێن ئەوە پارتی بوو دۆخی كوردستانی تێكدا.
- "قەیرانی ئابووری هەرێمی کوردستان پەیوەندی بەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە"
دەربارەی قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و نیگەرانییەکانی خەڵک، هێمن هەورامی دەڵێت: "هەموو كەس دەزانێت كە دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان پەیوەندی بەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە و، بوودجە بە بڕیاری نوری مالكی بڕاوە و عەبادیش بەردەوامە لەسەر بڕینی و نرخی نەوتیش دابەزیوە، دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە كوردستان دا هەن، شەڕی داعش هەیە، بۆیە ئەوانەن كە دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستانیان تێكداوە".
سەبارەت بە دیدی وڵاتانی دەرەوە لەسەر ئەو بارودۆخەی لە هەرێمی كوردستان دا روویداوە هێمن هەورامی دەڵێت: "ئێمە لە رۆژی یەكەمی پەلاماردانی بارەگاكانمان پەیوەندیمان بە هەموو كۆنسوڵەكانەوە هەبووە لە هەولێر، بەردەوام زانیاریمان پێداون، بەڵگەمان پێداون لەسەر ئەوەی كە چۆن گۆڕان توندوتیژی بەكار دەهێنێت".
- "کۆنسولی وڵاتان ئامۆژگاری هێزەکانی سیاسی هەرێمیان کردووە"
هێمن هەورامی دەڵێت: "هەموو ئەو وڵاتانەی كۆنسوڵگەریان لە هەولێر هەیە بۆ ئێمەیان تەئكید كردەوە كە پشتیوانی خەڵكی كوردستانن، پشتیوانی سەقامگیری كوردستانن، پشتیوانی بەردەوامی پرۆسەی سیاسی كوردستانن، پشتیوانی كوردستانن لەشەڕی تیرۆریستی داعش، چونكە هەڕەشەی گەورەتر لەسەر كوردستان هەیە".
هێمن هەورامی هەروەها دەشڵێت: "ئەو وڵاتانە ئامۆژگاری هەموولایەكیان كردووە كە توندوتیژی بەرانبەر بە یەك بەكارنەهێنن و بگەڕێنەوە بۆ دیالۆگ، چونكە ئەوان هەرێمی كوردستان بە هاوپەیمانی تەواو لە شەڕی دژی داعش دەزانن و پێیان خۆشە كە هاوپەیمانەكەیان بەهێز بێت نەك بەهۆی ئەمەوە لاواز بێت".
- "بزووتنەوەی گۆڕان دەیویست ئاژاوەكە بێنێتە هەولێر"
رۆژی دووشەممەی رابردوو لە بازگەی (پردێ)ی نزیك شاری هەولێر ئاسایشی ئەو بازگەیە رێگەی نەدا، یوسف محەمەد بچێتە ناو شاری هەولێر و بەشداری كۆبووەوەی پەرلەمان بكات، سەبارەت بەو پرسەش هێمن هەورامی دەڵێت "لە هەنگاوی یەكەمی دا بزووتنەوەی گۆڕان دەیویست ئاژاوەكە بێنێتە هەولێر، پاشان لە سلێمانیش بەردەوامی پێ بدات، بۆیە بە وەزیرەكان وتراوە نەگەڕینەوە دەوام و، سەرۆكی پەرلەمانیش كە خۆی بەشێكە لە درووستكردنی ئەو كێشانە ئەویش بە تێكدانی تەوافوق، داوامان لێ كردووە نەیەتێتەوە هەولێر بۆ ئەوەی ئەو ئاژاوەیە نەیەتە هەولێر و لەگەڵ ئەوەیش دا ئەو ئاژاوەیە لە سلێمانیش نەمێنێت".
بەگوتەی هێمن هەورامی لە یەك دوو رۆژی رابردوودا هەست دەكەن جۆرێك لە ئارامی زیاتر لە سلێمانی و ناوچەكانی دیكەش هەیە و دەڵێت " هەموو بارەگاكانی خۆمان لە سلێمانی رادەستی پۆلیس كردووە بۆ ئەوەی بیانوو نەدەینە دەست ئاژاوە و تێكدەران پشێوی زیاتر بنێنەوە".
ئەو رەخنە لە بزووتنەوەی گۆڕان دەگرێت لەوەی كە نەیتوانیوە هاوكاربێت لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی دیكە بۆ ئەوەی كێشەكانی هەرێم چارەسەر بكرێن و گوتی: "بزووتنەوەی گۆڕان كە خاوەنی وەزیری دارایی و سەرۆكی پەرلەمان بوون دەبوایە لەگەڵ ئێمە بەشداربن لە چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكان، ئەوان هاتن لە 23ی حوزەیرانی رابردوو تەوافوقیان تێكدا و جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە كۆبوونەوەی 19ی مانگی ئابی رابردوو ساز بكرێت و كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكانیش هەر گۆڕان پەكی خست، بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان بەم جۆرە سیاسەت كردنەی ئیستای كێشەیە بۆ كۆی سیستەمی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دا".
هێمن هەورامی هیواخوازە كە بزووتنەوەی گۆڕان بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە لە بەشداری كردنی حكوومەتدا و دەڵێت: "ئێمە هیوادارین سەركردە عاقڵەكانی ناو گۆڕان، بزووتنەوەی گۆڕان لە پلانگێڕی سەركردە رقاویەكانی خۆیان رزگار بكەن و بگەڕێنەوە ناو پرۆسەی سیاسی".
لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەوڵانەی کە بە مەبەستی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان کە لەپاش رێگە نەدان بە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڕیارە لە سلێمانی بکرێ بەڵام هەتا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، هێمن هەورامی دەڵێت: "بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان، شوێنی كۆبوونەوەی پەرلەمان هەولێر و ناو باڵەخانەی پەرلەمانی كوردستانە، ئەگەر بڕیار بدرێت كە كۆبوونەوەكە لە شوێنێكی دیكە بكرێت، دەبێت لە كۆبوونەوەیەكی پێشووتردا پەرلەمان بڕیاری لێ بدات، پاشان دەتوانن لەو شوێنە كۆببنەوە، وەكو ئەوەی كە ساڵی رابردوودا كرا كە پەرلەمان لە هەڵەبجە كۆبوویەوە".
- "ناکۆکییەکان دوای ساڵی 2017 لە ناو پەرلەمان بە دەنگدان یەكلایی بكرێتەوە"
هێمن هەورامی جەخت لەسەر بێ متمانەیی حزبەكەی لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەكاتەوە و دەڵێت: "ئێمە ئێستا یوسف محەمەد بە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نازانین، یوسف محەمەد لە رێگەی تێكدانی تەوافوقەوە پەرلەمانی ئیفلیج كرد، چونكە ئەو پابەند نەبوو بە بڕیاری ئەنجوومەنی شوورا، دژی تەوافوق رێككەوتنەكەی كرد، رێژەیان تێكدا، نەیانتوانی بەدیلێكی باش بۆ پرۆژەی دەستوور بدۆزنەوە، بۆیە ئەوان خۆیان وایان كرد كە بارودۆخەكە بەو شێوەیە بگات".
هێمن هەورامی دەڵێت "پەرلەمان سێ ئەركی هەیە، ئەركی یەكەمیان دەركردنی یاسایە، ئەركی دووەمیان ئەركی چاودێری كردنی حكوومەت، ئەركی سێیەمیان شەرعیەت بەخشینە، پەرلەمانی كوردستان ئێستا هەر سێ دەسەڵاتەكەی خۆی ئیفلیج كردووە، بۆیە پەرلەمانی كوردستان ناتوانێت لە سلێمانی كۆببێتەوە".
سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمش هێمن هەورامی دەڵێت: "بەداخەوە بزووتنەوەی گۆڕان، بەدیاری كراویش یوسف محەمەد و رێكخەری گشتیان زۆر هەوڵیان دا كە ئەجیندایەك لە دەرەوەی سازان لەسەر پارتی بسەپێنن، بەوەی كە پێداگرییان لەسەر ئەوە دەكرد كە دەبێت سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتێكی تەشریفاتی هەبێت و لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، و لەسەرەتاوە تاكۆتایش لەسەر ئەو سیاسەتەی خۆیان سووربوون".
هەورامی هەروەها دەڵێت "لەسەرەتاوە تاوەكو ئێستا پارتی كراوە بووە بۆ هەموو سیناریۆیەك، بۆ هەموو ئەگەرێك و پارتی زیاد لە رێكارێكی دایە ئەو چوار لایەنە، ئێمە دەمانەوێت سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت و ئامادەین كە قسە لەسەر دەسەڵاتەكانی بكرێت و رێكبخرێنەوە، ئەگەر لەسەر ئەمە رازی نەبوون، لەگەڵ ئەوەین كە ریفراندۆم بكرێت و گەل بڕیار بدات بۆ ئەوەی كە سەرۆك لەلایەن گەلەوە هەڵبژیردرێت یان لەلایەن پەرلەمانەوە، ئەگەر ئەوەش نەكرا، ئەوە ئەو بابەتە بەجێ بهێڵین بۆ لیژنە 21 كەسیەكەی دەستوور، ئەگەر بەوەش رازی نەبوون، ئێمە ئەم بابەتە لە خولی ئایندەی پەرلەمان دا و لە دوای ساڵی 2017 لە ناو پەرلەمان بە دەنگدان یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام بەمەرجێك لە ئێستاوە ئەم بابەتە بكرێتە كەمپەینی هەڵبژاردن كە بڵێن پەرلەمانی ئایندە ئەم بابەتە یەكلایی دەكاتەوە بۆ ئەوەی جەماوەر دەنگ بەو لایەنە بدات كە سەرۆك بەداخوازی خۆی هەڵبژێرێت".
- "نەوشیروان مستەفا كە لە یەكێتیی جیابوویەوە لەسەر رێككەوتنی ستراتیجی یەكێتیی بوو لەگەڵ پارتی"
ئەندامەکەی سەرکردایەتی پارتی دیموکرات رەخنە لە بزووتنەوەی گۆڕان دەگرێت لەسەر ئەوەی كە ئەوان دەیانەوێت پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بە ویستی ئەوان یەكلایی بێتەوە و دەڵێت: "بەداخەوە پێداگری گۆڕان لەسەر ئەوەی كە دەبێت سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت و ئەگەر لەناو گەلیش هەڵبژێرێت دەبێت دەسەڵاتی نەبێت، ئەوە پێداگری بزووتنەوەی گۆڕان بوو كە كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی دوای نۆ كۆبوونەوە ئێمە گەڕاینەوە خاڵی یەكەم".
گوتیشی: "بزووتنەوەی گۆڕان دونیابینیەكی تایبەتی سیاسی هەیە، بەڵام خودی نەوشیروان مستەفا لەسەر بنەمای رق مامەڵە لەگەڵ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات".
هێمن هەورامی هەروەها دەڵێت "نەوشیروان مستەفا ساڵی (2005)یش كە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جیابوویەوە لەسەر رێككەوتنی ستراتیجی یەكێتیی بوو لەگەڵ پارتی، لەسەر پرسی رێكخستنی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بەدیاری كراوی".
هێمن هەورامی دەشڵێت "ئەوان باوەڕیان بەوە نییە و ناتوانن كە كاندیدان هەبێت و لە هەڵبژاردنەكاندا متمانەی گەلی كوردستان بەدەست بێنن و متمانەیان نییە كە خەڵكی كوردستان دەنگیان پێ بدات. ئەوان پێیان وایە كە لە هەر هەڵبژاردنێكی راستەوخۆدا كاندیدی پارتی لەناو گەل متمانەی پێ دەدرێت بۆیە دژی ئەوەن كە سەرۆكی هەرێم لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت و باوەڕیان بەوە نییە كە كاندیدیان هەبێت و دەزانن لە هەر هەڵبژادنێكی راستەوخۆ كەلەلایەن گەلەوە بێت بزووتنەوەی گۆڕان هەمیشە بەرانبەر پارتی دۆڕاو دەبێت".
لە كاتی درووست بوونی هەر قەیرانێك لە هەرێمی كوردستان، هاووڵاتییانی هەرێم ترسیان لەوە هەیە كە جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان بۆ دوو ئیدارەیی دابەش بكرێتەوە و زۆرجاریش لە راگەیاندنەكانەوە باس لەو پرسە دەكرێت. لەو بارەیەوە هێمن هەورامی گوتی: "پێمان وایە ئەوە سیاسەتێكی هەڵەیە، كوردستان هەرێمێكی جوگرافی یەكگرتووە، راستە لامەركەزی ئیدارییە، دەسەڵاتی پارێزگارەكان دەسەڵاتێكی تاڕادەیەك لامەركەزییە، بەڵام ئەوەی كە هەوڵێك هەبێت كە كوردستان پارچە بكات و بیكاتەوە دوو ئیدارە و دوو سیستەم دوو سەرچاوەی ئابووری هەبێت، ئەمە دژی خواستەكانی خەڵكی كوردستانە، دژی ئاسایشی نەتەوەیی كوردستانە".
- نیگەرانییەکان لە پەرەسەندنی ناکۆکییەکان و داهاتووی هەرێم
هێمن هەورامی هەوەرها دەڵێت "پارتی بە هەموو شێوەیەك دووئیدارەیی رەتدەكاتەوە، پارتی و جەنابی سەرۆك بارزانی ساڵی 2004 دژی فیدراڵی پارێزگاكان وەستانەوە بەوەی كە عێراق بكرێتە 18 پارێزگای فیدراڵ، دژی بریمەر و ئەنجوومەنی حكومیش وەستایەوە و رێگەی نەدا كوردستان بكرێتە سێ پارێزگا لە چوار چێوەی فیدراڵیەتدا، بۆیە پارتی ئێستاش رێگە نادات كوردستان بەرەو دوو ئیدارەیی بگەرێتەوە".
هێمن هەورامی پێی وایە كە لایەنەكانی دیكەی كوردستانیش لەگەڵ دوو ئیدارەیی نین و دەڵێت "نەك هەر پارتی بەڵكو یەكێتیش رێگەنادات، پێمان وایە یەكگرتوویش رێگەنادات، پێمان وایە كە كۆمەڵیش رێگە نادات، و پێمان وایە كە خەڵكێكی دڵسۆزیش لەناو بزووتنەوەی گۆڕان هەیە كە نایەوێت هەرێمی كوردستان بۆ دوو ئیدارەیی بگەرێتەوە".
سەبارەت بە دیدی وڵاتانی دیكە لەسەر درووست بوونی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان هێمن هەورامی دەڵێت "ئەمڕۆ كۆبوونەوەم هەبووە لەگەڵ كۆنسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر، بەڵام تاكو ئێستا ئەم بابەتە باس نەكراوە، چونكە هیچ لایەك بە فەرمی داوای نەكردووە كە كوردستان بەرەو دوو ئیدارەیی بڕوات، بڕوا ناكەم كە هیچ لایەنێك جورئەتی ئەوەی هەبێت كە كوردستان پارچە پارچە بكات، چونكە پارچە پارچەكردنی كوردستان واتە پاشەكشەپێكردنی دۆزی كورد بۆ چەند ساڵی ئایندە".
هێمن هەورامی باس لە چەند سیناریۆیەك دەكات بۆ بەرێوەبردنی هەرێمی كوردستان لە پاش دوورخستنەوەی گۆڕان لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی هەرێم و دەڵێت "هەڵبژاردنی پێشوەخت یەكێك لە سیناریۆكانە، لەگەڵ لایەنەكانی دیكە لە گفتوگۆداین، لەگەڵ یەكێتی گفتوگۆ دەكەین و یەكێتی و لایەنەكانی دیكەیش گفتوگۆیان كردووە و ئەم گفتوگۆیانەش بەردەوام دەبن كە چۆن پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان راست بكەینەوە، چونكە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان گۆڕان وسەرۆكی پەرلەمان بەلارێیاندا برد و سازانیان تێكدا".
لێپرسراوی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت "چۆن هەوڵ بدەین بگەڕێینەوە بۆ رێككەوتنەكان، ئەمەش بەوە دەكرێت ئەو سێ لایەنەی كە ماون لەناو حكوومەتدا كە ئایا بەبێ گۆڕان بەردەوام دەبین لەسەر حكوومەت، ئەمە یەكێك لە بژاردەكانی ئێمە، ئەگەر بەردەوام نەبووین یەكێك لە بژاردەكانی دیكەی ئێمە ئەوەیە كە حكوومەتی هەرێم بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن رێك بخەینەوە، بەپێی ئەو هاوپەیمانێتیە تازانەی كە دەكرێت، ئەگەر لەوەیش نەكەوتینە رێككەوتن زۆر ئاساییە كە پەرلەمانی كوردستان هەڵوەشێتەوە و حكوومەتی هەرێم دەست لە كار بكێشێتەوە و حكوومەتێكی كاربەرێكەر دروست بكرێت و ماوە بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە دابنرێت".
هێمن هەورامی هیوایشی خواست كە سیاسەتە هەڵەكانی گۆڕان وا نەكات كە پارتی ناچار بكات بە رێككەوتنەكانی وەرگرتنی پۆستەكانی بەغداشدا بچێتەوە و دەڵێت: "بەغدا مەسەلەیەكی نەتەوەییە، ئێمە چەندینجاریش وەكو پارتی داوامان كردووە كە ئەگەر لەنێوخۆی كوردستان كورد كێشەوگرفتی نێوخۆیی هەبێت، با كاریگەری لەسەر ئێمە و بەغدا دانەنێت، ئێمە دەمانەوێت وەكو كوتلەكانی كوردستانی لە چوارچێوەی یەك سیاسەتی یەكگرتوودا مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكەین، چونكە لەوێ ناكرێت حزبایەتی بكرێت، لەوێ دەبێت نوێنەرایەتی گەلی كوردستان بكرێت. لەوێ كۆمەڵێك بابەتی تایبەت بە كوردستان پیشنیازكراوە، بۆیە دەبێت لە سیاسەتی دەرەوەی هەرێم بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەر بۆ دۆزی كورد لە پارچەكانی دیكەی كوردستان دا، ئەگەر لەنێوخۆی كوردستانیش ناكۆك بین، دەبێت سیاسەتێكی هاوبەشمان هەبێت، بۆیە هیوادارین گۆڕان وامان لێ نەكات كە كاریگەری لەسەر ئەو پرۆسەیە لە بەغداش دابنێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

